تەندروستیی عێراق وەڵامی سروە عەبدولواحید دەداتەوە
ئارام یوسف 2 کاتژمێر پێش ئێستا
پووختەى هەواڵەکە
- لێدوانێکى وەزیرى ژینگەى عێراق کاردانەوەى لێکەوتەوە.
- تەندروستیی عێراق وەڵامی سروە عەبدولواحید دەداتەوە.
- تەندروستیی عێراق: ڤایرۆسی ئایدز لە ڕێگەی ئاو و خواردنەوە ناگوازرێتەوە.
- تەندروستیی عێراق: پاشەڕۆ پزیشکییەکان بەگوێرەى ڕێکارەکان لەناودەبرێن.
سروە عەبدولواحید، وەزیرى ژینگەی عێراق لە دیمانەیەکدا مەترسیی خۆی لە خواردنی ماسی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەربڕی بوو ڕایگەیاندبوو، پاشەڕۆی پزیشکیی ڕاستەوخۆ و بەبێ هیچ چارەسەرکردنێک دەخرێنە ڕووبارەکانەوە.
وەڵامى وەزارەتى تەندروستیی عێراق
- ئەو بابەتەی وروژێنراوە لە بارەی گواستنەوەی ڤایرۆسی ئایدزەوە لە ڕێگەی ئاو و خواردنی ماسییەوە، پشت بە هیچ ڕاستییەکی زانستی باوەڕپێکراو نابەستێت.
- تەندروستیی عێراق ڕەتیدەکاتەوە ئەو ڤایرۆسە لە ڕێگەی خواردن و ئاوەوە بگوازرێتەوە.
- ڕێگەکانی گواستنەوەی ئەو ڤایرۆسە زانراون و هاوڵاتییان دەتوانن بۆ زانیاریی زیاتر بگەڕێنەوە بۆ پێگە زانستی و سەکۆ تایبەتمەندەکان.
- یەکەی چارەسەرکردنی ئاوی قورسی سەر بە دامەزراوە تەندروستییەکان، کار لەسەر چارەسەرکردنی پاشەڕۆی شل و ڕەقەکان دەکەن بە گوێرەى ڕێکاری زانستیی کارپێکراو.
- ئاوەڕۆکانیش بە تۆڕی ئاوەڕۆی سەرەکییدا بە ئاڕاستەی وێستگەی چارەسەرکردنی ئاوەڕۆی بەغداد تەواوی پارێزگاکان بەستراونەتەوە.
- وەزارەتی تەندروستیی عێراق، بە پێویستی دەزانێت، بۆ بابەتەکانی پەیوەندیدار بە تەندروستییەوە، پشت بە زانیاریی زانستی و دۆکیۆمێنتە فەرمییەکان ببەسترێت.
- زانیاریی ناڕاست بڵاونەکرێتەوە، کە ترس و دڵەڕاوکێ لەناو هاوڵاتییاندا بڵاودەکاتەوە.
وێستگەى ڕوسترەمیا و کێشەی ئاوەڕۆ
وەزارەتى تەندروستی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، وێستگەى چارەسەری ئاو (T1) کە لە نزیک شاری پزیشکی (مدينة الطب) لە بەغداد هەیە و ئاو دەڕژێنێتە دیجلە، سەر بە ئەمانەتی بەغدایە نەک وەزارەتی تەندروستی و پاشماوەی نەخۆشخانەکانی ئەوان ناچێتە ئەوێ.
ئارام یوسف
2 کاتژمێر پێش ئێستا