ڕێبەر ئەحمەد : عێراق وڵاتی پێکهاتەکانە و ناکرێت بە تەنیا بەڕێوەببڕێت
جەبار حسین 2 کاتژمێر پێش ئێستا
پووختەی هەواڵەکە
- وەزیری ناوخۆى حکومەتى کاربەڕێکەرى هەرێمى کوردستان دەڵێت، عێراق وەکو خۆى مامەڵە بە دەستوورەوە ناکات بەهۆى جێبەجێنەکردنى دەستوورەوە عێراقییەکان گیرۆدەى زۆرشتبوون.
- ڕێبەر ئەحمەد ڕاشیگەیاند، عێراق وڵاتى پێکهاتەکانە و ناکرێت لەلایەن پێکهاتەیەکەوە بەڕێوەببرێت.
- " ڕێککەوتنى شنگال سێ خاڵ بوو هیچى جێبەجێنەکرا و بابەتەکەش کاتێک تێکچوو کە حەشد و پەکەکە چوونە شنگال"
- ڕێبەر ئەحمەد دەشڵێت،عێراق بەبێ هەرێمى کوردستان هەوڵدەدات کێشەکان چارەسەر بکات و مامەڵە لەگەڵ کەسانێک لەدەرەوەى ڕێککەوتنەکە دەکات.
- وەزیری ناوخۆ ڕاشیگەیاند، هێزەکانى پێشمەرگە ڕۆڵى گرنگییان لە دابینکردنى ئاسایش و سەقامگیرى و عێراقدا هەیە.
- " لە جەنگى داعشدا هەماهەنگى باش لە نێوان پێشمەرگە و هێزەئەمنییەکانى عێراق هەبووە".
ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆى حکومەتى کاربەڕێکەرى هەرێمى کوردستان لە پانێڵدا لە دیداری مێری لە سێ تەوەردا باسی لە دۆسییەکانی (دەستووری عێراق، پەیوەندی پێشمەرگە و سوپای عێراق و دۆخی شنگال) کرد و ڕایگەیاند، جێبەجێنەکردنی دەستوور کێشەی سەرەکی عێراقە.
بایەخی دەستوور و بنەماکانی دەوڵەت
- دەستووری ئێستای عێراق بە یەکێک لە باشترین دەستوورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشترین دەستووری عێراقی نوێ لە دوای دامەزراندنی دەوڵەتەوە لە ساڵی 1920 دادەنرێت.
- سەرکردایەتی سیاسیی کورد هەمیشە جەخت لەسەر سێ بنەمای سەرەکی دەکاتەوە بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت کە ئەوانیش: (هاوبەشی، هاوسەنگی، و ڕێککەوتن)ن.
- عێراق وڵاتی پێکهاتە جیاوازەکانە؛ ناکرێت لەلایەن یەک پێکهاتەی دیاریکراوەوە بەڕێوەببرێت و ئەوانی دیکە پشتگوێ بخرێن. دروستکردنی دەوڵەتی ڕاستەقینە تەنیا بە گەڕانەوە بۆ دەقە دەستوورییەکان دەبێت.
ئاسایش، هاوسەنگی و بەربەستەکانی جێبەجێکردنی دەستوور
- عێراقییەکان پێش ساڵی ٢٠٠٣ و ئێستاش بەدەست چەندین کێشەوە دەناڵێنن؛ خاڵی جەوهەری بۆ چارەسەریش بریتییە لە چەسپاندنی سەقامگیری، ئاسایشی ناوخۆیی، و ڕاگرتنی هاوسەنگی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا.
- پێویستە هەموان لەسەر بەرژەوەندیی گشتیی باڵا و ستراتیژی نیشتمانی ڕێکبکەون، ئەمەش تەنیا بە پشتبەستن بە دەستوور دەکرێت.
- کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە تا ئێستاش مامەڵەیەکی جیاواز لەگەڵ دەستووردا دەکرێت. زۆرینەی ئەو دەقانەی تایبەتن بە ناوچە جێناکۆکەکان —بەتایبەت ماددەی ١٤٠ کە گرێکوێرەی نێوان هەولێر و بەغدایە— تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراون.
وەزیری ناوخۆی حکومەتى کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان لەبراەی دۆسییەی شنگال و دۆخی شارەکە و ئاماژە بەچەند خاڵێک کرد ، لەوانە:
جینۆساید و ڕێککەوتنی شنگالی 2020
- دۆسیەی شنگال بەهۆی تاوانەکانی داعش لە 2014 دژی ئێزیدییەکان دۆسیەیەکی زیندووە، و زۆرینەی پەرلەمانەکانی ئەورووپا دانیان بە جینۆسایدبوونی ئەم تاوانەدا ناوە.
- لەسەر بنەمای گێڕانەوەی شکۆ بۆ خەڵکی شنگال، لە ساڵی 2020 ڕێککەوتنی شنگال لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ بە ئامانجی ئاساییکردنەوەی دۆخەکە و ئاوەدانکردنەوە واژۆکرا.
- سێ بڕگەی سەرەکی ڕێککەوتنەکە:
- دانانی ئیدارەیەکی مەدەنی و قایمقامێکی نوێ.
- دەرکردنی سەرجەم هێزە چەکدارەکان و جێگیرکردنی پۆلیس (دامەزراندنی 2500 کەس بۆ ئەم مەبەستە).
- پێکهێنانی لیژنەی هاوبەشی هەردوو حکومەت بە هەماهەنگی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئاوەدانکردنەوە.
ئاڵۆزبوونی دۆخەکە و بەربەستەکانی جێبەجێکردن
- دوای ساڵی 2017 و سەرەڕای ڕێککەوتنی سەرەتایی بۆ هاتنی سوپا، هێزەکانی وەک حەشدی شەعبی، پەکەکە و یەبەشە چوونە ناو شنگال و دۆخەکەیان ئاڵۆز کرد، بە جۆرێک ئێزیدییەکان لە شارەکەی خۆیاندا بوون بە غەریبە.
- حکومەتی فیدراڵ لە ڕابردوودا جدی نەبووە؛ کاتێک سەرۆکوەزیران بڕیاری جێبەجێکردنی داوە، هێزە ئەمنییەکان ڕێگرییان لێکردووە و جێبەجێیان نەکردووە.
- سێ جار بە هەماهەنگی نەتەوە یەکگرتووەکان بەربژێر بۆ پۆستی قایمقام دیاریکراوە، بەڵام گرووپە چەکدارەکان ڕەتیانکردووەتەوە. ڕەخنە لەوە دەگیرێت کە لایەنی بەرامبەر بابەتەکە تەنیا لە قایمقام یان چەکدارانی شاخدا کورت دەکاتەوە.
خواستەکانی هەرێم و دەستوەردانی هەرێمی
- لە ئێستادا حکومەتی فیدراڵ دەیەوێت بەبێ هەماهەنگی هەرێم و لە ڕێگەی لیژنەیەکی تایبەتەوە لە بەغدا دۆخەکە چارەسەر بکات، بەڵام هەرێم داوا دەکات چارەسەرەکە تەنیا لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ٢٠٢٠ و بە لیژنەی هاوبەش بێت.
- دەستوەردانی ئەم دوو وڵاتە هۆکاری سەرەکی ئاسایی نەبوونەوەی دۆخەکەیە؛ داوا لە عەلی زەیدی دەکرێت سەرجەم هێزەکان بکاتە دەرەوە بۆ پاراستنی سەروەری عێراق.
- دۆسیەی پەکەکە بە بابەتێکی هاوبەشی عێراق، تورکیا و هەرێم دادەنرێت و هەنگاوی کرداری بۆ نراوە لە ڕێگەی پێکهێنانی لیژنەیەکی سێ قۆڵی لە نێوان هەر سێ لایەنەکەدا.
لەبارەی پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق ڕێبەر ئەحمەد لە دیدارەکەدا تیشکی خستە سەر چەند بابەتێک:
ئەزموونی هاوبەش لە شەڕی دژی داعشدا
- لایەنەکان خاوەن ئەزموونێکی سەرکەوتووی کارکردنی پێکەوەیین، بەتایبەتی لە کاتی شەڕی دژی داعش و پرۆسەی ڕزگارکردنی پارێزگای مووسڵدا.
- هێزەکانی پێشمەرگە ئەرکی سەرەکییان گرتە ئەستۆ بە شکاندنی دەروازەی یەکەم و کردنەوەی ڕێگە بۆ هاتنەناوەوەی هێزە ئەمنییەکانی عێراق بۆ ناو شاری مووسڵ.
- ئەمە یەکەم جار بوو کە ئاستی هەماهەنگیی مەیدانی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بگاتە ئەو قۆناغە بەرزە بۆ شەڕکردن دژی دوژمنێکی هاوبەش.
ئاڵنگارییەکان و قۆناغی ئێستای هەماهەنگی
- دوای سەرکەوتن بەسەر داعشدا، هەوڵی زۆر درا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو پەیوەندی و هەماهەنگییە باشە.
- بەهۆی دانایی سەرکردایەتی سیاسیی کوردەوە، ڕووبەڕووی ئەو ئاڵنگارییانە بوونەوە و ڕێگەیان نەدا هەماهەنگییەکان لەگەڵ بەغدا بپچڕێن.
- لە ئێستادا هاوکاری و هەماهەنگییەکی باش لە چەند حاڵەتێکی دیاریکراودا هەیە، بەتایبەتی لەگەڵ کابینەکەی عەلی زەیدی.
- یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی هاوکاریی ئێستا، هەماهەنگییە لە هەڵمەتەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، دەستگیرکردنی گەندەڵکاران، و گەڕاندنەوەی ئەو پارە و موڵک و ماڵانەی دەستیان بەسەردا گیرابوو
جەبار حسین
2 کاتژمێر پێش ئێستا