نرخی کەرەستەکانی بیناسازی لە هەرێمی کوردستان دابەزى

جەبار حسین 2 کاتژمێر پێش ئێستا

پووختەى هەواڵەکە

  • بەهۆى دابەزینى نرخى سووتەمەنى بۆ کارگەکان لەلایەن حکومەتى فیدراڵەوە، نرخى شیش و چیمەنتۆ لە هەرێمى کوردستان دابەزین.
  • حکومەت بڕیاریدا نرخى یەک تۆن نەوتی ڕەش لە 500 هەزارەوە بۆ 300 هەزار دینار دابەزێنێت
  • تۆنێک شیش 15 هەزار دینارى لێبووەتەوە.

مانگى ڕابردوو بەهۆی بڕیارێکی حکومەتی عێراق بۆ زیادکردنی نرخی نەوتی ڕەش، بەڕێژەی زیاتر لە 200٪ کەرەستەکانی بیناسازی لە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو گران بوون، کە بۆ هەر تۆنێک شیش یان چیمەنتۆ 40 بۆ 45 هەزار خرایەسەرى، بەڵام ئێستا ئەو بڕە بۆ 15 هەزار دینار کەمبووەتەوە.


چۆنێتى دابەزاندنى نرخەکان

  • ژووری بازرگانی سلێمانی: دواى فشارەکان، حکومەت بڕیاریدا نرخى یەک تۆن نەوتی ڕەش لە 500 هەزارەوە بۆ 300 هەزار دینار دابەزێنێت.
  • ژوورى بازرگانى: بڕیارەکە عێراق و هەرێمى کوردستانیش دەگرێتەوە.
  • بۆ هەر تۆنێک چیمەنتۆ 15 هەزار دەچێتە سەر نرخەکەى.
  • بۆ هەر تۆنێک شیش 14 یان 15 هەزارى دەچێتە سەر، چونکە وەک یەک سووتەمەنییان دەوێت.

    هاوکات لە لایەکى دیکەوە، هاوڕێ توفیق، بەڕێوەبەرى کارگەى چیمەنتۆى تاسڵووجە، بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، بەراورد بەبڕیارەکەى پێشوو، نرخى چیمەنتۆ هەرزانبووە و تەنیا 15 هەزار دینارى بۆ هەر تۆنێک گران بووە.

    ئاماژەى بەوەشکرد، فشار لەسەر حکومەتی بەغداد دروستکراوە تاوەکو نرخی یەک تۆن نەوتی ڕەش بۆ 250 هەزار دینار داببەزێنێت، دەشڵێت، ئەگەر بەغداد بەدەم داواکەیانەوە بێت، دەستبەجێ نرخەکان لە بازاڕدا دادەبەزنەوە بۆ ئاستی پێشوو.

    لە هەرێمی کوردستان 7 کارگەی چیمەنتۆ و 5 کارگەی شیش کاردەکەن کە ڕۆژانە زیاتر لە 65 هەزار تۆن بەرهەمیان هەیە و %65ـی پێداویستیی عێراق دابین دەکەن.
جەبار حسین

2 کاتژمێر پێش ئێستا