ڕۆناڵدۆ: من کامڵترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێم

مەبەست عەدنان 2 کاتژمێر پێش ئێستا

کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ، هێرشبەری یانەی نەسڕی سعوودی، نیگەرانیی خۆی دەربڕی بەرامبەر بە دووبارەبوونەوەی قسەکردن لەسەر گۆڵی ژمارە 1000 لە مێژووی وەرزشیدا و جەختیکردەوە، کە پێویستی بە گەیشتن بەو ژمارە گۆڵە نییە، چونكە بە وتەی خۆی باشترینە لە مێژوودا.

ڕۆناڵدۆ باسی لە گۆڵی ژمارە 1000 کرد، کە زۆر لێی نزیک بووەتەوە، دوای ئەوەی لە بردنەوەکەی یانەی نەسڕ بەرامبەر دەرعیە لە گەڕی ڕابردووی خولی سعوودیە، ژمارەی گۆڵەکانی گەیاندە 980 گۆڵ.

یاریزانە تەمەن 41 ساڵانەکە لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی سی ئێن ئێنی پۆرتوگالی گوتی: "خەڵک ستایشی ئەو شتانە ناکەن کە ئێستا دەیکەم. ئەوەی مێشکیانی سەرقاڵ کردووە، ژمارەی ئەو گۆڵانەیە کە ماون بۆ ئەوەی بگەمە 1000 گۆڵ."

ڕۆناڵدۆ گوتیشی: "ئەمەم بە دڵ نییە. بەڕاستی بە دڵم نییە. دەبێت شتەکان بە شێوەیەکی ئاسایی بڕۆن. جا 920 گۆڵ تۆمار بکەم، یان 925، یان 930."

ڕۆناڵدۆ باسی لە بەراوردکردنە بەردەوامەکانی نێوان خۆی و هەندێک لە ئەستێرەکانی تۆپی پێ کرد و گوتی: "ئەگەر کەسێک مێسی، پیلێ، یان مارادۆنا بە باشتر بزانێت، ئەوا ئەمە چێژێکی کەسییە و ڕێزی لێدەگرم، بەڵام بانگەشەی ئەوەی کە من یاریزانێکی کامڵ نییم درۆیەکی تەواوە. من کامڵترین یاریزانم لە مێژوودا."

مەبەست عەدنان

2 کاتژمێر پێش ئێستا