لە تورکیا قەیووم بۆ تەلەڤیزیۆن و کۆمپانیا و شارەوانییەکان دادەنرێت

عەدنان ئەحمەد 2 کاتژمێر پێش ئێستا

پووختەى هەواڵەکە

  • هەڵمەتی دانانی قەیووم لە تورکیا بەردەوامە و دواجار قەیووم بۆ یەکێک لە پڕبینەرترین تەلەڤیزیۆنەکانی تورکیا دانرا.
  • زۆرترین قەیووم بۆ شارەوانییەکانی باکووری کوردستان دانراوە
    لە دوو ساڵی ڕابردوودا قەیووم بۆ 10 تەلەڤیزیۆن دانراوە
  • دەیەمین تەلەڤیزیۆنی تورکیا کەوتە ژێر دەستی قەیوومەکان.

قەیووم ئەو وشەیە، ماوەی چەند ساڵێکە بووەتە ڕۆژەڤی سەرەکی میدیای تورکیا و وشەکەش لە هەمووان زیاتر، لە یادەوەریی کورد لە باکووری کوردستاندایە. پارتە سیاسییە کوردییەکان و شارەوانییەکانی ژێر دەستیان، قوربانیی سەرەکیی دەستی ئەم وشەیەن.


قەیوم بۆى بەکاردەهێنرێت؟:

  • قەیووم لە تورکیا بریتییە لەو کەسەی کە دیاریدەکرێت بۆ ڕاپەڕاندنی کارێکی کەسێک، شارەوانییەک و یان دامەزراوەیەک و بەڕێوەبردنی ماڵ و داراییەکەى.
  • کاتێک بەڕێوەبەرایەتیی پێشووی ئەو شوێنە لەکارخرابێت یان تۆمەتبار کرابێت بە گەندەڵی.
  • وشەکە لە زمانی عەرەبییەوە چووەتە نێو زمانی تورکی و لە وشەی قامەی عەرەبییەوە وەرگیراوە.
  • ئەو کەسەی لە لایەن حکومەتەوە وەک قەیووم دەستنیشان دەکرێت، دەبێتە باڵاترین بەرپرسی دارایی ئەو شوێنەی لێی دادەنرێت.
  • لە تورکیا بە گوێرەی یاسا، هەر کاتێک مەترسییەک لەسەر بەڕێوەبردنی شوێنێک هەبێت وەک گەندەڵی، سپیکردنەوەی پارە، مایەپووچبوون، یان تۆمەتی تیرۆر، دەوڵەت دەست بەسەر بەڕێوەبەرایەتییەکەیدا دەگرێت و فەرمانبەرێکی بۆ دادەنێت، کە ژمارەیەک ئەرکدارکراوی لەگەڵدایە.
  • وا باوە قەیووم تەنیا بۆ شارەوانی دادەنرێت، بەڵام قەیووم بۆ ڕێکخراو، کۆمەڵە، پارتی سیاسی، کۆمپانیا و هەر دەستەیەک دادەنرێت، کە ڕووبەڕووی تۆمەت بکرێتەوە.
  • قەیووم بۆ شارەوانییەکان؛ دیارترین، باوترین و هەستیارترین جۆری قەیوومە و زۆربەی جاریش قەیووم بۆ ئەو شارەوانییانە دانراوە، کە لەژێر دەستی پارتە کوردییەکانی باکووری کوردستاندا بوون.

قەیوم بۆ پارتى دەم

لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی ئازاری 2024ـەوە تاوەکو ئێستا، قەیووم بۆ 10 شارەوانیی ژێردەستی پارتی دەم دانراوە و سەرەڕای بەردەوامیی پڕۆسەی ئاشتی، هیچ کام لەو قەیوومانە لانەبراون و سەرۆکی شارەوانییەکان نەگەڕێنراونەتەوە سەر ئەرکەکانیان.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا دانانی قەیووم فراوانکرا و بۆ ژمارەیەکی زۆر لە شارەوانییەکانی سەر بە جەهەپەش دانرا.

وەزارەتى ناوخۆى تورکیا و مادەى 45


وەزارەتی ناوخۆی تورکیا بە پشتبەستن بە ماددەی 45ـی یاسای شارەوانییەکان، ئەگەر سەرۆک شارەوانییەک تۆمەتی "تیرۆر" یان هەر تۆمەتێکی قورسی ڕووبەڕوو بکرێتەوە، دووریدەخاتەوە و قەیووم لە جێگەی دادەنێت.

لە کاتێکدا پێویستە لە ئەنجوومەنی شارەوانیی کەسێک لە جێگەی سەرۆکی شارەوانیی هەڵبژێردرێت، بەڵام چەد ساڵێکە بەبێ ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن، ڕاستەوخۆ پارێزگار یان قایمقامی ناوچەکە وەک قەیووم دادەنرێت.

قەیووم بۆ پارتە سیاسییەکان
پارتە سیاسییەکانیش بەدوورنەبوون لە دانانی قەیووم و یەکێک لەو پارتانەی لە ماوەی ڕابردوودا قەیوومی بۆ دانراوە، پارتی سەعادەت بوو لە ساڵی 2010.

قەیووم بۆ کۆمپانیاکان

جگە لە شارەوانی و پارتەکان، قەیووم بۆ کۆمپانیا و ڕێکخراوەکانیش دادەنرێت. ئەگەر داواکاری گشتی بەڵگەی لە بەردەستدا بێت کە کۆمپانیایەک پارە سپی دەکاتەوە یان پارە بۆ ڕێکخراوی نایاسایی دەنێرێت، دادگا بڕیار دەدات دەست بەسەر بەڕێوەبەرایەتییەکەدا بگیرێت و لەلایەن قەیوومەوە بەڕێوەببرێت.

قەیووم بۆ میدیاکان

هاوکات میدیاکان لەو شوێنانەن زۆرترین قەیوومیان بۆ دادەنرێت. ڕۆژی چوارشەممە، هێزە ئەمنییەکان چوونە سەر بارەگای سەرەکیی تەلەڤیزۆنی خەڵک تیڤی لە ئیستانبوڵ و دەستیان بەسەردا گرت.

بە بڕیاری دادوەر، دەستەی بەڕێوبەرایەتیی تەلەڤیزیۆنەکە دوورخرایەوە و قەیوومی بۆ دانرا.

بەو جۆرەش ژمارەی ئەو تەلەڤیزیۆنانەی لە 20 مانگی ڕابردوودا قەیوومیان بۆ دانراوە، بۆ 10 تەلەڤیزیۆن بەرزبووەوە.

زانیاریی زیاتر بۆ تۆ

لە تورکیا قەیووم بۆ 13 کۆمپانیای بەرهەمهێنانی گۆشتی مریشک دانرا

ماوەی مانەوەی قەیووم لە جێگەی ئەحمەد تورک درێژکرایەوە

عەدنان ئەحمەد

2 کاتژمێر پێش ئێستا