بافڵ جەلال تاڵەبانی: پێویستە لایەنە کوردییەکان ناکۆکییەکانیان وەلابنێن و هەنگاوی کرداری بنێن
بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دیداری مێری ڕایگەیاند، ناوچەکە لەبەردەم هەڕەشەدایە و دەرفەتی گەورەش بۆ کورد هاتووەتە پێشەوە و پێویستە لایەنە کوردییەکان ناکۆکییەکانیان وەلابنێن و هەنگاوی کرداری بنێن .
لە چوارچێوەی بەڕێوەچوونی کۆڕبەندی ساڵانەی مێری ، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پانێڵێکی تایبەتدا گوتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا تیشکی خستە سەر دوایین پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی لە گوتارەکەیدا هۆشداریی دا لەو ئاڵۆزییانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگوزەرێن و ڕایگەیاند، کە ناوچەکە بە گشتی لەبەردەم هەڕەشە و مەترسیی گەورەدایە. ئاماژەی بەوەش کرد، کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە ناسەقامگیرە، پێویستە لایەنە کوردییەکان ناکۆکییەکانیان وەلابنێن و هەنگاوی کرداری بنێن، چونکە بە گوتەی ئەو "دەبێت ئێمەش لە ناوخۆی خۆماندا ڕێککەوتن بکەین بۆ پاراستنی قەوارەکەمان".
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد و بارودۆخی ناوخۆی پایتەختی عێراق، سەرۆکی یەکێتی ڕاشکاوانە باسی لەوە کرد کە دۆخی بەغداد خراپە و پێویستی بە چاوخشاندنەوە و چارەسەری ڕیشەیی هەیە. بەڵام لە هەمان کاتدا جەختی لەوە کردەوە کە سەرەڕای ئەم تەنگژە و ئاڵۆزییانە، لە ئێستادا هەلێکی گەورە بۆ کوردەکان لە ئارادایە کە دەکرێت لە ڕێگەی یەکدەنگی و داڕشتنی ستراتیژێکی هاوبەشەوە سوودی لێ ببینرێت.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا لەبارەی هاوکێشە هەرێمایەتییەکان و پرسی کورد لە وڵاتانی دراوسێ، بافڵ تاڵەبانی گەشبینی خۆی نیشان دا و ڕایگەیاند ،کە لە ئێستادا دەرفەتێکی باشی ئاشتی بۆ کوردان لە ئێران دەبینێت، کە ئەمەش دەتوانێت دەرگای نوێ بەڕووی سەقامگیری و چارەسەری ئاشتییانەی دۆزی کورد لە ناوچەکەدا بکاتەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەشێکی تری قسەکانیدا ئاماژەی بە گۆڕانی هاوکێشە سیاسییەکان لە عێراق کرد و ڕایگەیاند کە ئێستا ساڵی 2003 نییە لە بەغداد، بەڵکو دۆخەکە گۆڕاوە و پەیوەندییەکانی ئەوان لە پایتەخت زۆر باشن. ، سەرۆکی یەکێتیی جەختی لە گرنگیی یەکڕیزیی لایەنە کوردییەکان کردەوە و ئاشکرای کرد کە ئەگەر لە بەغداد هاوکار و یەکدەنگ بین، ئەوا هەموومان قازانج دەکەین؛ ئەمەش دەرفەتێکی زێڕینە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوەکو سوود لەم پەیوەندییە باشانە وەربگرێت، بەتایبەت کە سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق هیچ ناکۆکییەکی لەگەڵ کورد نییە.
لە لایەکی تریشەوە، سەرۆکی یەکێتی شانازیی قووڵی خۆی بە کوردبوونیانەوە دەربڕی و ڕوونی کردەوە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەنگاوەکانی لە پرۆسەی سیاسی و حوکمڕانیدا زۆر وازح و ڕوونن. ئەو بە متمانەبەخۆبوونەوە جەختی لە سەرکەوتنەکانی حزبەکەی کردەوە و ڕایگەیاند ،کە «ئێمە توانیمان» بەسەر کۆسپەکاندا زاڵ بین، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو دەستکەوت و سەقامگیرییە سیاسییەی کە یەکێتی لە ماوەی ڕابردوودا لەسەر ئاستی هەرێم و بەغداد بەدیهێناوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئامادەیی حیزبەکەی بۆ هەر ڕێککەوتنێکی سیاسی نیشان دا، بەو مەرجەی دەستکاری مافەکانی خەڵک نەکرێت. ئەو جەختی کردەوە، کە ئامادەیە لە پێناو بەرژەوەندی گشتیدا تەنازوول لە مافی حیزبەکەی بکات، بەڵام بە هیچ شێوەیەک ئامادە نییە تەنازوول لە مافی خەڵک بکات. تاڵەبانی ڕەخنەی لە ڕەوتی سیاسی ئێستا گرت و گوتی: «بەم دۆخە ئێمە چۆن دەتوانین ڕێکبکەوین؟» و ئاماژەی بەوە کرد ، کە لە بۆچوونی هەندێک لایەن تێناگات. لە هەمان کاتدا، هاوپەیمانی خۆی لەگەڵ جوڵانەوەی نەوەی نوێ دووپات کردەوە و ڕایگەیاند ،کە ڕێککەوتنیان لەگەڵیاندا هەیە و تێیدا جدیین، بەو پێیەی هاتنی هێزێکی گەورەی ئۆپۆزسیۆن بۆ ناو گفتوگۆکان بە قازانجی پرۆسە سیاسییەکە دەبینێت نەک بە زیانی.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە درێژەی قسەکانیدا گەشبینی خۆی بە پرۆسەی سیاسی ناوخۆیی نیشان دا و ڕایگەیاند ، کە لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا کۆبوونەوەی زۆر باش و ئەرێنی ئەنجامدراون. ئەو بە تایبەت ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی نێوان لایەنە سەرەکییەکانی هەرێم کرد و ئاشکرای کرد ، کە "کاک قوباد تاڵەبانی و کاک مەسرور بارزانی کۆبوونەوەی زۆر باشیان پێکەوە کردووە"، ئەمەش زەمینەیەکی گونجاو بۆ لێکتێگەیشتن و چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان دەڕەخسێنێت.
لەسەر ئاستی پەیوەندییە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکانیش، سەرۆکی یەکێتی تیشکی خستە سەر هاوکێشەی نێوان ئەمریکا و ئێران و ڕایگەیاند، کە کەسانی فەرمی لە نێوانیاندا هەن و خەڵک هەیە کار لەسەر ڕێکخستنی پەیوەندییەکانیان دەکات، و گوتیشی "ئێمە وەک یەکێتی توانیومانە لە چەند شوێنێکی گرنگدا هاوکاری باشبوونی ئەو پەیوەندییانە بین، چونکە متمانەپێکراوی هەردوولایەنین" ، تاڵەبانی ڕۆڵی تارانی لە هاوکێشەکاندا بە گرنگ وەسف کرد و ڕوونی کردەوە، کە بەبێ هاوکاری ئێران ناتوانرێت گرووپەکان بخرێنەوە ناو چوارچێوەی سیاسەتەوە؛ هاوكات هێماى بۆ ئەوەش كرد ، كە ئێران هێڵی سووری هەیە و ئەگەر نەبەزێنرێت هێرش ناکاتە سەر هەرێم. لە کۆتاییدا ئامانجی سەردانەکانی بۆ تاران ئاشکرا کرد و گوتی: "من بۆ ئەوە لە ئێران بووم تاوەکو کوردستان بپارێزین لە ئەگەری دووبارە دەستپێکردنەوەی هەر جەنگ و ئاڵۆزییەک لە ناوچەکەدا".
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە بەشێکی تری قسەکانیدا تیشکی خستە سەر بارودۆخی ئابووری و هاوکێشە هەرێمایەتییەکان و ڕایگەیاند، کە نابێت چاوەڕێی پێشکەوتنی ئابووریی گەورە بکرێت تاوەکو کێشەی گەرووی هورمز چارەسەر نەبێت، ئاماژەی بەوەش کرد، کە کێشەی دارایی تەنیا تایبەت نییە بە عێراق، بەڵکو وڵاتانی ئەوروپاشی گرتووەتەوە.
سەبارەت بە دۆخی سووریا گەشبینی خۆی بۆ داهاتووەکەی دەربڕی و لەبارەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێش جەختی کردەوە ، کە پەیوەندییان لەگەڵ تورکیا زۆر باشە و هاوکار و پشتیوانی پرۆسەی ئاشتین، هاوکات ئاشکرایشی کرد ، کە دەستیان بە پرۆسەیەکی هاوشێوەی تورکیا بۆ ئێرانیش کردووە بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی ئاشتی لە ناوچەکەدا.
لە کۆتایی وتارکەیدا بافڵ جەلال تاڵەبانی پەیامێکی ئاڕاستەی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد و داوای خێرا دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی نێوانیانی کرد بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ، و ڕایگەیاند کە کێشەکانی نێوان هەردوولا بچوکن و بە ئاسانی چارەسەر دەبن. تاڵەبانی بە جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی بەشداربوونی لایەنە سەرەکییەکان گوتی "ئێمە نامانەوێت بەبێ ئێوە حکومەت پێکبهێنین"، و داوای لێ کردن کە بە نییەتێکی باش و پاکەوە بێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ، "چونکە دڵی یەکێتی بۆ دووبارە دانیشتن و لێکتێگەیشتن زۆر پاکە" و ئامادەی هەنگاوی کردارین لە پێناو بەرژەوەندیی باڵای گەلی کوردستاندا.
نوێدەکرێتەوە....
2 کاتژمێر پێش ئێستا