بافڵ جەلال تاڵەبانی: ناوچەکە لەبەردەم هەڕەشەدایە و دەرفەتی گەورە بۆ کورد هاتووەتە پێشەوە
پووختەی هەواڵەکە
- بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دیداری مێری ڕایگەیاند، ناوچەکە لەبەردەم هەڕەشەدایە و دەرفەتی گەورەش بۆ کورد هاتووەتە پێشەوە.
- بافڵ جەلال تاڵەبانی: دەبێت ئێمەش لە ناوخۆی خۆماندا ڕێککەوتن بکەین بۆ پاراستنی قەوارەکەمان
- بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئێمە وەک یەکێتی توانیومانە هاوکاری باشبوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بین، چونکە متمانەپێکراوی هەردوولایەنین
لە چوارچێوەی بەڕێوەچوونی کۆڕبەندی ساڵانەی مێری ، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پانێڵێکی تایبەتدا گوتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا تیشکی خستە سەر دوایین پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە.
ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
بافڵ جەلال تاڵەبانی لە گوتارەکەیدا هۆشداریی دا لەو ئاڵۆزییانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگوزەرێن و ڕایگەیاند، کە ناوچەکە بە گشتی لەبەردەم هەڕەشە و مەترسیی گەورەدایە. ئاماژەی بەوەش کرد، کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە ناسەقامگیرە، پێویستە لایەنە کوردییەکان ناکۆکییەکانیان وەلابنێن و هەنگاوی کرداری بنێن، چونکە بە گوتەی ئەو "دەبێت ئێمەش لە ناوخۆی خۆماندا ڕێککەوتن بکەین بۆ پاراستنی قەوارەکەمان".
یەکێتی و ئێران و ئەمریکا
لەسەر ئاستی پەیوەندییە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکانیش، سەرۆکی یەکێتی تیشکی خستە سەر هاوکێشەی نێوان ئەمریکا و ئێران و ڕایگەیاند، کە کەسانی فەرمی لە نێوانیاندا هەن و خەڵک هەیە کار لەسەر ڕێکخستنی پەیوەندییەکانیان دەکات.
بافڵ جەلال تاڵەبانی گوتیشی، "ئێمە وەک یەکێتی توانیومانە لە چەند شوێنێکی گرنگدا هاوکاری باشبوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بین، چونکە متمانەپێکراوی هەردوولایەنین" .
تاڵەبانی ڕۆڵی تارانی لە هاوکێشەکاندا بە گرنگ وەسف کرد و ڕوونی کردەوە، کە بەبێ هاوکاری ئێران ناتوانرێت گرووپەکان بخرێنەوە ناو چوارچێوەی سیاسەتەوە؛ هاوكات هێماى بۆ ئەوەش كرد ، كە ئێران هێڵی سووری هەیە و ئەگەر نەبەزێنرێت هێرش ناکاتە سەر هەرێم.
"کوردستان بپارێزین"
هاوکات ئامانجی سەردانەکانی پێشووی بۆ تاران ئاشکرا کرد و گوتی، "من بۆ ئەوە لە ئێران بووم تاوەکو کوردستان بپارێزین لە ئەگەری دووبارە دەستپێکردنەوەی هەر جەنگ و ئاڵۆزییەک لە ناوچەکەدا".
کێشەی گەرووی هوورمز
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە بەشێکی تری قسەکانیدا تیشکی خستە سەر بارودۆخی ئابووری و هاوکێشە هەرێمایەتییەکان و ڕایگەیاند، کە نابێت چاوەڕێی پێشکەوتنی ئابووریی گەورە بکرێت تاوەکو کێشەی گەرووی هورمز چارەسەر نەبێت، ئاماژەی بەوەش کرد، کە کێشەی دارایی تەنیا تایبەت نییە بە عێراق، بەڵکو وڵاتانی ئەوروپاشی گرتووەتەوە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا