پێدەچێت ڕووسیا و ناتۆ لە "کالینینگراد" بدەن بە یەکدا و دۆخەکە بتەقێتەوە
پووختەى چیرۆکەکە
- هەرێمی کالینینگراد، تاکە ناوچە دابڕاوەکەی ڕووسیا کە بە وڵاتانی لیتوانیا و پۆڵەندای ئەندام لە ناتۆ دەورەدراوە.
- کالینینگراد، بووەتە خاڵێکی ئاڵۆزی دیکە لە پەیوەندییەکانی ڕووسیا لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا.
- ڕووسیا ئامادەیە چەکی ئەتۆمی بۆ پاراستنی کالینینگراد بەکاربهێنێت.
- گرژییەکان لەبارەی کالینینگرادەوە دوای ڕاهێنانی سەربازیی ناتۆ لەو ناوچەیە سەریهەڵدا.
- لیتوانیا بۆ بەهێزکردنی سنوورەکەی لەگەڵ کالینینگراد هێزی سەربازی ڕەوانەکردووە.
هەفتەی ڕابردوو، ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، ڕۆژئاوای ئاگادار کردەوە، مۆسکۆ ئامادەیە هەموو چەکەکانی و بە چەکی ئەتۆمیشەوە بەکاربهێنێت، ئەگەر ناوچە دابڕاوەکەی لە کەناری دەریای باڵتیک بکەوێتە بەر هێرش.
پەرەسەندنى گرژییەکان هێشتا لە قۆناغى هەڕەشەدایە
- ئاگادارییەکەی پوتن دوای ئەوە هات، ناتۆ لە پۆڵەندا و لە نزیک کالینینگراد، ڕاهێنانێکی سەربازی بەبێ ئاگاداریی پێشوەختە ئەنجامدا.
- ناتۆ ستراتیجییەکی نوێی داڕشتووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەگەری هێرشی ڕووسیا.
- دەکرێت هێرشکردنە سەر بنکە مووشەکی و بەرگرییە ئاسمانییەکانی کالینینگراد لەخۆبگرێت.
- ناتۆ: چالاکییەکە وەکو ڕاهێنانی بەرگرییە.
- لەم ڕاهێنانەدا توانای پچڕانی هێڵە ڕادیۆییەکان، ڕادار و سیستمە بەرگرییە ئاسمانییەکانی کالینینگراد خراوەتە ژێر تاقیکردنەوەوە، لە ئەگەری هەر پێکدادانێکدا لەگەڵ ڕووسیا.
- ڕاهێنانە سەربازییەکانی ناتۆ، لە مۆسکۆ نیگەرانی قووڵی لێکەوتەوە و وایکرد سەرۆکی ڕووسیا پەیامێک بنێرێت بۆ ناتۆ و ئاگاداریان بکاتەوە لەوەی ڕووسیا وەڵام دەداتەوە، ئەگەر ناوچەکە ڕووبەڕووی هێرشی ڕاستەوخۆ ببێتەوە.
داواکارییەکانى ناتۆ لە مۆسکۆ
لای خۆیەوە مارک ڕووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆش گوتی، هاوپەیمانییەکە لە وەڵامی پەیامەکەی ڕووسیادا ڕایگەیاندووە: "ئێمە هاوپەیمانییەکی بەرگرین"، داواشی کردووە ڕووسیا هەڕشە ئەتۆمییەکان و جەنگی ئۆکرانیا بوەستێنێت.
ڕێوشوێنە سەربازییەکان لە کالینینگراد
لە دوایین پەرەسەندنیشدا، لیتوانیا سەربازی بۆ بەهێزکردنی سنوورەکەی لەگەڵ کالینینگرادی ڕووسیا ڕەوانەکردووە.
مارتیناس کاتێلیناس، وەزیری ناوخۆی لیتوانیا، ڕایگەیاند، ئەم بڕیارە دوای پێشێلکارییەکی گەورەی ئەمنی دێت کە لەسەر سنووری نێوان لاتفیا و بێلاڕووس تۆمارکراوە، تیایدا چەند کەسێکی دەمامکدار و چەکدار، لە سنووری بێلاڕووسەوە ژمارەیەک کۆچبەریان پەڕاندووەتەوە بۆ ناو خاکی لاتیڤیا و زیانیان بە کەرەستە و ئامێرە کارەباییەکان گەیاندووە و کامێراکانی چاودێریی سەر سنووریان دزیوە، پێش ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ خاکی بێلاڕووس.
بایەخى کالینینگراد لاى ڕووسیا
شارەزایانی بواری ڕووسیا بە گۆڤاری (زە ئەمێریکان کۆنزێرڤەتیڤ)یان ڕاگەیاندووە، مۆسکۆ بایەخێکی زۆر بە ناوچەی کالینینگراد دەدات، بەو پێیەی بەندەرێکی دیکە بە ڕووسیا دەبەخشێت لەسەر دەریای بالتیک، هاوکات بنکەیەکی سەربازیی گرنگە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ڕووسیا.
هەرێمى کالینینگراد، خاکی فەرمیی ڕووسیایە و ناسنامەی نێودەوڵەتیی هەیە، بۆیە هەر هێرشێک یان گەمارۆیەک بە مانای دەستپێکردنی جەنگ دێت و حکومەتی ڕووسیا ناچارە وەڵامی هەبێت.
زانیاریی زیاتر بۆ تۆ
3 کاتژمێر پێش ئێستا