ئەحمەد موفتى: هەرێمى کوردستان بە غازى خۆى کارەباى 24 کاتژمێرى دابینکردووە
کەناڵ8 3 کاتژمێر پێش ئێستا
پووختەى هەواڵەکە
- دووەمین ڕۆژى دیدارى مێرى بەردەوامە.
- لە پانێڵێکدا ئەحمەد موفتى قسەى لەبارەى کەرتى غاز کرد.
- بە گوتەى موفتى کەرتى غازى هەرێمى کوردستان گەشەى گەورەى کردووە.
ئەحمەد موفتى بریکارى وەزارەتى سامانە سروشتییەکان لە پانێڵی بەهێزکردنی ئایندەی هەرێمی کوردستان، چەند پرسێکى گرنگى لەبارەى غاز، نەوت و بەنزینەوە شیکردەوە.
قسەکانى ئەحمەد موفتى لەبارەى غازەوە:
- لە بودجەی عێراقدا خشتەیەک هەیە ساڵانە بڕی 200 بۆ 250 ملیۆن دۆلار بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی وزەدا تەرخان دەکرێت.
- هەرێمی کوردستان هیچ تەرخانکراوێکی لەوجۆرەی نییە و سفرە.
- هەرێمی کوردستان بە پارەی وەبەرهێنانی بیانی گەشە بەکەرتى غاز دەدات، هەر لەبەر ئەوەشە سەرجەم گرێبەستەکان پێیان دەگوترێت گرێبەستی هاوبەش.
- عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە 3 هەزار ملیۆن مەتر پێ سێجا گاز بەرهەم دەهێنێت، زیاتر لە 35%ـی کۆی گازی هەموو عێراق لە هەرێمی کوردستانەوە بەرهەمدەهێنرێت.
- ئێستا عێراق 500 ملیۆن مەتر پێ سێجا لە ڕۆژێکدا لە تورکمانستانەوە بە گازی شل (LNG) هاوردە دەکات لە ئێرانیشەوە هاوردە دەکات.
- بۆ کارەبای 24 کاتژمێریی، عێراق پێویستی بە 8 ملیار مەتر پێ سێجایە.
- هەرێمی کوردستان توانیویەتی پێشکەوتنی بەرچاو لە بەرهەمهێنانى غاز بەدەستبهێنێت.
- لە ساڵی 2020دا بەرهەمهێنانمان 350 ملیۆن مەتر پێ سێجا بوو لە ڕۆژێکدا، بەڵام ئێستا تەنیا لە کۆرمۆر گەیشتووینەتە 750 ملیۆن.
- بە کۆی گشتیی بەرهەمی هەرێمی کوردستان لە 900 تاوەکو 1000 ملیۆن مەتر پێ سێجایە.
بەنزین و پێداویستییەکانى هەرێمى کوردستان لە زارى ئەحمەد موفتییەوە:
- هەرێمى کوردستان ڕۆژانە پێویستى بە نزیکەى شەش ملیۆن لیتر بەنزین هەیە.
- نزیکەى چوار و نیو بۆ پێنج ملیۆن لیتر بەنزین بە بازرگانى دابیندەکرێت.
- توانیومانە پاڵپشتى بەنزین بکەین و لیترێک بەنزین بە 750 دینار دابەشبکرێت.
- ڕێگاى دووەم و سێیەم ئەوەیە بەغداد 50 هەزار بەرمیل نەوتى خاوت لێ وەربگرێت بەنزینەکەمان بۆ دابین بکات، یاخود گلدانەوەى نەوتى خاو زیاد بکات بۆ هەرێمى کوردستان.
ئەحمەد موفتى لە گوتەکانیدا کەمى بەنزین و قەیرانى سووتەمەنى، بۆ داخستنى گەرووى هوورمز گەڕاندەوە کە ئەو بە"تاى" گەرووى هوورمز ناویبرد و گوتى "گەیشتووەتە هەموو شوێنێک و تەنیا هەرێمى کوردستان نییە".
سەرنجى ئەحمەد موفتى لەبارەى وەزارەتى نەوتى عێراقەوە:
- پێویستە ناوی وەزارەتی نەوتى عێراق بگۆڕێت بۆ ناوی وەزارەتی نەوت و غاز، چونکە وەبەرهێنان لە غازدا زیادیکردووە.
- وەزارەتى نەوتى عێراق لە ساڵى 2023 ژمارەى کادرەکانى 30 هەزار بووەو ڕۆژانە سێ ملیۆن بەرمیل نەوتى خاوى بەرهەمهێناوە.
- ئێستا وەزارەتى نەوت نزیکەى 200 هەزار کادرى هەیەو تەنیا یەک ملیۆن بەرمیل نەوتى زیاد کردووە.
کەناڵ8
3 کاتژمێر پێش ئێستا