پاش دواخستنی بەهۆی نرخی دینارەوە؛ ڕۆژی دووشەممە دەنگ لەسەر تەواوکردنی کابینەکەی زەیدی دەدرێت
پووختەی هەواڵەکە
- دیلان غەفوور دەڵێت ، دووشەممە دەنگدان بۆ تەواوکردنى کابینەکەى عەلى زەیدى بەڕێوەدەچێت.
- بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8، پارتى دیموکراتى کوردستان، ڕژدە لەسەر بەربژێرکردنی ڕێباز حەملان بۆ پۆستی وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە.
دیلان غەفوور، ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، ڕایگەیاند، "هەرچەندە تاوەکو ئێستا بەرنامەى کارى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق دانەنراوە، بەڵام زانیارییمان پێگەیشتووە، کە ڕۆژى دووشەممە 12ـى تشرینى یەکەم دیاریکراوە بۆ کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى نوێنەران بە مەبەستی دەنگدان لەسەر بەربژێرى وەزیرەکان".
بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8:
- پارتى دیموکراتى کوردستان، ڕژدە لەسەر بەربژێرکردنی ڕێباز حەملان بۆ پۆستی وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن.
- پارتی دیموکراتی کوردستان بەنگین ڕێکانى بۆ جێگرى سەرۆکوەزیران بەربژێر کردووە.
پێشتریش پارتی ڕێباز حەملانی بۆ پۆستی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بەربژێر کردبوو بەڵام لە کاتی دەنگدان بە کابینەکەی زەیدی لە 14ـی ئایار، بەربژێرەکەی پارتی دەنگی پێویستی بەدەستنەهێنا بۆ بوونە وەزیر.
نۆ وەزارەت پڕدەکرێنەوە
ڕۆژى 14ـى ئایارى ئەمساڵ، عەلى زەیدى وەک سەرۆک وەزیرانى نوێى عێراق دەستبەکاربوو، هاوکات 14 وەزیرى کابینەکەى دەنگى پێویستى ئەنجوومەنى نوێنەرانیان بەدەستهێنا. بەڵام 9 وەزارەتى دیکە بەربژێرەکان دەنگى پێویستیان بەدەستنەهێنا، هەروەها ئێستا باس لە دروستکردنی چەند وەزارەتێکی دیکە دەکرێن لەناویاندا وەزارەتی ژیریی دەستکرد.
ئەو وەزارەتانەى تاوەکو ئێستا پڕنەکراونەتەوە، بریتین لە؛ ( خوێندنى باڵا، بەرگرى، ناوخۆ، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، وەرزش و لاوان، پلاندانان، کۆچ و کۆچبەران، گەشتوگوزار، ڕۆشنبیرى و گواستنەوە".
شەش مانگ تێپەڕی
دیارىکردنى ڕۆژى دەنگدان بۆ تەواوکردنى کابینە وزارییەکەى حکومەتى عێراق لەکاتێکدایە، کە تەمەنی کابینەکەی عەلى زەیدى نزیک دەبێتەوە لە شەش مانگ.
بڕیاربوو ڕۆژی پێنجشەممە، دەنگدان بۆ تەواوکردنی پێکهاتەی کابینەکەی زەیدی لە ئەنجوومەنی نوێنەران بەڕێوەبچێت بەڵام لە ترسی دروستبوونی پشێوی لە کاتی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە بەهۆی دەستکاریکردنی بەهای دینار، دانیشتنەکە نەکرا.
زانیاریی نوێ بۆ تۆ
1 کاتژمێر پێش ئێستا