ناتۆ دوای هێرشە درۆنییەکانی دەریای ڕەش دەکەوێتە ئامادەباشی و فڕۆکەخانەیەکی ئەڵمانیاش دادەخرێت

بەهزاد ئەحمەد 1 کاتژمێر پێش ئێستا
مارک ڕووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ. فۆتۆ: AFP
مارک ڕووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ. فۆتۆ: AFP

پووختەی هەواڵەکە

  • دوای هێرشێک بۆ سەر کەشتییەک لە کەناراوەکانی بولگاریا، ناتۆ ئامادەکاری بەرپەرچدانەوەی دەست پێ کرد.
  • مارک ڕووتە دەڵێت، ڕێوشوێنی ئەمنی و بەرگریی توند دەگرینەبەر.
  • بەهۆی مەترسیی هێرشی درۆنیەوە فڕۆکەخانەیەک لە ئەڵمانیا ماوەیەک داخرا.

دوای ئەوەی بە درۆن هێرشکرایە سەر دوو کەشتیی بازرگانی لە کەناراوەکانی بولگاریا لە دەریای ڕەش، مارک ڕوتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ ئامادەیی هاوپەیمانییەکەی بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێێک و گرتنەبەری ڕێوشوێنی ئەمنی و بەرگریی توندی دووپاتکردەوە، ئەمەش لەکاتێکدا هات کە لە بەر مەترسیی هێرشی درۆنی، فڕۆکەخانەیەک لە ئەڵمانیا بۆ ماوەیەکی کاتی داخرا.



مارک ڕووتە لە تۆڕی ئێکس:

  • پێشتر ناتۆ ئامادەکاری بەرگریی لە بەرەی ڕۆژهەڵاتەوە بەهێزکردووە.
  •  بەردەوام دەبین لە چاودێریکردنی پێشهاتە ئەمنییەکان لە ناوچەکە و ڕێوشوێنی بەرپەرچدانەوە و بەرگریی، بەگوێرەی پێویست دەگرینەبەر.

    ئەم گوتانەی سکرتێری گشتیی ناتۆ دوای ئەوە هات کە دوو کەشتی بازرگانی بە درۆن لە دەریای ڕەشدا کرانە ئامانج، ئەمەش نیگەرانییەکانی سەبارەت بە ئاسایشی دەریایی زیاتر کرد.

ڕووسیا تۆمەتبار کراوە

 دوابەدوای ئەو هێرشە ڕومین ڕادیڤ، سەرۆکوەزیرانی بولگاریا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بەڵگەی یەکلاکەرەوەی لە بەردەستدا نییە، سەبارەت بە دیاریکردنی لایەنی ئەنجامدەری هێرشەکە، بەڵام پەنجەی تۆمەتبارکردنی بۆ ڕووسیا ڕاکێشا و گوتی: "لۆجیک دەریدەخات کە ئەوەی ڕوویداوە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ڕووسیا دەکات".

هەر لەو چوارچێوەدا فڕۆکەخانەی نورمبێرگ لە ئەڵمانیا وەکو ڕێوشوێنیکی ئەمنی و مەترسیی بوونی هێرشی درۆنی، بۆ ماوەیەکی کاتی داخرا و چەند فڕۆکەیەکی جەنگی یاوەریی فڕۆکەیەکی بازرگانیان کرد بۆ نیشتنەوە، کە لە دوورگەی کۆرفوی یۆنانەوە هاتبوون.

زانیاری زیاتر بۆ تۆ

بەهزاد ئەحمەد

1 کاتژمێر پێش ئێستا