تەماتە بوو بە بار بەسەر جووتیارانەوە
پووختەى هەواڵەکە:
- تەماتەى خۆمانە بازاڕی نییە و جووتیاران بۆیان ساغ ناکرێتەوە.
- بەشێک لە جووتیاران بەرهەمی ئەمساڵیان فڕێ دەدەن.
- کارگەى دۆشاوى تەماتەى شارەزوور بە هاناى جووتیارانەوە دەچێت.
ئەوەی بەسەر جووتیاراندا هاتووە کەس ئیرەى پێنابات، گەیشتوونەتە کۆتایی وەرز و تەماتەیەکی نایابیان بەرهەمهێناوە، شەپۆلی سەرماش گەیشتووە و دەبێت لەماوەیەکی کەمدا هەمووی بڕنن، بەڵام نازانن دوای ڕنینی بۆ کوێی بەرن و بە کێی بفرۆشن، وەک چارەسەرێکى کاتى، کارگەى دۆشاوى تەماتەى شارەزوور بڕیاریدا تەماتەى جووتیارانى پێنجوێن وەربگرێت.
بە گشتى ئەوەى بەسەر جووتیاران هاتووە:
- بەرهەمەکانیان دەبەنە عەلووەکان بە ئەنقەست دەیانهێڵنەوە و بارەکانیان داناگیرێت.
- نرخی شایستەیان پێنادرێت و بەنرخێکی زۆر هەرزان بەرهەمەکەیان لێوەردەگیرێت.
لایەنى پەیوەندیدار چى دەڵێت؟
ڕزگار حەمە خدر، ڕاوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند " باجی سەر هاوردەکردنی تەماتە لە دەروازەکانەوە بەردەوامە، بەڵام زۆری بەرهەمی تەماتەی ئەمساڵ گرفتی بۆ جووتیاران دروستکردووە".
گوتیشی "سەرەڕای زۆریی بەرهەمی ناوخۆ و قەدەغەکردنی هاوردەکردنی، بەڵام لە بەشێک لە دەروازەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە ڕێگە بە هاوردەکردنی تەماتە دراوە".
کارگەى دۆشاوى تەماتەى شارەزوور دەرگاکەى دەکاتەوە
دواى ئەوەى دیمەنە ناخهەژێنەکانى جووتیارانى بینى کە تەماتەکەیان فڕێدەدەن و دەردەڵ دەکەن، کامەران هەورامى، خاوەنى کارگەى دۆشاوى تەماتەى شارەزوور لە شارى هەڵەبجە لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەوانیدا ئامادەیى خۆى بۆ وەرگرتنى تەماتەى جووتیارانى پێنجوین دەربڕى.
خاوەنى کارگەى دۆشاوى تەماتەى شارەزوور:
- وەرزى تەماتە نەماوە، بەڵام دووبارە کارگەکەمان بەگەڕخستووەتەوە.
- نامانەوێت ڕەنجى ساڵێکى جووتیارانى پێنجوێن بەفیڕۆ بچێت.
- نرخى دۆشاوى تەماتەش بەجێگیرى دەهێڵینەوە.
- بەنرخێکى گونجاو تەماتە لە جووتیاران وەردەگرینەوە.
- ڕۆژانە تواناى وەرگرتنى زیاتر لە دوو تۆن تەماتەمان هەیە.
بەرهەمى تەماتە لە هەرێمى کوردستان:
- جووتیاران ڕۆژانە بڕی 700 تۆن تەماتە دەخەنە بازاڕەکانەوە.
- لە مانگێكدا 21 تۆن و لە حەوت مانگی پێگەیشتنی تەماتەدا بە گشتیی 250 بۆ 300 هەزار تۆن بەرهەمدەهێنرێت.
- پێویستیی ڕۆژانە 500 بۆ 600 تۆنە و مانگانە دەگاتە 15 بۆ 18 هەزار تۆن.
بەرهەمی تەماتە لە هەرێمی کوردستان لە مانگی ئایار تاوەکو ناوەڕاستی مانگی 11 پێدەگات و دەخرێتە بازاڕەکانەوە، لە مانگی 10ـەوە تەماتەی ناوچەکانی سۆران و چۆمان و پێنجوێن پێگەیشتووە.
زانیاریى زیاتر بۆ تۆ:
وەرزی چنینەوەی تەماتەی پێنجوێن و کێبڕکێی گەنجان لە بارکردنیدا
2 کاتژمێر پێش ئێستا