ئەترووشی: پلانێک هەیە بۆ تێکدانی هەرێمی کوردستان و کێشەی بودجەش سیاسییە
پووختەی هەواڵەکە
- جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، ئەوەی بە سەربازی نەتوانراوە بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان بکرێت، ئێستا بە فشاری ئابووری بەرامبەری دەکرێت.
- فەرهاد ئەترووشی ڕاشیگەیاند، پلانێک بۆ تێکدانی قەوارەی هەرێمی کوردستان لەئارادایە.
فەرهاد ئەترووشی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە میانەی بەشداریکردنی لە بوڵتەنی کەناڵ8 ڕایگەیاند، لە بەغداد پێی ڕاگەیەندراوە کە پێویستە کێشەی بودجە لە ڕووی سیاسییەوە چارەسەر بکرێت. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوەی لە ڕابردوودا بە ڕێکاری سەربازی بەرامبەر بە کورد نەکراوە، ئێستا لە ڕێگەی بڕینی داراییەوە هەوڵی جێبەجێکردنی دەدرێت، و وەک کوردێک جەختی کردەوە ، کە پلانێک بۆ تێکدانی قەوارەی هەرێمی کوردستان لەئارادایە.
سەبارەت بە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان،
- ئەترووشی ئاشکرای کرد، کە 12 تریلیۆن دینار قەرز بەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستاندا سەپێنراوە.
- لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان تەنیا داوای مافی شەرعی خۆی کردووە کە 29 تریلیۆن دینارە.
- بە نووسراوی فەرمی پێشنیازی ڕادەستکردنی نەوتیان کردووە لە بەرامبەر دابینکردنی بەنزین و نەوتی سپی، بەڵام بەغداد ڕازی نەبووە.
- داوای جیاکردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا بە شێوەیەکی فەرمی هیچ هەنگاوێک بۆ دامەزراندنی نوێ نەنراوە.
جیاوازی لەنێوان هەرێمی کوردستان شارەکانی دیکە
لە کۆتاییدا ئەترووشی ئاماژەی بە پرسی سەرژمێری و سیاسەتی دەرەوەی دارایی کرد و وتی، تەنیا لە کوردستان ناوی هاووڵاتیانی شارەکانی دیکەی عێراق دەرهێنراوە بە مەبەستی کەمکردنەوەی ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم. هاوکات باسی لەوەش کرد کە ئێستا کاری سەرەکی سەرۆکوەزیرانی عێراق تەواوکردنی کابینە وەزارییەکەیەتی، لە کاتێکدا سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام لەسەر هێڵن بۆ چارەسەرکردنی پرسی بودجە.
1 کاتژمێر پێش ئێستا