قوباد تاڵەبانی: لە کۆبوونەوەم لەگەڵ مەسرور بارزانی باسی شێوازی حوکمڕانیمان کرد

کەناڵ8 2 کاتژمێر پێش ئێستا

پووختەی هەواڵەکە

  • قوباد تاڵەبانی دەڵێت، هەرگیز بە تەواوی دەرگای گفتوگۆ لە نێوان پارتی و یەکێتی دانەخراوە و کۆبوونەکەشمان لەگەڵ مەسرور بارزانی زۆر باشبووە و باسی شێوازی حوکمڕانیمان کرد
  • قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند، دەبێت شێوازی حکومڕانی بگۆرێت و بیرۆکراتییەت نەمێنێت و دەسەڵاتەکان شۆڕ بکرێنەوە.
  • جێبەجێنەکردنی دەستووری عێراق سەرچاوەی زۆربەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدادە.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتى هەرێمی کوردستان لە پانێڵیدا لە دیداری مێری باسی لە پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی و دۆخی حوکمڕانی و کارگێری و گرنگی دەستوور کرد لە عێراق و هەرێمی کوردستان و  لەبارەی ئەزموونی سیاسی نەوەی کۆن و نوێی کورد، گوتی "ئێمە هەم دەبێت لە نەوەی پێشووی سیاسی کورد و کارەکانیان فێربین و هەمیش دەبێت گوێ لە سیاسییە نوێیەکان بگرین".


پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی

  • لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، قوباد تاڵەبانی جەخت لە بەردەوامیی دیالۆگ دەکاتەوە.
  • هەرگیز دەرگای گفتوگۆ لەنێوان پارتی و یەکێتی دانەخراوە، بەڵکو بەردەوام لە پەیوەندیدان و پرۆسەی کۆبوونەوەکان نەوەستاون.
  •  بە دڵنیاییەوە لە داهاتووشدا کۆبوونەوەی دیکە لە نێوان پارتی و یەکێتیدا ئەنجام دەدرێت.
  • قوباد تاڵەبانی: پرۆتۆکۆڵ و دەرکەوتنی فەرمی گرنگ نییە، بەڵکو ئەوەی لە کۆبوونەوەکاندا بایەخی هەیە بەدەستهێنانی ئەنجامی کۆنکرێتی و کردارییە.
  •   کۆبوونەوەی ئەم دواییەمان لەگەڵ مەسروور بارزانی زۆر باش بووە و بە جدییەتەوە باسمان لە کێشەکان کردووە.
  •  هیچ کێشەیەکی شەخسی لە نێوانماندا نییە و ئەوەی هەیە تەنها ڕەنگە هەندێک تێنەگەیشتن و ڕای جیاواز بێت کە پێویستی بە گفتوگۆی زیاتر هەیە بۆ نەمانیان.

 پرسی حوکمڕانی ناوخۆ

سەبارەت بە شێوازی بەڕێوەبردن و کارگێڕی، قوباد تاڵەبانی ڕەخنە لە پێکهاتەی ئێستای حوکمڕانی دەگرێت و ڕایدەگەیەنێت:

  •  سیستمی حوکمڕانیمان بۆ ئەمڕۆ گونجاو نییە و دەبێت بە تەواوی پەیکەربەندییەکەی بگۆڕین چونکە پێویستمان بە سیستمێکی جیاوازی حوکمڕانییە کە دووربێت لە بیرۆکراسیی پەکخەر و ڕۆتینی بێزارکەری ڕۆژانە.
  • تاڵەبانی ئاماژە بە پێویستیی چاکسازیی پێکهاتەیی دەکات و ڕوونی دەکاتەوە کە هەندێک وەزارەت و دامەزراوە هەن کە بۆ قۆناغی ئێستا هیچ پێویست نیین و بێسوودن؛ لەبری ئەوە، ئەو پێشنیازی مۆدێلێکی نوێی کارگێڕی دەکات کە لەسەر بنەمای نامەرکەزییەت دامەزرابێت.
  • دەبێت دەسەڵاتەکان لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە شۆڕببنەوە بۆ خوارەوە و دابەش بکرێن بەسەر پارێزگا، قەزا، ناحیە و تەنانەت تاوەکو ئاستی گوندەکانیش، بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ خزمەتگوزارییەکان بگەنە دەست هاووڵاتیان و پڕۆسەی بڕیاردان خێراتر بێت.

پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغداد و پرسی دەستوور

  • سەرجەم کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، سەرچاوەکەی جێبەجێنەکردنی دەستووری عێراقە وەکو خۆی.
  •  لە ئێستادا دەرفەتێک لە عێراقدا ڕەخساوە کە هەماهەنگیی هێناوەتە ئاراوە.
  • جەختیش دەکاتەوە کە پەیوەندییەکانی ئەوان وەکو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ بەغداد بە تەواوی دامەزراوەییە.

بۆشایی یاسایی لە هەرێم و نەوەی نوێی سیاسەت

  • سەبارەت بە دۆخی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان، تاڵەبانی ڕوونیکردەوە کە نەبوونی دەستوور بۆشاییەکی گەورەی لە هەرێمەکەدا دروستکردووە.
  • پێویستە لە ئەزموون و نەوەی تێکۆشەرە دێرینەکانەوە فێربین.
  • نەوەی نوێی سیاسەت باشتر لە چارەسەرکردنی کێشەکانی سەردەم دەزانێت.  

دوورکەوتنەوە لە شەڕی چەکداری و داهاتووی پێشمەرگە


لەسەر ئاستی ململانێ ناوخۆییەکان و پاراستنی ئارامی، قوباد تاڵەبانی هاووڵاتیان دڵنیا دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، کە هەرگیز بڕیار لەوە نادەن ململانێ سیاسییەکان بگەنە ئاستی شەڕی چەکداری. ئەو دووپاتی کردەوە کە گەرەنتی تەواو هەیە کە جارێکی دیکە هێزەکانی پێشمەرگە ڕووبەڕووی یەکدی نەبنەوە و دۆخی توندوتیژی دووبارە نەبێتەوە.

کەناڵ8

2 کاتژمێر پێش ئێستا