ئەلکاراز بەشداریی ماستەری ڤیەننا دەکات

نەورۆز عوسمان 1 کاتژمێر پێش ئێستا

پوختەی هەواڵ:

  • کارلۆس ئەلکاراز بۆ یەکەم جار لە دوای ساڵی 2021ەوە دەگەڕێتەوە بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتی تێنسی ڤیەننا.
  • بەشداریکردنی ناوبراو دوای ئەوە هات کە پاڵەوانێتی "ملووک ئەل ستە" لە سعوودیە بۆ کۆتایی مانگی کانوونی یەکەم دواخرا.
  • پاڵەوانێتییەکە لە 26ی تشرینی یەکەم تاوەکو ڕێکەوتی یەکی تشرینی دووەم بە بەشداریی پێنج لە باشترین دە یاریزانەکەی جیهان بەڕێوە دەچێت.
  • یاریزانە ئیسپانییەکە ئەم هەلە دەقۆزێتەوە بۆ گەڕاندنەوەی ڕیتمی کێبڕکێکان دوای پێکانە درێژخایەنەکەی ئەم وەرزە.

کارلۆس ئەلکارازی ئیسپانی، سێیەمی ڕیزبەندیی جیهان، بۆ یەکەم جار لە دوای ساڵی 2021ەوە دەگەڕێتەوە بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتی تێنسی ڤیەننای 500 خاڵی، کە بڕیارە لە 26ی تشرینی یەکەم تاوەکو سەرەتای مانگی تشرینی دووەم بەڕێوە بچێت.

بە گوتەی ڕێکخەران، دوای ئەوەی ڕۆژی چوارشەممە ئاشکرا بوو کە پاڵەوانێتی " ملووک ئەل ستە "ی سعوودیە -کە وا بڕیار بوو لە 21 تا 24ی تشرینی یەکەم بەڕێوە بچێت- بۆ کۆتایی مانگی کانوونی یەکەم دواخراوە، هێربیگ ستراکا، بەڕێوەبەری پاڵەوانێتی ڤیەننا، دەستبەجێ پەیوەندیی بە تیمی ئەلکارازەوە کردووە و یاریزانەکەش بەبێ هیچ دوودڵییەک ڕەزامەندیی نیشانداوە.

ئەلکاراز، کە حەوت نازناوی گراند سلامی لە کاروانی وەرزشییدا بەدەستهێناوە، لەم وەرزەدا بەهۆی پێکان لە مەچەکی ڕاستیدا لە مانگی نیسانەوە تاوەکو ئاب لە یاریگەکان دابڕابوو و بەو هۆیەوە ئەنجامەکانی جێگیر نەبوون، بەڵام بەشداریکردنی لە ڤیەننا یارمەتی دەدات پێش دەستپێکردنی پاڵەوانێتیی ماستەری پاریس، ئاستی ئاسایی خۆی بگەڕێنێتەوە.

وەشانی 2026ی پاڵەوانێتییەکە پێنج یاریزانی دیکەی لە 10 باشترینەکەی جیهان تێدا دەبێت، دیارترینیان ئەلیکساندەر زڤێرێڤی ئەڵمانی کە لە لووتکەی ڕیزبەندییەکەدایە، لەگەڵ دانیێل میدڤێدێڤ، فلاڤیۆ کۆبۆلی، ئالێکس دی مینۆر و فرەنسیس تیافۆ.

نەورۆز عوسمان

1 کاتژمێر پێش ئێستا