لە هیندستان "سیسرکەکان" بانگەشە بۆ خۆپیشاندان دەکەن
پووختەی هەواڵەکە
- حکومەت ڕێکاری تووندی دژ بە خۆپیشاندان لە هیندستان گرتووەتەبەر
- پۆلیسی هیندستان ڕێکاری تووندی لە نیودەلهی گرتووەتەبەر بۆ ڕێگری لە یەکێک لە گەورەترین خۆپیشاندانەکانی بزووتنەوەی گەنجان ناسراو بە "سیسرکەکان " دەکات.
پۆلیسی هیندستان بە دەیان خۆپیشاندەر لە نیودەلهی دەستگیردەکات و بە هەزاران ئەندامی هێزی ئەمنیش لە پایتەختی ئەو وڵاتە بڵاوەپێدەکات، وێستگەی میترۆ و پاس و خەتی ئینتەرنێت لە ترسی داواکاریی بزووتنەوەیەکی گەنجان بۆ خۆپیشاندان دادەخات.
سیسرکەکان کێن؟
بزووتنەوەی کۆکۆرەچ یاخود سیسرکەکان، ڕەخنە لە تۆماری دەنگدەری وڵاتەکەی دەگرێت و دەڵێت، لە بەرژەوەندیی پارتی سەرۆکوەزیران، نارێندرا مۆندی، دانراوە و ناوی دەنگدەرانی ئەوان لە تۆمارەکەدا سڕاوەتەوە، هەر بۆیە بانگەشەی دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانییان کرد.
دیمەنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەریخستووە، پۆلیس بە دوای ئەندامەکانی بزووتنەوەی سیسرکەوەیە، سەرچاوەیێکیش بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی گوتووە، نزیکەی 200 خۆپیشاندەر لە ناوچەکانی نیودەلهی دەستگیرکراون.
لە دەروازەکانی نیودەلهیش ڕێکاری تووند گیراوەتەبەر و ئۆتۆمبێلەکان پشکنینیان بۆ دەکرێت، هێزی چالاکییە مەدەنییەکانیش، بە گازی فرمێسک ڕێژەوە ئامادە کراون.
"ڕزگارکردنی دیموکراسییەت"
بزووتنەوەی سیسرکەکان ئاشکرایکردووە، ئامانجی گردبوونەوەکان ڕزگارکردنی دیموکراسییەتە و هەوڵدەدات یەکێک لە گەورەترین خۆپیشاندانەکان لەسەر ناکۆکییەکانیان لەبارەی تۆماری دەنگدەر ڕێکبخەن.
بەگوێرەی ئاماری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان، یەکەم پێداچوونەوە بە تۆمارەکاندا وای کردووە نزیکەی 130 ملیۆن ناو لە تۆمارەکان بسڕێنەوە، لە ناویاندا 63 ملیۆن کەس هەیە کە چوونەتە ناوچەی دیکە بۆ ژیان، 30 ملیۆن کەس کە نادۆزرێنەوە و 28 ملیۆن کەسیش کە گیانیانلەدەستداوە، ناویان یاریی پێوە کراوە، بەگوێرەی کۆمیسیۆن هێشتا پێداچوونەوەکە ماوە و تەواو نەبووە، ئەگەر کەسێکیش بە هەڵە ناوی سڕابێتەوە، ئەوا دووبارە ناویان دەنووسرێتەوە.
1 کاتژمێر پێش ئێستا