ئیلهام ئەحمەد: تێکەڵکردنی هەسەدە بە سوپا هەنگاوێکی گرنگ بوو

ئامێز عەباس 1 کاتژمێر پێش ئێستا

پووختەی هەواڵەکە

  • ئیلهام ئەحمەد سیاسەتمەداری دیاری کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕایگەیاند، تێکەڵکردنی هەسەدە بە سوپا هەنگاوێکی گرنگ بوو.
  • ئیلهام ئەحمەد دەشڵێت، لە ئێستادا گەڕانەوەیەک یان جۆرە پاشەکشەیەک لە دۆخی ژنان لە سووریادا بەدی دەکرێت.
  • بۆ یەکەمجارە لە مێژووی سووریادا دان بە زمانی کوردیدا بنرێت.


ئیلهام ئەحمەد ، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی گەلی سووریا ، لە دیداری مێری لە هەولێر  ڕایگەیاند، ئێستا سووریا بە گشتی لە قۆناغی دووبارە بونیادنانەوەدایە و پرۆسەی تێکەڵکردنەوەی پێکهاتە جیاوازەکان لە وڵاتەکەدا زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت. ئاماژەی بەوەش کرد کە پڕۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە سوپای سووریا هەنگاوێکی یەکجار گرنگ و سەرکەوتوو بوو.


ئەزموونی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان

سەبارەت بە ئەزموونی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، ئیلهام ئەحمەد جەختی لەوە کردەوە، کە ئەزموونێکی باش و سەرکەوتوو بووە، بە تایبەتی لەبەر ئەوەی گرنگییەکی یەکجار زۆری بە پێگەی ژنان دابوو. هاوکات هاوسۆزی خۆی نیشاندا و ڕایگەیاند کە لە ئێستادا گەڕانەوەیەک یان جۆرە پاشەکشەیەک لە دۆخی ژنان لە سووریادا بەدی دەکرێت کە پێویستی بە سەرنجدان هەیە.

پرسی زمانی کوردی

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پرسی زمانی کوردی بەرز نرخاند و ئاشکرای کرد ، کە بۆ یەکەمجارە لە مێژووی سووریادا دان بە زمانی کوردیدا بنرێت، ئەمەش بەهۆی ئەو بڕیارە گرنگەی سەرۆکایەتی کۆمارەوە بوو کە بۆ پرسی کورد بایەخێکی تایبەتی هەبوو. لەگەڵ ئەوەشدا، دووپاتی کردەوە کە پێویستە بە تەواوی دان بە کولتوور و زمانی کوردیدا بنرێت لە سەرانسەری وڵاتەکەدا.

لە کۆتاییدا، ناوبراو ئاسۆیەکی گەشبینی نیشاندا و ڕایگەیاند ، کە لەم قۆناغە نوێیەدا هەوڵێکی ڕژد دەدەن بۆ ئەوەی دەرگاکانی سووریا بە ڕووی وڵاتانی دەرەوەدا بکەنەوە و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان پەرە پێبدەن.

ئامێز عەباس

1 کاتژمێر پێش ئێستا