لە وڵاتێکى زۆرینە موسڵمان دەست بە قەدەغەکردنى لەچک کرا
پووختەى ڕاپۆرتەکە
- حکومەتى ئازەربایجان دەستى بە قەدەغەکردنى ناڕاستەوخۆى لەچک لە قوتابخانەکان کرد.
- بڕیارەکە ناڕەزایەتى قوتابیان و دایک و باوکیانى لێکەوتەوە.
- بڕیاردراوە پۆشینى جلوبەرگى قوتابخانە ڕەنگدانەوەى عەلمانییەت بێت.
"لەچکەکەت لابە پاشان وەرە ناو پۆل"، ئەمە ئەو قسەیەیە کە چەند ڕۆژێکە بە قوتابییانى لەچک بەسەری ئازەربایجان دەگوترێت، پاش بڕیارێکی حکومەت بۆ قەدەغەکردنی ناڕاستەوخۆی لەچک، کاردانەوە و ناڕەزایەتی لێکەوتووەتەوە.
ناوەڕۆکى بڕیارى حکومەتى ئازەربایجان:
- ئەم ڕێنماییانە بۆ پاراستنی یەکپۆشی قوتابخانە و پەروەردەیەکی سیکیولار پێویستن.
- دەستووری ئازەربایجان جەخت لەسەر سیکیولاربوونی دەوڵەت دەکاتەوە.
- ئازادیی ئایینیش بۆ دانیشتووانەکەی دەستەبەر دەکات، کە نزیکەی %96ـیان موسڵمانن.
شێوازى ناڕەزایەتییەکانى دژى بڕیارەکە:
- کۆبوونەوە لە دەرەوەی قوتابخانەکان.
- بەشدارینەکردن لە وانەکان و داواکردنی بایکۆت.
- نابێت ڕێگە لە کچانی لەچک بەسەر بگیرێت بۆ پەروەردە و خوێندن.
کاردانەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
هەرزوو ڤیدیۆی قوتابییانی لەچک بەسەر و مامۆستایانی لەچک بەسەری ئازەربایجان بەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبوونەوە، کاتێک بەدەم گریان و فرمێسک ڕشتنەوە لەبەردەم قوتابخانەکانیان وەستاون و ناڕەزایەتی بەرامبەر بڕیارەکە دەردەبڕن.
لە ڤیدیۆکاندا قوتابییەکان توند باوەش دەکەن بە مامۆستاکانیاندا و نایانەوێت پۆلەکە بەجێبهێڵێت.
لە بەشێک لە ڤیدیۆکاندا دەردەکەوێت تەنانەت ئەو قوتابیانەشی لەچک ناپۆشن، ئامادە نین بچنە ناوپۆلەوە بۆ دەربڕینی هاوسۆزی بۆ هاوپۆلە لەچک بەسەرەکانیان.
لەلایەکی دیکەوە دایک و باوکانیش هۆشدارییان داوە، ئەم ڕێگرییە بەردەوام بێت، ئامادەن ڕێگە لە کوڕەکانیشیان بگرن لە چوون بۆ قوتابخانە.
دەستگیرکردنیشى تێکەوت
- وەزارەتی ناوخۆ دەستگیرکردنی 37 کەسی ڕاگەیاند.
- ئەو کەسانە کاریگەرییان لەسەر جێبەجێکردنی ڕێساکانی پۆشاکی قوتابخانە هەبووە.
- ئەو دایک و باوکانەشی داوایان کردووە ڕێگە بە منداڵەکانیان بدەن بەشداری لە وانەکاندا بکەن، ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی بوونەتەوە.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئازەربایجان لە وەڵامى ناڕەزایەتییەکاندا گوتویەتى "ئەو پۆشاکانەی ڕەنگدانەوەی مێژوو، کولتوور و بەها نەتەوەییەکانی وڵاتەکەن، دەکرێت لە بۆنە تایبەتەکاندا بە ڕەزامەندی ئەنجومەنی پەروەردەیی بپۆشرێن".
2 کاتژمێر پێش ئێستا