شێرپەنجەی مەمک

27ی ئۆکتۆبەری هەموو ساڵێک، رۆژی جیهانی وشیارییە سەبارەت بە شێرپەنجەی مەمک
27ی ئۆکتۆبەری هەموو ساڵێک، رۆژی جیهانی وشیارییە سەبارەت بە شێرپەنجەی مەمک

شێرپەنجەی مەمک، یەکێکە لە باوترین جۆرەکانی شێرپەنجە، کاردەکاتە سەر ژنان و پیاوانیش. کاتێک روودەدات کە بازدان لە خانەکانی مەمکدا روودەدات و خانەکان دەبن بە شێرپەنجەیی. ئەم جۆرە شێرپەنجەیە، زیاتر لە ژنانی سەروو 50 ساڵدا روودەدات، بەڵام لە خوار 50 ساڵی و تەنانەت لە پیاوانیشدا ئەگەری روودانی هەیە.

نیشانەکان چین؟

شێرپەنجەی مەمک دەکرێت چەندین نیشانەی هەبێت، بەڵام ئەم نیشانانە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕێن.

  • گۆڕان لە رەنگ و شێوەی مەمک
  • بوونی گرێ لە مەمکدا
  • بوونی گرێ لە دەوروبەری مەمک یان ژێرباڵ بەشێوەیەکی بەردەوام (واتە ئەم گرێیە لەگەڵ سووڕی مانگانە ناگۆڕێت)
  • گۆڕان لە پێستی مەمک، بۆنموونە لەوانەیە چاڵ ببێت یان گرنجاوی ببێت وەکو توێکڵی پرتەقاڵ
  • بوونی دەردراوی روون یان خوێناوی لە گۆی مەمکەوە

چی مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک زیاددەکات؟

  • تەمەن: سەروو 55 ساڵ
  • رەگەز: ژنان ئەگەری تووشبوونیان زیاترە بەراورد بە پیاوان
  • مێژووی خێزانی: ئەگەر لە خێزاندا ئەم نەخۆشییە هەبێت، ئەگەری تووشبوون زیاترە
  • بۆماوەیی: نزیکەی %15 ئەو کەسانەی تووشی شێرپەنجەی مەمک دەبن، بەهۆی بۆمانەوەی هەندێک جینەوەیە
  • جگەرەکێشان: رۆڵی هەیە لە دروستبوونی چەندین جۆری شێرپەنجە، لەوانە شێرپەنجەی مەمک
  • کحول
  • قەڵەوی
  • چارەسەر بە تیشک
  • وەرگرتنی هۆرمۆنی جێگرەوە

ماکەکانی شێرپەنجەی مەمک چین؟

سەرەکیترین ماکی ئەم شێرپەنجەیە، بڵاوبوونەوەیەتی بۆ شوێنەکانی دیکەی جەستە، وەکو: مێشک، ئێسک، جگەر و سییەکان. بەگوێرەی توێژینەوەکان، یەک لە سێ کەسی تووشبوو، نەخۆشییەکەیان بڵاودەبێتەوە و دەڕوات بۆ بەشەکانی دیکەی جەستە.

ئەم شێرپەنجەیە چۆن دەستنیشان دەکرێت؟

هەنگاوێکی زۆر گرنگ کە دەکرێت بگیرێتەبەر بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا، خودپشکنینە.
دوای ئەوەی لە کاتی خودپشکنیندا هەست بە نائاساییبوونێک دەکرێت، پێویستە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت. پزیشک بەگوێرەی پێویستی، داوادەکات پشكنینەکانی وەکو مامۆگرام، سۆنار و نموونەوەرگرتن ئەنجامبدرێن.

چارەسەر چییە؟

کۆمەڵێک رێگەی جۆراوجۆر هەن بۆ چارەسەرکردنی ئەم شێرپەنجەیە، بۆنموونە:-

  • نەشتەرگەریی دەرهێنانی گرێ
  • نەشتەرگەریی لابردنی مەمک
  • چارەسەری کیمیایی
  • چارەسەری تیشکی
  • چارەسەری بەرگری
  • چارەسەری هۆرمۆنی

واتە بەپێچەوانەی تێگەیشتنی خەڵکەوە، تاکە چارەسەری ئەم شێرپەنجەیە، نەشتەرگەریی لابردنی مەمک نییە.

ئەم شێرپەنجەیە رێگریلێدەکرێت؟

لەوانەیە ئەم شێرپەنجەیە رێگری لێ نەکرێت، بەڵام لەرێگەی ئەنجامدانی خودپشکنینەوە دەکرێت لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا دەستنیشانبکرێت، بۆئەوەی بەباشترین شێوە چارەسەری نەخۆشییەکە بکرێت.