نەجەف نیگەرانە لە زیادکردنى وەزارەت بۆ حکومەتى عێراق
پووختەی هەواڵەکە
- زیادکردنى جێگرانى سەرۆکوەزیران و چەند وەزارەتێک بۆ کابینەى حکومەتى عێراق، نیگەرانیى دروستکردووە.
- لە نەجەفەوە پەیامى ناڕەزایی گەیشتووەتە سەرۆکوەزیران.
- پەرلەمانتارێکیش دەڵێت، ئەستەمە ئەم هەفتەیە دەنگ بە بەربژێرانى وەزارەتە بەتاڵەکان بدرێت.
بڕیاربوو ئەم هەفتەیە، پرسى جێگرانى سەرۆکوەزیران و پڕکردنەوەى وەزارەتە بەتاڵەکان، یەکلابکرێنەوە و لە ئەنجوومەنى نوێنەران دەنگیان لەسەر بدرێت، بەردەوامیى ناکۆکییەکانى ناو چوارچێوەى هەماهەنگى و سەردانى عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیران بۆ ئوردن و سعودیە، پرسەکەى زیاتر دواخستووە.
عومەر پێنجوێنى، ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، پەرلەمانتاران گەڕاونەتەوە پارێزگاکانى خۆیان و هیچ کارنامە و ئاگادارییەکى پێشوەختەیان پێنگەیشتووە بۆ ئامادەبوون لە ئەنجوومەنى نوێنەران.
ناکۆکی لایەنە شیعەکان
بەگوێرەى پەیڕەوى ناوخۆ، کارنامەى دانیشتنەکان 24 کاتژمێر پێشتر بڵاودەکرێنەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا کارنامەى کۆبوونەوە لە ڕۆژانى داهاتوودا بڵاونەکراوەتەوە، جگە لەوە، تاوەکو ئێستا حکومەت بە نووسراوى فەرمى سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنى نوێنەرانى ئاگادارنەکردووەتەوە بۆ دیاریکردنى وادەى دەنگدان بە وەزارەتە بەتاڵەکان.
هاوکات سەرچاوەیەکى نزیک لە چوارچێوەى هەماهەنگى بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، لەسەر پرسى جێگرانى سەرۆکوەزیران و زیادکردنى چەند وەزارەتێک بۆ ڕازیکردنى لایەنە سیاسییەکان، ناکۆکى لەناو چوارچێوەى هەماهەنگی هەیە، جگە لەوەش لە نەجەفەوە پەیام گەیشتووەتە سەرۆکوەزیران.
ئابووری خراپ و خەرجی زیاتر
بەگوتەى ئەو سەرچاوەیە، لە نەجەف و شەقامى عێراقى نیگەرانى دروستبووە لەبارەى زیادکردنى چەند وەزارەتێک و پێیانوایە لەم کاتەدا کە دۆخى عێراق بە ڕەوشێکى ئابووریی سەختدا گوزەر دەکات، زیادکردنى جێگرانى سەرۆکوەزیران و چەند وەزارەتى دیکە بۆ حکومەت، بارگرانیى دارایی زیاتر لەسەر خەزێنەى دەوڵەت دروست دەکات.
هاوکات بڕیارە ئەم ئێوارەیە، چوارچێوەى هەماهەنگى کۆبوونەوەى هەفتانەى بکات و پرسى تەواوکردنى کابینەى حکومەت و کارنامەى سەردانەکەى عەلى زەیدى بۆ ئوردن و سعودیە گفتوگۆىان لەبارەوە بکرێت.
لەلایەکى دیکەشەوە، ڕۆژنامەى سەباحى تیمچە فەرمى بڵاویکردووەتەوە، گفتوگۆ سیاسییەکان بۆ تەواوکردنى کابینەى حکومەت بەردەوامن، ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانیش دووپاتیانکردووەتەوە زۆربەى پۆستە وزارییەکان یەکلاکراونەتەوە و ناکۆکییەکان تەنیا لەسەر وەزارەتەکانى ڕۆشنبیرى، بەرگرى و پلاندانان ماونەتەوە کە پشکى سووننەکانن.
بەربژێری وەزارەتەکان
لەناو ئەنجوومەنى سیاسیی سووننەکان، ژمارەیەک کەسایەتی ناویان دەهێنرێت بۆ پۆستى وەزیرى بەرگرى، لەوانە نایف شممەرى، عەلى ئەعرەجى، جومعە عیناد و تەڵاڵ جبوورى، هاوکات فراکسیۆنى عەزم، محەممەد عەلى بۆ وەزارەتى پلاندانان بەربژێرکردووە.
بەگوێرەى زانیارییەکان، هاوپەیمانیی دەوڵەتى یاسا بە سەرۆکایەتیی نوورى مالیکى، بەربژێرەکانى بۆ هەردوو وەزارەتى بەرگرى و خوێندنى باڵا یەکلاکردووەتەوە، بۆ وەزارەتى ناوخۆ ناوى یاسر مالیکى و بۆ وەزارەتى خوێندنى باڵا ناوى حەیدەر بەها دراوەتە سەرۆکوەزیران.
بۆ وەزیرى کاروکاروبارى کۆمەڵایەتى کە بەر هاوپەیمانیی سادیقون کەوتووە، محەممەد مووسەوى بەربژێرکراوە، هاوپەیمانیی هێزەکانى دەوڵەت بە سەرۆکایەتیی عەممار حەکیم، سەفا کینانى بۆ وەزیرى وەرزش و لاوان بەربژێرکردووە.
بۆ وەزارەتى گەشتوگوزاریش کە دراوەتە هاوپەیمانیی مونتەسیرون، عەلى دەخیل کە بەرپرس بووە لە دەستەى وەبەرهێنانى زیقار، بەربژێرکراوە.
لەبارەى هێنانەئاراى وەزارەتێکى نوێ بەناوى وەزارەتى ژیریی دەستکرد کە دەبێتە پشکى کەتیبەکانى ئیمام عەلى بە سەرۆکایەتیی شبل زەیدى، ناوى محەممەد دەڕاجى وەک بەربژێرخراوەتەڕوو، لە پاڵ ئەوەشدا هێنانە ئاراى وەزارەتێک بۆ تورکمان بەناوى وەزارەتى دەوڵەت لە گفتوگۆدایە.
هەروەها بۆ وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە کە پشکى پارتى دیموکراتى کوردستانە، ناوى ڕێباز حەملان و بناس دۆسکى دەهێنرێت.
نیگەرانییەکانی جێگرانی سەرۆکوەزیران
یەکێکى دیکە لەو بابەتانەى نیگەرانى دروستکردووە، دانانى چوار جێگرە بۆ سەرۆکوەزیران، هەرچەندە لە ماددەى 139ـى دەستوور هاتووە، سەرۆکوەزیران دوو جێگرى دەبێت لە خولى یەکەمى سەرۆکایەتییەکەى، بەڵام پەیڕەوى ناوخۆى ئەنجوومەنى وەزیران ژمارە دووى ساڵى 2019 ژمارەى جێگرانى سەرۆکوەزیرانى دیاری نەکردووە، ئەمەش دەرفەتى ئەوەى داوەتە لایەنە سیاسییەکان پرسى دانانى چوار جێگر بۆ سەرۆکوەزیران بخەنەڕوو، ئامانج لەم هەنگاوەش ڕازیکردنى ئەو لایەنانەیە کە کورسیى ئەنجوومەنى نوێنەرانیان هەیە و پۆستیان بەرنەکەوتووە، یاخود بۆ ڕازیکردنى ئەو گرووپە چەکدارانەیە کە چەکیان ڕادەستکردووە، تاوەکو پشکیان لە حکومەتدا هەبێت.
حەیدەر عەبادى، سەرۆکوەزیرانى پێشووترى عێراق، لە ئابى 2015 و لە چوارچێوەى کۆمەڵێک چاکسازیدا پۆستى جێگرانى سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانى هەڵوەشاندەوە، بەڵام دادگاى فیدراڵى تشرینى یەکەمى 2016 هەڵوەشاندنەوەى جێگرانى سەرۆککۆمارى بە نادەستوورى ناوبرد و پۆستەکانى گەڕاندەوە وەک پێویستییەکى دەستووری بۆ پڕکردنەوەى بۆشاییەکان، بەڵام حکومەتەکانى دواتر جێگرانى سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانیان زیندوونەکرانەوە.
چاوەڕێدەکرێت، لەم هەفتەیەدا گفتوگۆى لایەنە سیاسییەکان لەبارەى وەزارەتە بەتاڵەکان و جێگرانى سەرۆکوەزیران یەکلابکرێتەوە و هەفتەى داهاتوو وادەیەک بۆ دەنگدان لە ئەنجوومەنى نوێنەران دیاری بکرێت.
زانیاریی زیاتر بۆ تۆ
2 کاتژمێر پێش ئێستا