سەردانەکەی ڕوبیۆ بۆ یۆنان هەواڵی ناخۆشی بۆ تورکیا پێبوو
پووختەى هەواڵەکە:
- ئەمریکا بەپێچەوانەى خواستى تورکیا پەیوەندییەکانى لەگەڵ یۆنان بەهێزتر دەکات.
- لە بوارى بەرگریدا گرێبەست واژۆ دەکەن و فرۆشتنى فڕۆکەى F-35ـیش بە تورکیا مەرجدار دەکات.
- هاوکات لەگەڵ پشتیوانییەکانى ئەمریکا، یۆنان سوپاکەى بەهێزتر دەکات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چوارچێوەی لووتکەی ناتۆدا کە لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا لە مانگی تەمموزدا بەڕێوەچوو، بەڵێنی ڕادەستکردنی فڕۆکەی جەنگیی F-35ـی بە تورکیا دا، بەڵام مارکۆ ڕوبیۆ لە ئەسینای پایتەختی یۆنانەوە تورکیای لەو خەوە خۆشە خەبەرکردەوە. جگە لەمە، واشنتن و ئەسینا بە بڕی چوار ملیار دۆلار ڕێککەوتننامەیەکی بەرگرییان واژۆکرد.
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ئەسینا چى گوت؟
- ستایشی یۆنان دەکەم ھاوبەشێکی بەھێز و نموونەیی ناتۆیە کە ناتوانین دەستبەرداری ببین.
- بێگومان هێشتا ساڵانێکی زۆر زۆر ماوە بۆ ڕادەستکردنی فڕۆکە F-35ـەکان بە تورکیا.
- ڕاستگۆیانە بڵێین، تاوەکو مەرجەکان جێبەجێ نەکرێن، فڕۆکەکان ڕادەستناکرێن.
- تورکیا لەم بابەتە ئاگادار کراوەتەوە و بۆچوونم وایە هەوڵدەدەن ڕێگەچارەیەک بدۆزنەوە.
- بابەتەکە پەیوەندیى بە سیستمی S-400. هەیە، واتە تاوەکو ئەم ساتە ئەم کێشەیە چارەسەر نەکراوە.
- لە ڕووی یاساییەوە ناتوانین فڕۆکەیان ڕادەست بکەین تاوەکو ئەو کاتەی کێشەکە چارەسەر نەکرێت.
قووڵکردنەوەى پەیوەندى لەگەڵ یۆنان
هاوکات لەگەڵ درێژەدان بە سزاکانی کاتسا لە دژی تورکیا، وەک هاوپەیمانێکی ناتۆ، ئەمریکا بەردەوامە لە قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی لە بواری بەرگریدا لەگەڵ یۆنان.
لەمیانی سەردانەکەی ڕوبیۆدا، حکومەتی یۆنان لەگەڵ ئەمریکا لەسەر نوێکردنەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی F-16 و کڕینی مووشەک ڕێککەوت.
زانیاریى لەبارەى گرێبەستى ئەمریکا و یۆنان:
- دابینکردنی مووشەک، بۆمبی نوێ و پێشکەوتوو بۆ فڕۆکە جەنگییەکانی F-16 لە جۆری ڤایپەر و F-35 و هێلیکۆپتەرەکان و نوێکردنەوەی F-16ـە کۆنەکان بۆ وەشانی ڤایپەر دەگرێتەوە.
- قەبارەى گرێبەستەکە چوار ملیار دۆلار کە بە ئەمریکا دەدرێت.
یۆنان پێشتر چى کردووە؟
بودجەیەکی بە بڕی نزیکەی 28 ملیار یۆرۆ بۆ کڕینی 20 فڕۆکەی جەنگیی F-16ـی دروستکراوی ئەمریکا و 35 هێلیکۆپتەری سایکۆرسکی بلاک هۆک UH-60M و بونیادنانی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی فرەچین کە چەکی دروستکراوی ئیسرائیلی تێدا بەکاردێت، تەرخان کردبوو.
ئێستا خوازیارە نزیکەی 82 فڕۆکەی F-16ـی وڵاتەکە بۆ وەشانی ڤایپەر نوێبکاتەوە.
پاش تێپەڕاندنی قەیرانی قەرزی 2009-2018 و سیاسەتەکانی پاشەکەوتکردن، یۆنان بەردەوامە لەو هەڵمەتەی بۆ نوێکردنەوەی سوپا دەستیپێکردووە.
یۆنان نزیکەی 3.5%ـی کۆی بودجەى بەرهەمی ناوخۆیی بۆ کەرتی بەرگریی خەرج دەکات. ئەم ڕێژەیە لە خەرجیی زۆرێک لە وڵاتانی ناتۆ بۆ بەرگریی زیاترە.
1 کاتژمێر پێش ئێستا