حەیدەر عەبودى: زیادکردنى چەند وەزارەتێک بۆ کابینەکەى زەیدى داواکاریى لایەنە سیاسییەکانە

شۆڕش محەمەد 2 کاتژمێر پێش ئێستا

پووختەى هەواڵەکە

  • حەیدەر عەبودى: ئێستا گفتوگۆ هەیە بۆ زیادکردنى چەند وەزارەتێک بۆ کابینەکەى عەلى زەیدى
  • حەیدەر عەبودى: بەهیچ شێوەیەک باس لە دروستکردنی وەزارەتێک نەکراوە بەناوى ژیریى دەستکرد.

حەیدەر عەبودى، گوتەبێژى حکومەتى عێراق لە لێدوانێکدا بۆ میدیا عێراقییەکان ئاماژەى بەوە کرد، لە ئێستادا گفتوگۆ لەنێوان لایەنە سیاسی و فراکسیۆنەکانى ئەنجوومەنى نوێنەران لەئارادایە بۆ زیادکردنى چەند وەزارەتێک و چاکسازیکردن لە چەند وەزارەتێکى دیکە.


ڕەتکردنەوەى دەنگۆکان و بژاردەکان بۆ دروستکردنى وەزارەتى نوێ

  • بەهیچ شێوەیەک باس لە دروستکردنى وەزارەتێک بە ناوى وەزارەتى ژیریى دەستکرد نەکراوە.
  • خەمى ئێستاى حکومەتى عێراق تەواوکردنى کابینە وزارییەکەیە، تاوەکو ئێستا نۆ وەزارەتى ماوە لە ئەنجوومەنى نوێنەران دەنگى لەسەر بدرێت.
  • ئەو وەزارەتانەى کە دەنگیان لەسەر نەدراوە بە وەکالەت بەڕێوەدەبرێن و وەزیرەکانیان دەسەڵاتى تەواوەتیان نییە.
  • ئەوەش کێشەى بۆ کارکردنى تەواوى کابینەکە و جێبەجێکردنى بەرنامەى کابینەکە دروست کردووە.

    پێشتر ئەحمەد ساعدى، ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لە فراکسیۆنى ڕەوتى حیکمە ئاماژەى بەوە کرد، عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیران سێ وەزارەت بۆ کابینەکەى زیاد دەکات ئەوانیش وەزارەتى گەشتوگوزار کە پشکى مونتەسیرونە بە سەرۆکایەتیی ئەبو ئالاى وەلائى، هەروەها وەزارەتى ژیریى دەستکرد کە پشکى خەدەماتە بە سەرۆکایەتیی شبل زەیدى و محەممەد ساحب دەراجى ئەو پۆستە وەردەگرێت، هەروەها وەزارەتى دەوڵەت کە پشکى بەرەى تورکمانییە.

    لە ناوەڕاستی مانگی ئایارى 2026 ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لە کۆى 23 وەزارەت، متمانەى بە 14 وەزیرى کابینەکەى عەلى زەیدى بەخشى و بەهۆى نەبوونى سازان لەسەر بەربژێرەکانیان دەنگدان لەسەر 9 وەزارەت دواخرا.

زانیاریی زیاتر بۆ تۆ

چوارچێوەی هەماهەنگی هەوڵی پڕکردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەکانی کابینەی زەیدی خێراتر دەکات

شۆڕش محەمەد

2 کاتژمێر پێش ئێستا