لە شکستەوە بۆ دروستکردنی ئایندە
سەلام تاهیر
دوای شکستە گەورەکەی هەڵبژاردەی تۆپی پێی تازەپێگەیشتوانی کچانی عێراق لە پاڵەوانێتی جامی ئاسیا ،
دروستکردنی ستراتیژییەکی درێژخایەن و بنەڕەتی تاکە ڕێگەیە بۆ بونیادنانەوەی هەڵبژاردەیەکی بەهێز .
یەکێتی تۆپی پێی عێراق و لیژنەی ئافرەتان دەبێت لە جیاتی چارەسەری کاتی، دەست بکات بە چاکسازیی بنەڕەتی .
ئەویش بە کارکردن بۆ سەرکەوتنی تۆپی پێی کچان کە بریتین لە :
۱. دروستکردنی فێرگەی تایبەتمەند بۆتەمەنەکانی ( ٥ تا ۱۲ساڵ ) ،
ناکرێت یاریزان تەنها پێش پاڵەوانێتییەکان کۆبکرێتەوە . دەبێت فێرگەی فەرمی لە سەرجەم پارێزگاکان بەدیاریکراوی بۆ کچانی منداڵ و تازەپێگەیشتوو بکرێنەوە .
کردنەوەی خولی قوتابخانەکان : هاوکاری لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە بۆ بەڕێوەبردنی پاڵەوانێتیی بەردەوامی کچان لە ئاستی قوتابخانە بنەڕەتی و ئامادەیییەکان .
۲. دابینکردنی ژێرخانی سەربەخۆ و شایستە :
یاریگا و کاتی مەشقکردنی تایبەت:
دابینکردنی کات و یاریگای گونجاو لە کاتژمێرە گونجاوەکاندا (نەک کاتی گەرما یان کاتی نەگونجاو) بۆ ئەوەی فێرگەکان بتوانن بە شێوازێکی بێوچان و بێ ئاستەنگ ڕاهێنان بکەن .
داهات و پاڵپشتی دارایی : تەرخانکردنی بودجەیەکی تایبەت و ڕاستەوخۆ بۆ تۆپی پێی کچان ، تا یانەکان هان بدرێن تیپی کچان ببنە خاوەنی کەلوپەل و پێداویستیی شایستە .
۳. گەشەپێدانی کادیرانی ڕاهێنەرایەتی ئاسیایی و ناوبژیوانی
وبەرزکردنەوەی ئاستی ڕاهێنەران:
ڕێکخستنی خولی ڕاهێنەرایەتی (C, B, A) بۆ ئافرەتان بۆ ئەوەی ڕاهێنەری شارەزا و خاوەن بڕوانامە سەرپەرشتی یاریزانانی تازەپێگەیشتووان بکەن.
پەروەردەکردنی ڕاهێنەری توانای جەستەیی و دەروونی:
تەنها لایەنی تەکتیکی بەس نیە ، یاریزانانی تازەپێگەیشتوان پێویستیان بە ئامادەکاری جەستەیی و خۆراكی دروست و بەهێزکردنی ئیرادەی دەروونی هەیە .
٤. خولی بەردەوام بۆ ئاستە تەمەنییەکان :
خولی فەرمی بۆ تەمەنەکانی U-15 و U-17 :
پەرەپێدانی خولێکی بەردەوام کە بە لانی کەمەوە ٦ تا ٨ مانگ لە ساڵێکدا کارا بێت ، تا یاریزانان لە ڕیتمی یاری پێشبڕکێ دا بمێنێنەوە .
٥. دروستکردنی کەشوهەوایەک بۆ پشتگیری کۆمەڵایەتی :
هۆشیارکردنەوەی بنەماڵەکان : هاندانی خێزانەکان و ڕوونكردنەوەی سوودەکانی وەرزش بۆ کچەکانیان ، بە مەبەستی ڕەواندنەوەی تەواوی ڕێگرییە کۆمەڵایەتییەکان .
میدیا و ڕاگەیاندن :
دروستکردنی ڕووماڵی میدیایی گونجاو بۆ پیشاندانی سەرکەوتنەکانی کچان و بەرزکردنەوەی ورەی تیپەکان.
شکست لە ئاستی تازەپێگەیشتوان دا دەکرێت ببێتە خاڵی وەرچەرخان ، بەو مەرجەی یەکێتی تۆپی پێی عێراق و و لیژنەی ئافرەتان بە دیدگایەکی زانستی، دوور لە بڕیاری سۆزداری و بە پلانی درێژخایەنی ٤ تا ٦ ساڵ کار بکەن و دور بکەونەوە لە لە خاتر و خۆتر لە هەڵبژاردنی یاریزانان دا کە ئەمە زۆرترین کاریگەری هەبوو لەسەر ئاستی هەڵبژاردەکە و دور بکەونەوە لە ناوی زل و هەڵنەخەڵەتێن بە یاریزانی پیشەگەر تا نەچنە بنج و بناوانی .
2 کاتژمێر پێش ئێستا