داوای دەستپێکردنەوەی دانوستاندنە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکرێت
سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، داوای لە سەرکردەکانی جیهان کرد، دەست بە گفتوگۆکانیان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بکەنەوە.
رائیل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی کردووە، هەڕەشەی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران بەجددی وەربگرن.
راشیگەیاندووە، پێویستە رێوشوێنی نوێ لەبارەی دانوستاندنە ئەتۆمییەکانی ئێرانەوە بگرنەبەر.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دۆخی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران نادڵنیایی زۆری تێدایە، بەوهۆیەوە گرنگە سەرکردەکانی جیهان دەست بە دانوستاندنەکانیان لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانەوە بکەن.
بەگوتەی گرۆسی، هەوڵەکان بۆ سنووردارکردنی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران لە رێگەی زیندووکردنەوەی رێککەوتننامەی پێشووی ئەتۆمییەوە، سەرکەوتوو نەبووە.
سەرۆکی ئاژانسی وەزی ئەتۆم، باسى لەوەشکرد، رێککەوتنی پێشووی ئەتۆمیی لە نێوان ئێران و وڵاتانی رۆژئاوایی، کە پلانی گرتنەبەری رێوشوێنی هاوبەش بوو لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بۆ دۆخی ئێستا وەڵامدەرەوە نابێت، بۆیە پێویستە بەگوێرەی ئەو دۆخە نوێیەی هاتووەتە پێشەوە، رێککەوتننامەیەکی نوێی هاوبەش، یان رێککەوتنی ژمارە 2ی هاوبەش بکرێت.
گرۆسی نیگەرانیشی لەوە دەربڕیوە، ئێران لەمانگی ئازاری رابردوودا، دووبارە خستنەوەکاری کامێراکانی چاودێریی لە وێستگە ئەتۆمییەکان رەتکردووەتەوە.
بەگوێرەی پێوەرەکانی ئاژانسی وزەی ئەتۆم، 42 کیلۆگرام یۆرانیومی پیتێندراو بە رێژەی 60% ئەگەر رێژەی پیتاندنەکەی چڕتر بکرێتەوە، بەشی دروستکردنی بۆمبێکی ئەتۆم دەکات،گرۆسییش دەڵێت، ئێران 22 هێندەی رێگەپێدراو بە گوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان، یۆرانیۆمی پیتێندراوی هەیە.
لە دوایین راپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ئاماژە بەوەکرابوو، بڕی یۆرانیومی پیتێندراوی ئێران بە رێژەی 60% زیادیکردووە و گەیشتووەتە 128 کیلۆگرام و ئەوەش بەشی دروستکردنی سێ بۆمبی ئەتۆمی دەکات.
گرۆسی ئەوەشی گوتووە، گەرچی ئێران پیتاندنی یۆرانیومی بە رێژەی 60% کەمکردووەتەوە، بەڵام پیتاندنەکەی رانەگرتووە، پێشتر ئێران مانگانە 15 کلیۆگرام یورانیۆمی پیتێندراوی بە ڕێژەی 60% بەرهەمدەهێنا، بەڵام لە چەند مانگی رابردوودا، ئێران مانگانە حەوت کیلۆگرام یۆرانیومی بەرێژەی 60% پیتاندووە.
پێشتریش بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاندبوو، ئێران تەنیا دوو هەفتە کاتی پێویستە، کە یۆرانیۆمی پیتێندراو بە رێژەی 60% بەرز بکاتەوە بۆ 90% و ئەو رێژەیەش بەشی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆم دەکات، بەڵام بەرپرسانی ئێران رایانگەیاندبوو، هەندێک لە یۆرانیۆمی پیتێندراویان لە رێژەی 60% ەوە گەیاندووەتە یۆرانیومی پینتێندراو بە رێژەی 83%.
01/12/2023