وەزارەتى سامانە سرووشتییەکان داتاکانى پەیوەست بە نەوتى سپى بۆ بەغداد ڕەوانەکردووە
پووختەی هەواڵەکە
- هەرێمى کوردستان پێویستى بە 250 ملیۆن لیتر نەوتى سپى هەیە
- لە هەرێمى کوردستان یەک ملیۆن و 250 خێزان کۆبۆنى نەوتیان هەیە
- هەر خێزانێک 200 لیتر نەوتى سپى بە نرخى پاڵپشتیکراو بۆ دابین دەکرێت
- بەغداد ساڵانە لە 10ـى تشرینى یەکەم نەوتى سپى لە پاڵاوگەکان بەرهەمدەهێنێت
- بەغداد بۆ دابینکردنى بەشێک لە نەوتى سپى تاوەکو ئێستا وەڵامى هەرێمى کوردستانى نەداوەتەوە
وەرزى سارد و سەرما لە ناوەڕاستى ئەم مانگەوە بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکانى هەرێمى کوردستان دەستپێدەکات و هاونیشتمانیان بۆ خۆگەرمکردنەوە پێویستیان بە نەوتى سپى هەیە، کە ئێستا نرخى یەک بەرمیل لە بازاڕەکاندا لەنێوان 270 بۆ 300 هەزار دینارە و ئەمەش بارگرانى بۆ زۆرێک لە خێزانە کەم دەرامەتەکان درووست کردووە.
عێراق نەوتی پێویست نانێرێت
لەگەڵ ئەوەى هەموو ساڵێک لەکاتى هاتنى وەرزى سەرما، لەمانگى تشرینى یەکەمەوە وەزارەتى نەوت پاڵاوگەکان ڕادەسپێرێت بۆ بەرهەمهێنانى نەوتى سپى، بەڵام لەو بەرهەمهێنانە بڕێکى کەم دەدرێت بە هاونیشتمانیانى هەرێمى کوردستان، ئەویش بە چەندین داواکارى و ڕەوانەکردنى نوسراو.
ساڵى ڕابردوو حکومەتى عێراق بە دوو جارى جیاواز، هەر جارەو 100 لیترى نەوتى سپى بەسەر خێزانەکاندا دابەش کردووە کە بۆ هەر 100 لیترێک 15 هەزار دینارى وەرگرتووە، واتە بۆ یەک بەرمیل نەوتى 200 لیترى 30 هەزار دینار بووە.
کەناڵ8 پەیوەندیى بە بەرپرسانى وەزارەتى سامانە سروشتییەکان کردووە، کە تەنیا ئەو زانیارییەیان خستەڕوو داتاى خۆیان بۆ پێداویستى نەوتى سپى ڕادەستى وەزارەتى نەوتى عێراق کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێکى هەرێمى کوردستان نەدراوەتەوە.
پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان
هەرێمى کوردستان پێویستى بە 250 ملیۆن لیتر نەوتى سپى هەیە بۆ یەک ملیۆن و 250 هەزار خێزان کە هەر خێزانێک 200 لیترى پێ بدرێت، بەڵام هەرێمى کوردستان چاوەڕێى بەغدادە بۆ دابینکردنى نەوتى سپى.
لە هەرێمى کوردستان، هاونیشتمانیان زۆپاى نەوت وەک ئامرازێک بۆ گەرمکردنەوەى ماڵەکانیان بەکاردەهێنن، ئەوەش پێویستى بە نەوتى سپیە کە تاوەکو ئێستا نە وەزارەتى سامانە سروشتییەکان، نە حکومەتى عێراقى باسیان لە وادەى دابەشکردنى نەوتى سپى نەکردووە.
ناوچە شاخاوییەکان پێویستیان زیاترە
لە ئێستادا کەشوهەواى ناوچە شاخاوییەکان ساردن و ڕۆژ دواى رۆژ ساردتر دەبن، وە هاونیشتمانیان پێویستیان بەوەیە کە بۆ ئەم وەرزە نەوتى سپیان بۆ دابینبکرێت، ئەگەرچى بەشێکیان خۆیان دەستیان کردووە بە کڕینى نەوتى سپى بۆ گەرمکردنەوەى ماڵەکانیان.
هێمن محەمەد، نەوت فرۆش لە سلێمانى بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند" یەک بەرمیل نەوتى سپى 216 لیترى بە 285 هەزار دینارە، نەوتەکەش لە بەغدادو بازیان و ناوچەکانى دیکەوە دێت".
لە بەنزینخانەکانى سنوورى پارێزگاى سلێمانى، یەک لیتر بە هەزارو 250 دینارە، واتە ئەگەر 216 لیتر بکڕیت دەکاتە 270 هەزار دینار، بەڵام گواستنەوەکەى لەسەر کڕیارە، هاوکات لە بۆرسەى هەولێر یەک بەرمیل نەوتى 200 لیترى بە 300 هەزار دینارە.
نەوت بە دەبە دەکڕن
لە بەنزینخانەکان هاونیشتمانیان زیاتر بە دەبە نەوتى سپى دەکڕن، چونکە نرخەکەى بەرزەو بەو هیواین حکومەتى کاربەڕێکەرى هەرێمى کوردستان دابەشکردنى نەوتى سپى ڕابگەیەنێت بە نرخى پاڵپشتیکراو.
وەزارەتى سامانە سروشتییەکان لە ساڵى ڕابروو لە مانگى تشرینى یەکەم بڕیارى دابەشکردنى نەوتى سپى ڕاگەیاند و لە مانگى تشرینى دووەم بە نرخى پاڵپشتکراو بۆ هەر بەرمیلێکى 200 لیترى 104 هەزار دینار لە خێزانەکان وەرگرتووە.
وەزارەتى سامانە سروشتییەکان، جەختیان لەوە کردەوە لەم مانگەدا بڕیار لەسەر شێوازو میکانیزمى دابەشکردنى نەوتى سپى دەدەن و هاوشێوەى ساڵانى ڕابردوو سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەکان دەست پێ دەکەن، بەڵام هێشتا وادەکەى بە دیاریکراوى یەکلاینەکراوەتەوە و ڕەنگە بکەوێتە کۆتایی ئەم مانگە.
زانیاریی زیاتر بۆ تۆ
پارێزگاری هەولێر: داواکاری بۆ بەشە نەوتی سپی نێردراوەتە سامانە سروشتییەکان
1 کاتژمێر پێش ئێستا