لە 21 ڕۆژدا خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا لە ئێران 12%  زیادیکردووە

سامیا حەسەن 2 کاتژمێر پێش ئێستا
شارى تارانى پایتەختى کۆمارى ئیسلامى ئێران
لە وێنەکەدا بورجى میلاد دەردەکەوێت
شارى تارانى پایتەختى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە وێنەکەدا بورجى میلاد دەردەکەوێت

پووختەى هەواڵەکە

  • ئێرانییەکان لە چاوەڕوانی زستانێکی سەختدان.
  • تەنیا لە 21 ڕۆژی ڕابردوو خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا لە وڵاتەکە 12% بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی پار زیادیکردووە.
  • هاوینی ئەمساڵ ئێران نزیکەی 20 هەزار مێگاوات کارەبا کورتهێنانی هەبووە.
  • لە 21 ڕۆژی ڕابردوو خواست لەسەر کارەبا گەیشتووەتە 59 هەزار و 306 مێگاوات.
  • لە کاتێکدا ساڵی پار لە هەمان ماوەدا بڕەکە تەنیا 52 هەزار و 755 مێگاوات بووە.

29ـی ئەیلولی ئەمساڵ محەممەد ئەلەداد، بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەرهەمهێنان و گواستنەوە و دابەشکردنی کارەبای ئێران ڕایگەیاند، "بۆ چارەسەری قەیران و کورتهێنانی کارەبا لە زستانی ئەمساڵ، بڕیاریانداوە کارەبا لە کۆماری ئازەربایجان هاوردە بکەن و لە بەرامبەردا ئێران گاز بۆ ئازەربایجان هەناردە دەکات".


پلانى حکومەت و دۆخى بەکارهێنان

  • بۆ زیادکردنی توانایی بەرهەمێنان و کەمکردنەوەی فشار لەسەر وێستگەکانی گەرمی کارەبا ئێستا حکومەت لە پلانیدایە پشت بە وێستگەکانی وزەی خۆر ببەستێت.
  • وەزیری وزەی ئێران: دۆخی کارەبای وڵاتەکەی باشە و ئەمساڵ زستانێکی سەختیان نابێت.
  • وەزیری وزەی ئێران: هەفتانە 100 مێگاوات بۆ وێستگەکانی کارەبا زیاد دەکەن.

لە وەرزی هاوینی ئەمساڵدا بڕی بەرهەمی کارەبای ئێران گەیشتە 62 هەزار مێگاوات لە کاتژمێرێکدا، بەڵام خواست نزیکەی 80 هەزار مێگاواتی لە کاتژمێرێکدا تێپەڕاندووە، بەو هۆیەشەوە دەوامی زۆرێک لە ناوەندە حکومییەکان کەمدەکرێتەوە.

لە کاتی جەنگیشدا ئەمریکا و ئیسرائیل چەند جارێک هێرشیان کردە سەر ژێرخانی وزە و وێستگەکانی کارەبای وڵاتەکە لە هەریەک لە پارێزگاکانی تاران و ئەلبورز و بەهۆیەوە دابەشکردنی کارەبا لە ژمارەیەک وێستگە وەستا.

سامیا حەسەن

2 کاتژمێر پێش ئێستا