لە ئەنجوومەنى وەزیرانەوە بەڵگەى نایاساییبونى کەمکردنەوەى ڕێژەى دانیشتوانى هەرێمى کوردستان خرایەڕوو

ئارام قەرەداغی 1 کاتژمێر پێش ئێستا
ئامانج ڕەحیم، سکرتێرى ئەنجوومەنى وەزیران
ئامانج ڕەحیم، سکرتێرى ئەنجوومەنى وەزیران

پووختەى هەواڵەکە

  • سکرتێرى ئەنجوومەنى وەزیران چەند بەڵگەیەکى نایاساییبونى کەمکردنەوەى ڕێژەى دانیشتووانى هەرێمى کوردستان دەخاتەڕوو.
  • ئامانج ڕەحیم: کەمکردنەوەى ڕێژەى دانیشتووان دژى دەستوور و یاسا کارپێکراوەکانە.
  • ئامانج ڕەحیم بانگەواز لە لایەنە سیاسییەکان دەکات هەوڵ بۆچارەسەرى کێشەى کەمکردنەوەى ڕێژەى دانیشتووانى هەرێمى کوردستان بدەن.

سکرتێرى ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، کەمکردنەوەى ڕێژەى دانیشتووانى هەرێمى کوردستان، پێچەوانەى دەستوور و یاسا کارپێکراوەکان و پێوەرەکانى نەتەوە یەکگرتووەکانیشە.


ناوەڕۆکى ڕاگەیێنراوەکەى سکرتێرى ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان

ئامانج ڕەحیم، سکرتێرى ئەنجوومەنى وەزیران کە ئەندامى شاندى دانوستانکارى هەرێمى کوردستانیشە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغداد، ڕایگەیاند، لە بڕگەى یەکەم لە ماددەى دەیەم لە ڕەشنووسى یاساى بودجەى گشتیى فیدراڵى بۆ ساڵى 2027، ڕێژەى دانیشتووانى هەرێمى کوردستان بە 12.7% دیاریکراوە لەکاتێکدا بەگوێرەى دوواین سەرژمێرى 14.14% بووە و کەمکردنەوەى 1.44% تەنیا کەمکردنەوەى ژمارە و ئامار نییە، بەڵکو دەبێتە هۆى کەمکردنەوەى شایستە داراییەکان و کەمبوونەوەى پرۆژەکان و خزمەتگوزارییەکان.

سکرتێرى ئەنجوومەنى وەزیران کە خۆى کەسێکى یاساییە، سەرەتا باس لە نادەستوورى بوونى بڕیارەکەى حکومەتى فیدراڵ دەکات و دەڵێت، بەگوێرەى ماددەى 121ـى دەستوور بڕگەى سێیەم هەرێمى کوردستان مافى هەیە پشکى دادپەروەرانە لە داهاتە فیدراڵییەکان بە ڕەچاوکردنى ڕێژەى دانیشتووان وەربگرێت.

ئامانج ڕەحیم دەڵێت، بەبڕیارى ئەنجوومەنى وەزیرانى فیدراڵ لە مانگى تشرینى دووەمى ساڵى 2024 پێویست بوو هەردوو وەزارەتى پلاندانانى فیدراڵ و هەرێمى کوردستان سەرپەرشتى سەرژمیرىیی بکەن بەهاوکارى وەزارەتى ناوخۆى فیدراڵ بەراودکارى ئاکامەکانى سەرژمێریی بکرێت.

ئامانج رەحیم باس لە ناوەڕۆکى بڕیارەکان دەکات دەڵێت" لەهیچ شوێنێک دەسەڵاتى نەداوەدە وەزارەتى پلاندانانى فیدراڵ دەستکارى ڕێژەى دانیشتووانى هەرێمى کوردستان بکات، بۆیە ئەگەر بەبڕیارى تاکلایەنانە درابێت شیاوى تانەدان و هەڵوەشاندنەوەیە و پێشێلکارییەکى دیکە ئەوەبووە بەراوردکارى لە داتاکانى ناوچەکانى ماددەى 140 نەکراوە و چەندین سەرپێچى دیکە لەوناوچانە ئەنجامدراوە.

لەدرێژەى ڕوونکردنەوەکەیدا ئامانج ڕەحیم باسلەوەشدەکات پێویستبوو عێراق پابەندى پێوەرەکانى نەتەوەیەکگرتووەکان بێت چونکە لە یاسا عێراقییەکان ئاماژەى پێکراوە و بەگوێرەى پێوەرەکانى نەتەوەیەکگرتووەکان ئەوکەسانەى لە هەرێمى کوردستان نیشتەجێن بە دانیشتووى هەرێمى کوردستان هەژمار دەکرێن، ئاوارەکانیش مادەم بارگرانى لە خزمەتگوزارییەکان بۆ هەرێمى کوردستان دروستدەکەن پێویستە بە دانیشتووانى هەرێمى کوردستان هەژمار بکرێن.

ئەندامى شاندى باڵاى دانوستانکارى هەرێمى کوردستان دواى هەفتەیەک گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانى حکومەتى فیدراڵ دەڵێت" پێوەرە ئامارییەکان پێویستە لەسەرجەم پارێزگاکان وەک یەک هەژمار بکرێن نەک تەنیا لە هەرێمى کوردستان، چونکە بەگوێرەى زانیارییە فەرمییەکان ژمارەى دانیشتووانى هەرێمى کوردستان لە شەش ملیۆن و 519هەزار و 129کەس کەمکراوەتەوە بۆ پێنج ملیۆن و 805هەزار و 142کەس کە کۆى گشتى 713هەزار و 987کەس کەمکراوەتەوە لە کاتێکدا لەم ژمارەیە 220هەزار و 591کەسیان بیانین و عێراقى نین تا بگەڕێندرێنەوە سەر داتاى پارێزگاکانى خۆیان، ئەم ڕێکارە لە پارێزگاکانى دیکە جێبەجێ نەکراوە.

لەبارەى بەڵگەنامە فەرمییەکانى وەزارەتى پلاندانان ئامانج ڕەحیم دەڵێت" لە 2018 و 2022 رێژەى دانیشتووانى هەرێمى کوردستان 14% بووە بەڵام لە 2024 کەمکراوەتەوە بۆ 12.67%.

دواى ئاشکراکردنى هەموو بەڵگەنامەفەرمییەکان، ئامانج ڕەحیم دەڵێت، ئێستا ناتوانرێت تانە لە ڕەشنووسى بودجە بدرێت، بەڵام پێویستى بە هەوڵى یاسایی و دامەزراوەیی هەیە بۆئەوەى پێش پەسەندکردنى یاساى بودجە پێداچوونەوەى بۆ بکرێت، بۆیە بانگەواز لە لایەنە سیاسییەکان، نوێنەرانى کورد لە بەغداد،سەرجەمیان هەڵوێستێکى ڕوون و هاوبەشسان هەبێت و داکۆکى لە ڕێژەى ڕاستەقینەى دانیشتووانى هەرێمى کوردستان بکەن، تاوەکو کار لەکارنەترازاوە و بودجە پەسەندنەکراوە ئەم بابەتە بەشێوەى یاسایی و زانشتى چارەسەربکرێت چونکە پرسێکى نیشتمانییە و پەیوەندیی بە سەرجەم دانیشتووانى هەرێمى کوردستان هەیە.

ئارام قەرەداغی

1 کاتژمێر پێش ئێستا