پێنج رێنمایی بۆ پرکردنەوەی قژ
رووتانەوەی قژ یەكێکە لەو کێشانەی بەشێکی زۆری خەڵک بەدەستییەوە دەناڵێنن. ئەم کێشەیە چەندین هۆکاری جۆراوجۆری هەیە، لەوانە: بۆماوەیی، نەخۆشییەکانی غوددە، هەندێک دەرمان، کەمیی کانزا و ڤیتامینەکان و زیادبوونی هەندێک جۆری هۆرمۆن بەناوی ئەندرۆجینەکان.
رووتانەوەی قژ دوو جۆری هەیە، جۆری یەکەمیان ئەوەیە دوای رووتانەوە، قژەکە بەشێوەیەکی سروشتی پڕنابێتەوە و دەبێت بە نەشتەرگەری بچێنرێتەوە، جۆری دووەمیان ئەوەیە کە بە وەرگرتنی چارەسەری پێویست، دەکرێت قژ دووبارە پڕببێتەوە. کۆمەڵێک رێگەی سروشتی هەن، ناکرێت وەکو چارەسەر مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، بەڵام یارمەتیی پربوونەوەی قژدەدەن:
مەساج
مەساجکردنی سەر یەکێکە لە یارمەتیدەرەکانی پڕکردنەوەی قژ، چونکە هانی زیادبوونی جۆرێک لە خانەکانی ناو پێستی سەر دەدات، ئەو خانانەش رۆڵیان هەیە لە زیادبوونی مووەکان.
بەگوێرەی توێژینەوەیەک کە لە ساڵی 2019دا بڵاوکراوەتەوە، مەساجکردن وادەکات خوێنی زیاتر بچێت بۆ پێستی سەر، ئەمەش یارمەتیی زیادبوونی قژ و تەندروستیی گشتیی پێستەکە دەدات.
توێژینەکە ئاماژە بەوە دەکات مەساج دەبێت بە سەری پەنجەکان بکرێت، نەوەکو بە نینۆک، بەجۆرێک فشارێکی مامناوەند بخرێتە سەر پێست. هەرچەند کاتێکی دیاریکراو نییە بۆ ئەنجامدانی مەساجەکە، بەڵام توێژینەوەکە باس لەوە دەکات رۆژانە چوار خولەک مەساجکردنی پێست سوودی بەرچاوی دەبێت.
ئەلۆڤێرا
ئەلۆڤێرا بۆ چەندین مەبەستی جۆراوجۆر بەکاردەهێنرێت و سوودی زۆرە، بۆنموونە یارمەتیی نەمانی کڕێشی قژ دەدات، کونیلەی مووەکان دەکاتەوە، بۆئەوەی ئەو چەورییەی لەژێریاندا کۆبووەتەوە بێتەدەرەوە.
ئاوی پیاز
یەکێکە لە سەیرترین رێگەکان و لەوانەیە هەموو کەسێک نەتوانێت بەرگەی بۆنەکەی بگرێت. کەسێک کە کێشەی لەگەڵ بۆنی پیازدا نییە، دەتوانێت سوود لەم رێگەیە وەربگرێت.
لیمۆ
ئاوی لیمۆ بێت یان رۆنی لیمۆ، جیاوازیی نییە و وەکویەک یارمەتیی پرکردنەوەی قژ دەدەن. بەتەواوی روون نییە چۆن لیمۆ سوود بە قژ دەگەیەنێت، بەڵام دەرکەوتووە ئەو کەسانەی 15 خولەک بەرلە شۆردنی قژ، لیمۆ دەکەن بە پێستی سەریاندا، خێراتر قژیان دێتەوە.
رۆنی گوێزهند
رۆنی گوێزهند، جۆرێک ترشی چەوری تێدایە پێی دەگوترێت ترشی لۆریک، دەچێتە ناو مووەکانەوە و وایانلێدەکات رێژەی پرۆتین لەناویاندا پارێزراو بێت. ئەم رۆنە دەکرێت بەرلە شۆردنی قژ یان دوای قژشۆردن بەکاربهێنرێت، ئەمەیان بەگوێرەی جۆری قژەکە دەگۆڕێت.
قژی چەور، واباشە سەرەتا رۆنەکەی لێبدرێت، ماوەی چەند کاتژمێرێک لەسەری بێت و دواتر بشۆردرێت.
01/12/2023