ئیمارات وردەکاریی نوێ لەسەر ڕووداوی فڕۆکەکەی فلای دوبەی ئاشکرا دەکات

بەهزاد ئەحمەد 6 کاتژمێر پێش ئێستا

پووختەی هەواڵەکە

  • ئیمارات: تۆمەتباری ڕووداوەکەی فلای دوبەی دانی بە تاوانەکەیدا ناو
  • ئیمارات: تۆمەتبار ویستوویەتی فڕۆکەکە بە تێڕمیناڵی فڕۆکەخانەی تەلئەڤیڤدا بکێشێت

داواکاری گشتیی ئیمارات وردەکاریی نوێی لەسەر ڕووداوی فڕۆکەکەی فلای دوبەی ئاشکرا کرد، ئاماژەی بەوەکردووە کە فڕۆکەوانە عومانییەکە پلانی پێشوەختەی هەبووە بۆ دەستبەسەرداگرتنی فڕۆکەکە و بەکارهێنانی وەک ئامانجێکی خۆکوژی، ئەوەش لە ڕێگەی پیاکێشان بە تێڕمیناڵی فڕۆکەخانەی بن گوریۆن لە تەلئەڤیڤ، تۆمەتبارەکە بە ئامادەبوونی پارێزەرەکەی دانی بە تاوانەکەدا ناوە و  وردەکارییەکانی باس کردووە.


حەمەد سەیف ئەلشەمسی، داواکاری گشتیی ئیمارات:

  • لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە یاریدەدەری کاپتنی فڕۆکەکە، کە فڕۆکەوانێکی تەمەن 29 ساڵی خەڵکی عومانە، "پلانێکی پێشوەختەی داڕشتووە بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی تیرۆریستی".
  •  ئامانجی لێی دەستبەسەرداگرتنی فڕۆکەکە و تەقاندنەوەی بووە بە تێرمیناڵی سەرنشیناندا لە فڕۆکەخانەی بن گوریۆن لە تەلئەڤیڤ، بە مەبەستی ئەوەی زۆرترین زیانی گیانیی لێبکەوێتەوە.
  • لە ساڵی 2017ەوە نیشانەی توندڕەوی لە کەسایەتیی  تۆمەتبارەکەدا دەرکەوتووە.
  • تۆمەتبارەکە لە ئوسترالیا سەرقاڵی خوێندن بووە، کە کاریگەریی ڕێکخراوە توندڕەوەکانی لەسەر بووە و بە ئۆنلاین نووسینەکانیانی خوێندووەتەوە و گوێی لە وتارەکان گرتووە، دواتر ئەم کاریگەرییە پەرەی سەندووە بۆ بیرۆکەی توندوتیژی و تیرۆر؛ ئیلهامی لە هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەر وەرگرتووە، ئەو بیرۆکەیەی بۆ درووست بووە کە هێرشێکی هاوشێوە لە ڕێگەی ڕفاندنی فڕۆکەوە بکات، ئەمەش لە دانپێدانانەکانیدا ئاماژەی پێکردووە.

ڕاھێنانی کردووە بۆ کارەکە

هەروەک لە دانپێدانانەکاندا هاتووە، کە لە ماوەی خوێندنیدا لە ئوسترالیا هاتوچۆی مزگەوتێکی کردووە لە پەیمانگای تەکنەلۆجیای شاهانەی مێلبۆرن و لەو مزگەوتەش چەند کەسێکی ناسیووە، لەناویاندا پیاوێکی لوبنانی کە بە 'ئەبو حەمزە' ناسراوە، لە ڕێگەی ئەم کەسەوە پەیوەندیی بە ئیخوان موسلیمینەوە کردووە. بە گوێرەی قسەکانی تۆمەتبارەکە لەوکاتەوە لەڕووی دەروونییەوە خۆی بۆ پلانەکەی ئامادەکردووە، ئەوەش لەڕێگەی گوێگرتن و خوێندنەوەی ئەو بابەتابەی هاندەرن بۆ کاری لەوشێوە، لەڕووی جەستەیشەوە ڕاهێنانی بۆکسێن لەگەڵ ڕاهێنەرێکی تایبەتدا کردووە.

لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە، دوای ئەوەی تۆمەتبارەکە پەیوەندی بە فلای دوبەیەوە کردووە، داوایکردووە لە گەشتەکاندا بۆ تەلئەڤیڤ کاربکات، پێشتر لە دوو گەشتی تەلئەڤیڤدا فڕۆکەوان بووە و سوودی لەمە وەرگرتووە بۆ گەڕان بەدوای ڕێڕەوی فڕین وەک ئامادەکارییەک بۆ پلانەکەی، پێش ئەوەی لە 30ی ئەیلوولی 2026 هەوڵی جێبەجێکردنی بدات.

بە تەور هێرشی کردووە

داواکاری گشتیی ئیمارات دەڵێت: لە ڕۆژی ڕووداوەکەدا، تۆمەتبارەکە فڕۆکەوانە هیندییەکەی تووشی سەرسوڕمان کردووە، کاتێک لەناو کابینەی کۆنتڕۆڵی فڕۆکەکەدا لە ڕێگەی تەوری فریاکەوتنەکەوە هێرشی کردووەتە سەر؛ بەڵام فڕۆکەوانەکە بەرەنگاری بووەتەوە و هەوڵیداوە داوای هاوکاری بکات.

لەم نێوەندەدا، فڕۆکەوانی گەشتی گەڕانەوەی فڕۆکەکە، کە بەڕێکەوت لە نزیک کابینەی فڕۆکەکە بووە، سەرنجی دەرگای کابینەکە دەدات، چەندینجار دەکرێتەوە و دادەخرێت؛ بە گومانەوە نزیکدەبێتەوە و لە رێگەی کۆدی ئەمنیی تایبەتەوە دەچێتە ژوورەوە، دەبینێت تۆمەتبارەکە هێرش دەکاتە سەر فڕۆکەوانەکە، بە هاوکاری ئەندامێکی تیمی کابینەکە و چەند سەرنشینێک، فڕۆکەوانەکە بە برینداری لە ژێر دەستی دەردەهێنن و ڕزگاری دەکەن و تۆمەتبارەکەش دەگرن و دەیبەستنەوە، ئیدی لێرەوە فڕۆکەوانی گەشتی گەڕانەوەی فڕۆکەکە و یارمەتیدەرەکەی کۆنترۆڵی فڕۆکەکە دەکەن و ڕێڕەوەکەی دەگۆڕن و بە سەلامەتی لە فڕۆکەخانەی تەبوک لە سعودیە دەنیشنەوە.

دانی بە تاوانەکەیدا ناوە

بە گوێرەی قسەکانی داواکاری گشتی، تۆمەتبارەکە، بە ئامادەبوونی پارێزەرەکەی، دانپێدانانێکی وردی سەبارەت بە پاڵنەرەکان و قۆناغەکانی پلاندانان و جێبەجێکردنی پلانەکەی پێشکەش کردووە، باسی لەوەش کردووە کە بە تەنیا مامەڵەی کردووە، بەبێ ئەوەی کەسانی دیکە تێوەگلابن لە پلانەکەیدا، هەروەها داواکاری گشتی گوێی لە قسەی فڕۆکەوانەکە و فڕۆکەوانی گەشتی گەڕانەوە و یاریدەدەرەکەی و ئەندامانی تیمی فڕۆکەوانی گرتووە، سەرجەم پشکنینەکانی پزیشکی دادوەری ئەنجامدراون و لەگەڵ قسەکان و باردودۆخی هێرشەکەدا یەکیان گرتووەتەوە.

سەبارەت بە ژیانی کارکردنی تۆمەتبارەکە، لە هێڵە ئاسمانییە جیاوازەکان و لە وڵاتە جیاوازەکان کاریکردووە، لە ساڵی 2020 تاوەکو 2024 لە هێڵی ئاسمانیی عومانی کاریکردووە، لە سەرەتای ساڵی 2025 پەیوەندیی بە هێڵی ئاسمانیی شاهانەی مەغریبەوە کردووە، ماوەی چەند مانگێک لەوێ کاریکردووە، دواتر لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ ڕووی لە فلای دوبەی کردووە.

بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکان، تۆمەتبارەکە سەرجەم مەرجەکانی کارکردنی لە فلای دوبەی تێدابووە، هەموو مەرجەکانی دامەزراندنی پیشەیی و ئەمنیی هەبووە، لەوانە مۆڵەتی فڕۆکەوانی، بڕوانامەی هەڵسوکەوتی باش و دەرچوون لە پشکنینی پزیشکیی پێویست، هەروەک هیچ ئاماژەیەک بۆ بوونی بۆچوونی توندڕەوانە یان بیروبڕوای توندڕەویی تێدا دەرنەکەوتووە.

زانیاریی زیاتر بۆ تۆ

بنیامین نەتانیاهوو زانیاریی نوێ لەبارەی ڕووداوی فڕۆکەکەی فلای دوبەی ئاشکرا دەکات

بەهزاد ئەحمەد

6 کاتژمێر پێش ئێستا