قوباد تاڵەبانی لە زانکۆی کۆیە: پشتگیری لە پڕۆژە داهێنەرەکان و پاراستنی ژینگە دەکەین

ئامێز عەباس 2 کاتژمێر پێش ئێستا
•	قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لە زانکۆی کۆیە
• قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لە زانکۆی کۆیە

پووختەی هەواڵەکە

  • قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران سەردانی قەزای کۆیەی کرد.
  • لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەیدا زانکۆی کۆیەی بەسەرکردەوە و لەگەڵ سەرۆک و ئەنجوومەنی زانکۆ کۆبووەوە.
  • قوباد تاڵەبانی ڕاگەیاند، پشتگیری لە پڕۆژە داهێنەرەکان و پاراستنی ژینگە دەکەین

لە دەستپێکی سەردانەکەیدا قوباد تاڵەبانی، بەردی بناغەی پارکی"بەردی بناغە"ی لە هەواری زانکۆی کۆیە دانا کە بەبۆنەی یادی ٢٣ ساڵەی دامەزراندنی زانکۆکە بە هاوکاری دامەزراوەی سەرۆک مام جەلال دروست دەکرێت.


جێگری سەرۆکوەزیران لەگەڵ سەرۆک و ئەنجوومەنی زانکۆکە کۆبووەوە. سەرۆکایەتی زانکۆی کۆیە سوپاسی پشتیوانییە بەردەوامەکانی قوباد تاڵەبانیان کرد بۆ پێشخستنی زانکۆکە و بە تایبەتیش کە لەم دوایانەدا پاسی کارەبایی بۆ زانکۆ دابین کردووە.

پڕۆژە ناوازەکان

قوباد تاڵەبانیش لە کۆبوونەوەکەدا دڵخۆشی خۆی دەربڕی بەوەی هەر کاتێک سەردانی زانکۆی کۆیە دەکات گۆڕانکاری و پێشکەوتنی نوێ دەبینێت. دەستخۆشیشی لە سەرۆکایەتی زانکۆ و مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆکە کرد بۆ داهێنان و هەوڵە بەردەوامەکانیان بۆ خزمەتکردنی ژینگە. داواشیکرد، ئەو پڕۆژانەی هەیانە لە بوارەکانی ریسایکلین و بەکارهێنانی وزەی پاک و دابینکردنی کارەبا لە وزەی خۆر، زیاتر پەرەی پێ بدەن بۆ ئەوەی لە شارەکانی دیکەی کوردستان و عێراق سوودی لێ وەربگیرێت.

بەڵێنیشی پێدان بۆ لەمەودواش پشتیوانی هەموو هەوڵێک دەکات بۆ پێشخستنی زیاتری زانکۆی کۆیە، بە تایبەتیش پشتگیری لە پڕۆژە داهێنەرانەکانیان دەکات.

ئامێز عەباس

2 کاتژمێر پێش ئێستا