دادگای فیدراڵی، هەرێمى کوردستان پابەند دەکات سزاى لە سێدارەدان جێبەجێ بکات
کەناڵ8 2 کاتژمێر پێش ئێستا
پووختەى هەواڵەکە
- دادگای باڵای فیدراڵی یاسایەکى هەرێمى کوردستانى هەڵوەشاندەوە کە 23 ساڵە دەرچووە.
- هەرێمى کوردستان پابەند دەکرێت لە جیاتى سزاى هەتاهەتایى لە سێدارەدان جێبەجێ بکات.
- لە هەرێمى کوردستان سزاى لە سێدارەدان هەڵپەسێردراوە.
دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاریدا بە نادەستووریبوونی یاسای ژمارە (21)ـى ساڵی 2003ـى هەرێمى کوردستان، کە تایبەتە بە تێکدانى ئاسایش و سزاکەى بەندکردنى هەتا هەتایى و کاتییە، بەڵام لە بەغداد سزاکەى لە سێدارەدانە و لەمەودوا دەبێت یاساکەى عێراق وەک خۆى جێبەجێ بکرێت.
ناوەڕۆکى بڕیارەکەى ئەمڕۆى دادگای باڵای فیدراڵی:
- یاسای ژمارە (21)ـى ساڵی 2003 نادەستوورییە کە تایبەتە بە ڕاگرتنی کارکردن بە چەند ماددەیەکی یاسای سزاکانی عێراق ژمارە (111)ـى ساڵی 1969ـى هەموارکراو لە هەرێمی کوردستان.
- یاساکە پەیوەستە بە تاوانەکانی دژ بە ئاسایشی ناوخۆ و دەرەکی دەوڵەت سەرپێچیکردنی حوکمەکانی ماددەکانی (110 و 121/دووەم) لە دەستوور عێراق.
- ئەم بڕیارە پاڵپشت بە حوکمەکانی ماددەکانی (93 و 94) لە دەستووری عێراق و ماددەکانی (4 و 5/دووەم) لە یاسای دادگای باڵای فیدراڵی وەک بڕیارێکی کۆتایی و پابەندکەر دەرچووە.
- لە ڕێکەوتی 13ـى تشرینی یەکەمی 2026 جێبەجێ دەکرێت.
جیاوازیى یاساکەى هەرێمى کوردستان و عێراق:
- یاسای ژمارە (21)ـى ساڵی 2003 کارى پێکرا و ماددەی 156 لە یاسای سزاكانی عێراقیی ژمارە 111ـى ساڵی 1696ـى لە كارخرا.
- هەرکەسێک لە زیانگەیاندن بە ئاسایش، سەقامگیرى و سەروەرى دامودەزگاکان تێوەبگلێت، ئەوا بە بەندکردنى هەتا هەتایی یاخود بەندکردنى کاتى سزاد دەدرێت.
- ماددەی (156) لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (111)ـى ساڵی 1969 تایبەتە بە تاوانەکانی زیانگەیاندن بە ئاسایشی دەوڵەت.
- هەر کەسێک بە ئەنقەست کارێک بکات مەبەست لێی دەستدرێژیکردن بۆ سەربەخۆیی وڵات و یەکپارچەیی و خاکى وڵات بێت، سزاکەى لەسێدارەدانە.
500 کەس سزاى لە سێدارەدانیان هەیە
لە ساڵانى ڕابردوودا لە هەرێمى کوردستان سزاى لە سێدارەدان لە دادگاكان دەرکراوە، بەڵام بەهۆى هەڵپەساردنەوە لە سێدارە نەدراون.
سەرەتاى ئەم هەفتەیە ئیحسان عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری گشتیی چاكسازییەكان ئاشکراى کرد زیاتر لە 500 کەس سزای لە سێدارەدانیان، بەڵام جێبەجێ نەکراوە.
کەناڵ8
2 کاتژمێر پێش ئێستا