تورکیا و ئازەربایجان (یەک نەتەوە..دوو دەوڵەت) پلانى ئیسرائیل لەم نێوەندەدا چیە؟

محەمەد عەلی 2 کاتژمێر پێش ئێستا

پووختەى چیرۆکەکە

  • ئیسرائیل چۆن کاریگەریی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئازەربایجان دروستکرد؟
  • شرۆڤەکاران لە تورکیا نیگەرانن لە هەڵوێستی ئازەربایجان لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان.
  • ئازەربایجان لە یەککاتدا دۆستی هەریەک لە تورکیا و ئیسرائیلە

لەم ساڵانەی دواییدا، دیمەنێکی جیاوازی دۆستایەتیی نزیکی نێوان تورکیا و ئازەربایجان لە میدیاکانی هەردوو وڵاتدا دەبینرێت.


لە ئازەربایجان و تورکیادا دەستەواژەیەک هەیە کە زۆر بەکاردێت ئەویش دەستەواژەی "یەک نەتەوە، دوو دەوڵەت"ـە، کە نەک تەنیا وەک دەربڕینی نزیکایەتی و هاوسۆزیی، بەڵکو لە هەمان کاتدا وەک نیشاندەری هاوبەشیی ستراتیجیش بەکاردەهێنرێت.

بەڵام لە پرسی ئیسرائیل-فەڵەستیندا، تۆنی ئەو ڕاگەیێنراوانەی دوو وڵات لە بۆنە باڵاکاندا، بڵاویدەکەنەوە، بە ڕوونی جیاوازە.

بۆ نموونە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی بە ئەدۆڵف هیتلەر چوواند، و بە "قەسابی غەززە" ناویبرد بەڵام لەو ڕاگەیێنراوانەی لە باکوەوە بڵاودەکرێنەوە، ئەم جۆرە دەستەواژانە بەکارناهێنرێن.

بەپێچەوانەوە، ستایشی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل دەکرێت و جەخت لەوە دەکرێتەوە ئەم پەیوەندییانە ڕەگ و ڕیشەیەکی دێرین و قووڵیان هەیە.

هاوکات بنیامین نەتانیاهو، لەبارەی دەسەڵاتدارانی ئازەربایجان بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای گوت: "ئەوان مرۆڤی باشن".

لە کاتێکدا لە تورکیادا ڕەخنەکان لە بارەی پەیوەندییەکانی ئازەربایجان لەگەڵ ئیسرائیل زیادیکردووە، لەنێو ڕایگشتیی ئازەربایجاندا ئەم ڕەخنانە بە نیگەرانییەوە تەماشا دەکرێن.

ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆککۆماری وڵاتەکە لە وتارێکدا لە کۆنگرەی پارتی ئازەربایجانی نوێ، گوتی: "با ئەوان دەستوەرنەدەنە کاروبارمان". هەرچەندە عەلیێڤ ناوی هیچ وڵاتێکی نەهێنا، بەڵام وا لێکدرایەوە، قسەکانی ڕوو لە تورکیایە.

تەواوی ئاڵۆزییەکان لەگەڵ وتارەکەی بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە 24ـی ئەیلوولی 2026 لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکاندا دەستی پێکرد. لە کاتی وتارەکەدا، یەکێک لەوانەی هۆڵەکەی جێنەهێشت، مەقسەد حسێنۆڤ، دیپلۆمات و سکرتێری نوێنەرایەتیی هەمیشەیی ئازەربایجانە لە نەتەوەیەکگرتووەکان. بە ئەگەری زۆرەوە ئەم کارە بڕیاری کەسیی حسێنۆڤ نەبوو. بەڵکو مانەوەی لە هۆڵەکە، ڕەنگدانەوەی سیاسەتی دەرەوەی ئازەربایجان بوو.

کاردانەوەکان لە تورکیاوە دوانەکەوتن و ژمارەیەک شیکەرەوە ئازەربایجانیان بە "خیانەتکردن لە جیهانی ئیسلامی" تۆمەتبار کرد و هەندێکیشیان ئیلهام عەلیێڤیان وەک "دۆستی ئیسرائیل" ناوبرد.

پاش جەنگی دووەمی قەرەباخ، پەیوەندییەکانی ئازەربایجان-تورکیا بەتینتر بوون. لەبارەی جەنگەکەوە عەلیێڤ گوتبووی: "ئەگەر لە کاتژمێرەکانی سەرەتادا پەیامی تورکیا بەڕوونی نەگەیشتایە کە بە هەمووانی گوت ئازەربایجان تەنیا نییە، ڕەنگە کەسانی دیکە دەستوەردانیان بکردایە".

بەڵام هەفتەی ڕابردوو عەلیێڤ گوتی کە ئازەربایجان پێویستی بە سەرپەرشتیکردن لەلایەن هیچ کەسێکەوە نییە و وڵاتەکەی تەواوی چەکەکانی تاوەکو دوا فیشەک، بە توانای خۆی کڕیوە.

ئەم گوتانە دوای ڕۆژێک لە واژۆکردنی ڕێککەوتنی نوێی چەک لە نێوان ئازەربایجان و تورکیادا، بە بەهای نیو ملیار دۆلار هات.

لە ئابی ساڵی ڕابردووشدا، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی چڕیی پەیوەندییەکانی لەگەڵ جەیحون بایرامۆڤی هاوتا ئازەربایجانییەکەی گوتبووی: "بە نزیکەیی هەموو بەیانییەک لەگەڵ جەیحون بایرامۆڤ بە تەلەفۆن قسە دەکەین".

بەڵام نازانرێت ئەو ڕۆژەی نەتانیاهوو لە نەتەوەیەکگرتووەکان وتاری دا، فیدان و بایرامۆڤ قسەیان کردووە یان نا. چونکە چوونەدەرەوەی شاندی تورکیا لە هۆڵەکە و مانەوەی نوێنەری ئازەربایجان لە هۆڵەکەدا، نیشانی دا لەم بابەتەدا سیاسەتی دەرەوەی دوو وڵاتەکە بە دوو هێڵی جیاوازدا دەڕوات.

هاوکات پرۆگرامێکی 15 خولەکیی لە کەناڵی ئەی پی ئەی تیڤی نزیک لە حکومەتی ئازەربایجان بڵاوکرایەوە کە لە ڕواڵەتدا باسی گواستنەوەی دەریایی لە نێوان تورکیا و ئیسرائیلدا دەکرد، بەڵام ناوەڕۆکی کەناڵەکە پەیامیی سیاسی بۆ ئەنقەرە لەخۆگرتبوو. بەرنامەکە، باسی ڕەخنەکانی ئەنقەرەی لە باکو لەبارەی تەلئەڤیڤ کرد، هاوکات سەرنجی بینەری بۆ ئەو کەشتییانە ڕاکێشا کە لە بەندەرەکانی تورکیاوە بۆ ئیسرائیل دەچن. تەوەری سەرەکی بەرنامەکە بریتی بوو لەوەی، ئەگەر تورکیا لە ڕێگەی بەندەرەکانی خۆیەوە بەردەوامبێت لە پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا، ڕەخنەگرتن لە ئازەربایجان بەهۆی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل تا چەند ڕەوایە؟.

دوای چەند کاتژمێرێک لە بڵاوکردنەوەی، بەرنامەکە لە پلاتفۆرمەکانی APA TV لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان سڕایەوە. نازانرێت ئایا ئەم بەرنامەیە وەک پەیامێک بۆ تورکیا دەبینرا و بۆ ئەوە ئامادە کرابوو کە دواتر بسڕدرێتەوە، یان بە هەڵە زوو بڵاوکرایەوە.

ئێستا قورسە وەڵامێکی یەکلاییکەرەوەی ئەو پرسیارە بدرێتەوە کە ئایا ئەمە ساردبوونەوەی پەیوەندییەکانە یان نا.

عومەر چەلیک، گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) لەوبارەیەوە ئاماژەی بەوەکرد، هەندێک وڵات و دەزگا لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان هەوڵ دەدەن جیاوازیی لە بۆچووندا لە نێوان ئەنقەرە و باکودا دروست بکەن و هەرگیز ڕێگە بەمە نادەن.

هاوکاریی سەربازیی نێوان هەردوو وڵات و پرۆژەکانی وزە بەردەوامن، هەماهەنگی لە بابەتە ناوچەیییەکاندا درێژەی هەیە و پەیوەندییەکان لەسەر ئاستی سەرۆککۆمار بە فەرمی وەک هاوپەیمانیی ستراتیژی پێناسە دەکرێن. لەبەرئەمە، هێشتا زووە بۆ ئەوەی دۆخی ئێستا وەک قەیرانی دیپلۆماسی ناوزەد بكرێت.

محەمەد عەلی

2 کاتژمێر پێش ئێستا