لە پیرۆ هیتلەر مۆسۆلینی بوو بە سەرۆکی شارەوانی

بەهزاد ئەحمەد 1 کاتژمێر پێش ئێستا

پووختەى هەواڵەکە

  • لە وڵاتانى ئەمریکاى لاتین ناونانى منداڵ بەناوى دیکتاتۆرەکان باوە.
  • بەشێک لە خەڵک ناوى منداڵەکانیان بەناوى هیتلەر، سەدام و بن لادن دەنێن.
  • کەسێک کە ناوى هیتلەر و مۆسۆلینی هەڵگرتبوو لە هەڵبژاردندا بردییەوە.

لە ڕووداوێکی سەیردا کەسێک بەناوی هیتلەر مۆسۆلینی سیمیۆن فلۆریس، لەسەر لیستی چەپەکان بوو بە سەرۆکی شارەوانی لە پیرۆ، سەرنجڕاکێشیی ئەم بابەتە بۆ پۆستەکە ناگەڕێتەوە، بەڵکو سەیر و سەمەرەیی ناوەکەیەتی کە هیتلەر و مۆسۆلۆنییە، ئەو دوو سەرکردەیەی ئەڵمانیا و ئیتاڵیا کە لە مێژوودا بە دوو سیمبولی دیکتاتۆرییەت ناسراون.


زانیارییەکان لەبارەى هیتلەر مۆسۆلۆنییەکەى پیرۆ:

  • بووەتە سەرۆکی شارەوانیی کوێرۆپالکا لە بناری چیای ئەندێس.
  • بەربژێری بزووتنەوەی چەپی "ئاهۆرا ناسیۆن" بووە.
  • توانیویەتی 229 دەنگ بەدەستبهێنێت.
  • ڕکابەرە ڕاستڕەوەکەی، لە کۆی 663 دەنگ، 204 دەنگی بەدەستهێناوە.
  • هیتلەر، خاوەنی کۆمپانیای گواستنەوەیە و تەمەنی 45 ساڵە.
  • لە سەرەتاى ساڵی نوێوە بە فەرمی ئەرکەکانی وەک سەرۆکی شارەوانی دەستپێدەکات.

خۆى چەپە و ناوى سەرکردە ڕاستڕەوەکانى هەیە

ئەوەی جێگەی سەرنجە، ئەم کەسە خۆی بەربژێری پارتێکی چەپە ناوی 'ئەدۆلف هیتلەر'ـی سەرکردەی نازیی ئەڵمانییە، باوکیشی ناوی 'بێنیتۆ مۆسۆلینی' سەرکردەی فاشیستی ئیتاڵیی هەڵگرتووە، کە ئەمانەش دوو لە دیارترین سەرکردە ڕاستڕەوەکانی ئەورووپا بوون لەکاتی جەنگی جیهانی دووەمدا.

ناوى دیکتاتۆرەکان لە ئەمریکا لاتین

ئێستا کە بەکارهێنانی ناوی "هیتلەر" لە ئەڵمانیا قەدەغەیە، لە ئیتالیاش "موسۆلینی" قەدەغەیە، بەڵام ئەم ناوانە لە ئەمریکای لاتین باون، بە تایبەتی لە ناوچە گوندنشینەکان، خەڵکی منداڵەکانیان بەناوی کەسایەتییە مێژووییەکانی وەک "هیتلەر، لینین، ستالین و ماو" ناودەنێن.

تەنانەت لە پیرۆ ناونانی منداڵ بە ناوی سەدام حوسێن، دیکتاتۆری عێراقیشەوە خەریکە دەبێت بە باو، هەروەها بە ناوی ئوسامە بن لادن، سەرۆکی پێشووترى ڕێکخراوی ئەلقاعیدەشەوە منداڵ ناونراوە، یەکێک لە نموونە هەرە دیارەکان کە لە میدیا جیهانییەکاندا دەنگدانەوەی هەبوو، یاریزانێکی تۆپی پێی لاوانی پیرۆ بوو بە ناوی "ئوسامە بن لادن جیمینێز لۆپێس".

باوکی ئەم یاریزانە منداڵێکی دیکەی ناونابوو "سەدام حوسێن"، تەنانەت ویستوویەتی ناوی منداڵی سێیەمی بنێت "جۆرج بوش" بەڵام بەهۆی ئەوەی کچ بووە ناوەکەی گۆڕیوە!

بەهزاد ئەحمەد

1 کاتژمێر پێش ئێستا