تێچووى دەرهێنانی پاسپۆرت زیاد کرا

کیژان مەحمود 2 کاتژمێر پێش ئێستا
پاسپۆرتی عێراقی
پاسپۆرتی عێراقی

پووختەى هەواڵەکە:

  • 10 هەزار دینار بۆ دەرهێنانى پاسپۆرت زیاد کرا.
  • بە تەلەفۆنێک پاسپۆرتی سلێمانی لە بڕیارەکە ئاگادار کرایەوە.
  • بەرێوەبەرى پاسپۆرتى سلێمانى بە "نادادپەروەری" دەزانێت.

لەوبارەیەوە عەمیدی مافپەروەر سالار عەبدوڵا، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، تاوەکو دوێنێ تێچووى دەرهێنانى پاسپۆرت هەر 91 هەزار دینار بووە، بەڵام بەیانی ئەمڕۆ 15ـی تشرینی یەکەم بەبێ نووسراوی فەرمی، تەنیا بە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە، ئاگادارکراونەتەوە کە تێچووەکە بۆ 101 هەزار دینار بەرزبووەتەوە.


عەمید سالار عەبدوڵا:

  • خێرە عێراق بەبێ ئەنجوومەنی نوێنەران دەتوانێت تێچووى دەرهێناى پاسپۆرت زیادبکات، بەڵام بەبێ ئەنجوومەنەکە ناتوانێت کەمیبکاتەوە.
  • هەر هاونیشتمانییەک گازندەی هەیە دەتوانێت ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ژمارە 911ـی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بکات.
  • ئێمە بەنیازی دابەزینی تێچووى دەرهێنانی پاسپۆرت بووین بۆ ئەوەی بکرێتە 10 هەزار  دینار.
  • ئەم نرخە بەرزە لەگەڵ بژێوی و گیرفانی هاونیشتمانییاندا ناگونجێت.
  • پارەدان هەر بە بانکی و ئەلیکترۆنییە.
  • ئەمڕۆ ئەو بڕیارە کاریگەری لەسەر تێکڕای فەرمانبەران و سەردانیکەرانیان کردووە.

تێچوویەکى گرانە

بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی جەختی کردەوە، بەراورد بە وڵاتان نرخی پاسپۆرتی عێراق زۆر گرانە، لەو بارەیەوە چەند نمونەیەکى هێنایەوە.

  • لە ئیسپانیا کە هەرچەندە ئاست بژێوی هاوڵاتییان بەرزە، بەڵام دەرهێنانی پاسپۆرتی ئەو وڵاتە بە 48 هەزار دیناری عێراقییە.
  • لە سوید دەرهێنانی پاسپۆرت بە 72 هەزار دینار عێراقییە جیالەوەی بە پاسپۆرتی سوید کە هێندە بەهێزە، دەتوانێت بەبێ ڤیزا گەشتی 186 وڵات لە کۆی 194 وڵات بکات.

سالار عەبدوڵا، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی ڕایگەیاند، بۆ ڕەتکردنەوەى بڕیارەکە نووسراو بۆ وەزارەتى ناوخۆى عێراق دەکەن، ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر بەتایبەتی نووسراویان کردووە بۆ ئەوەى ئەو کەسانەی نەخۆشی شێرپەنجە و ئۆتیزمیان هەیە، بەخۆڕایی پاسپۆرتیان بۆ دەربهێنرێت، بەڵام وەڵامى بەغداد ئەوە بووە، کە دەبێت ئەنجوومەنی نوێنەران یاسا بگۆڕێت ئەوکات ئەو هەنگاوە دەنرێت.

کیژان مەحمود

2 کاتژمێر پێش ئێستا