گوتەبێژە نوێیەکەی ترەمپ جەنگی وشە دژ بە چین هەڵدەگیرسێنێت
پووختەی هەواڵەکە
- گوتەبێژە نوێیەکەی کۆشکی سپی دەڵێت، چین تەنانەت تەوالێتیی گونجاویشی نییە
- وەزارەتی دەرەوەی چین داوا لە کەیتی زەکەریا دەکات سەردانی چین بکاتەوە
- گومان لە بڕوانامەی کەیتی زەکەریا، گوتەبێژە نوێیەکەی کۆشکی سپی دەکرێت
کەیتی زەکەریا کە لە سەرەتای ساڵانی 2010دا لە چین ژیاوە، لە چاوپێکەوتنێکی میدیایدا ئەزموونی خۆی لەو وڵاتە گێڕایەوە و گومانی لەو پێشبینیانە کرد کە دەڵێن، پەکین دەتوانێت لە ڕووی پێشکەوتنەوە واشنتن تێپەرێنێت و گوتی: "لە ساڵی 2016 ئەو بۆچوونە باو بوو کە چین لەسەر ڕێگەیە بۆ ئەوەی پێش ئەمریکا بکەوێت"، بەڵام ئەو گومانی لەو تێڕوانینە کرد و گوتی:"چینییەکان تەنانەت ئاودەستی گونجاویشیان نییە، چۆن دەتوانن ببنە وڵاتی پێشەنگی جیهان".
چین وەڵامدەداتەوە
- ماو نینگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین بەپێکەنینەوە گوتی: "بانگهێشتی دەکەین هەرکاتێک دەرفەتی بۆ ڕەخسا زیاتر سەردانی چین بکات".
گومانەکانی سەر کەیتی
- لەم ڕۆژانەی دوایدا کەیتی زەکەریای تەمەن 41 ساڵ لە لایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە وەک گوتەبێژی کۆشکی سپی دەستنیشانکرا.
- زەکەریا خۆی وەک پارێزەرێک ناساندووە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش لە کاتی دەستبەکاربوونیدا وەک پارێزەر ناساندی.
- میدیا ئەمریکییەکان گومانیان لەسەر پێگە پیشەییەکەی وروژاندووە، بەتایبەت بەهۆی ئەوەی ناوی لە تۆماری کۆمەڵەی پارێزەراندا نەبووە، سەرەڕای ئەوەی خاوەنی بڕوانامەی یاساییە لە زانکۆی پیپەرداین لە کالیفۆرنیا.
- دوای چەند ڕۆژێک لە مشتومڕ، کەیتیی زەکەریا ئێوارەی پێنجشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فۆکس نیوز دانی بەوەدانا کە لە تاقیکردنەوەی سەندیکای پارێزەران دەرنەچووە.
کاری یاسایی لە چین کردووە
لە چاوپێکەوتنێکی دیکەدا لەگەڵ "دەنگی ئەمریکای ڕاستەقینە"، زەکەریا ڕوونیکردەوە، ناوی خۆی بۆ تاقیکردنەوەی سەندیکای پارێزەران تۆمارکردووە، بەڵام ڕۆشتنی بۆ چین لەگەڵ هاوژینەکەی، بووەتە هۆی ئەوەی نەتوانێت تاقیکردنەوەکە بکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیاریداوە تاقیکردنەوەکە ئەنجامبدات و چاوەڕێی ئەنجامەکەی بکات، بەڵام ئەنجامەکەی بە گرنگ نەزانیووە، چونکە بۆ کارەکانی لە چین، پێویستی بەوە نەبووە.
ئەوەش لەکاتێکدایە لە ماوەی مانەوەیدا لە چین وەک شارەزای یاسایی لە کۆمپانیایەکی یاسایی بەناوبانگی چینی کاری کردووە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا