لە ئیستانبوڵ قورسترین لافاوی 84 ساڵی ڕابردوو دروستبوو

محەمەد عەلی 2 کاتژمێر پێش ئێستا

پووختەى هەواڵەکە

  • لە ئیستانبوڵ قورسترین لافاوی84  ساڵی ڕابردوو هەستا.
  • بەهۆی لافاوەکەوە سێ کەس گیانیان لەدەستداوە چوار کەس بێسەروشوێنن.
  • حەوت یەکی بارانی ساڵێک لەماوەی چەند کاتژمێرێکدا باریوە.

ئەمڕۆ پارێزگای ئیستانبوڵ بڵاویکردەوە، تەرمی پیاوێکیان لە نزیک پارکی سەداباد لە ناوچەی کاغزخانە دۆزیوەتەوە و بەوشێوەیەش ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئەنجامی لافاوەکەدا گیانیان لەدەستداوە بۆ سێ کەس بەرزبوویەوە.


ڕووداوەکانى پشت لافاوەکەى ئیستانبوڵ و ئەنجامەکان

  • منداڵێکی تەمەن14  ساڵ لە کاتی ڕۆیشتن بەناو گۆمێک ئاودا، کارەبا گرتی و گیانی لەدەستدا.
  • لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەستیپێکردووە.
  • کەسێکی دیکە لە کاتی پەڕینەوە لە لافاوەکە کەوتووە و بەهۆی ئەوەی زەبر بەر سەری کەوتووە، گیانی لەدەستداوە.
  • داوود گول، پارێزگاری ئیستانبوڵ پشووی خوێندنگەکانی تاوەکو ڕۆژی هەینی 16ـی تشرینی یەکەم درێژکردەوە.
  • بڕیارەکە بەهۆی پێشبینی بەردەوامی بارانبارین بۆ ماوەی دوو تاوەکو سێ ڕۆژی دیکە دراوە.
  • بەهێزترین بارانبارینی 84 ساڵی ڕابردوو لە ئیستانبوڵ تۆمارکراوە.
  • لە زیاتر لە هەزار و 200 شوێن ئاو چووەتە نێو ماڵ و شوێنکارەکانەوە.
  • چەندین ئۆتۆمبێل بوون بە ژێر ئاوەوە.
  • 15 ڕووداوی ڕۆچوونی زەوی، شکانەوەی 13 درەخت و هەڵتەکانی بنمیچی دوو باڵەخانە تۆمارکراوە.
  • مستەفا چفتچی، وەزیری ناوخۆ: لە هەندێک ناوچەی شارەکە272  میللیمەتر باران باریوە.
  • ئەم بڕە یەکسانە بە یەک لەسەر حەوتی بڕی بارانبارینی ساڵانە لە ئیستانبوڵ.
  • تێکڕا 6937 داواکاری و ئاگاداریی گەیەندراونەتە یەکەکان و تیمەکانی شارەوانیی شارەکە.
  • گەورە شارەوانیی ئیستانبوڵ: 595 کەسیان لە سەرانسەری شارەکەدا دەربازکردووە کە گیریان خواردبوو.
  • قەدەغەی هاتنە دەرەوەی ماتۆڕسکیلەکان بۆ سەر شەقام بەردەوامە.

ژێرخانی شارەکە تووشی شۆک بووە، لافاوەکە چووەتە ناو چەندین وێستگەی میترۆ، نەخۆشخانە و بازاڕە مێژووییەکان. زیاتر لە 51 گەشتی ئاسمانی کە بڕیاربوو لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئیستانبوڵ بنیشنەوە، ئاڕاستەکەیان گۆڕدرا بۆ شارەکانی دیکەی تورکیا، هاوکات 19 گەشتیش هەڵوەشێنراونەتەوە.

محەمەد عەلی

2 کاتژمێر پێش ئێستا