محەممەد سەمعان: تورکمانێکی دیکە لە شوێنی من دەبێتە پارێزگاری کەرکووک

شۆڕش محەمەد 2 کاتژمێر پێش ئێستا
، محەمەد سەمعان ئاغا، پارێزگاری کەرکووک، پێشوازی لە ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا و شاندی یاوەری کرد
، محەمەد سەمعان ئاغا، پارێزگاری کەرکووک، پێشوازی لە ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا و شاندی یاوەری کرد

پووختەی هەواڵەکە

  • پارێزگاری پێشووی کەرکووک ڕایگەیاند، لەسەر داواکاریی سەرۆکوەزیرانی عێراق پۆستی وەزیری دەوڵەتی وەگرتووە.
  • محەممەد سەمعان دەشڵێت، تورکمانێکی دیکە لە شوێنی من دەبێتە پارێزگاری کەرکووک
  • ئاکپارتی پیرۆزبایی لە محەممەد سەمعان دەکات

پاش ئەوەی دوێنێ لە دانیشتنێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا پەیوەست بە تەواوکردنی کابینەی حکومەتی عێراق، محەممەد سەمعان ئاغا، سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراق و پارێزگاری کەرکووک وەک وەزیری دەوڵەت هەڵبژێردرا، لە کۆمێنتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس دەڵێت: "لەسەر پێشنیازی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەو پۆستەی وەرگرتووە".


محەممەد سەمعان ئاغا، سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراق:

  • لە ئەمڕۆوە دەستم بەکارەکان کردووە وەک وەزیری دەوڵەت.
  • ئەوان وەک پێکهاتەی تورکمان دەستبەرداری پۆستی پارێزگاری کەرکووک نابن.
  • لەماوەی چەند ڕۆژی ئایندەدا، تورکمانێکی دیکە پۆستی پارێزگاری کەرکووک وەردەگرێت و بەڕێوەی دەبات.
  • کەرکووک لای ئێمە پیرۆزە و دەستبەرداری نابن.

کارە یاساییەکان چۆنن؟

دواى ئەوەى محەممەد سەمعان، وەک وەزیری دەوڵەت لە کابینەى عەلى زەیدى، سوێندی یاسایى خوارد، چاوەڕواندەکرێت لەم هەفتەیەدا دەستلەکارکێشانەوەى خۆى لە پۆستى پارێزگاری کەرکووک پێشکەشی ئیدارە و ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک بکات.

بەگوێرەى زانیارییەکانى کەناڵ8، بۆ ئەوەى محەممەد سەمعان، بتوانێت لە پۆستە نوێیەکەی وەک وەزیرى دەوڵەت دەستبەکاربێت، دەبێت دەستلەکارکێشانەوە لە پۆستى پارێزگاری کەرکووک پێشکەش بکات. بۆ ئەوە ماوەیەکی دیاریکراوی یاسایی لەبەردەستدایە.

بە گوێرەى ماددەى 28 لە یاساى ئەنجوومەنى پارێزگاکان کاتێک پارێزگار پۆستێکى نوێى وەرگرت و سوێندى یاسایى خوارد، دەبێت کەسێکى هەبێت بۆ ئەوەى کارەکان ڕایى بکات و ناکرێت لە یەککاتدا وەزیر بێت و پارێزگاریش بێت.

دوای پێشکەشکردنی دەستلەکارکێشانەوەی محەممەد سەمعان، بەگوێرەى یاسا دەبێت کەسێک لە ماوەى مانگێکدا دەستنیشان بکرێت بۆ وەرگرتنى پۆستى پارێزگارى کەرکووک، بە گوێرەى ڕێککەوتنى سیاسى لەنێوان کورد و عەرەب و تورکمانیش، پۆستى پارێزگارى کەرکووک تاوەکو سەرى ساڵى نوێ لەلاى بەرەى تورکمانى دەمێنێتەوە.

ڕێبوار تەها کەرکوک بەڕێوەدەبات

کەناڵ8 زانیوویەتى، تاوەکو ئەو کاتەى بەرەى تورکمانى بەربژێرێک بۆ پۆستەکە دیارى دەکات، ڕێبوار تەها جێگرى یەکەمى پارێزگاکە کارەکان ڕایى دەکات بەڵام وەکو جێگرى یەکەمى پارێزگا واتا بە فەرمى نابێت بە پارێزگارى بە وەکالەت بەڵکو ڕۆڵى پارێزگار دەبینێت.

بەگوێرەى یاساش ئەگەر لە ماوەى ئەو مانگەدا بەربژێرێک دیارى نەکرێت ئەوا لە دواى ئەو ماوەیە دەتوانرێت لە ڕێگەى دەستەى هەماهەنگى پارێزگاکان بڕیار بدرێت کە جێگرى یەکەم بە وەکالەت پۆستى پارێزگار وەربگرێت.

تورکیا پیرۆزبایی دەکات

هاوکات عومەر چەلیک، گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) پیرۆزبایی لە محەممەد سەمعان ئاغا دەکات بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی دەوڵەت لەم کابینەیەی حکومەتی عێراق و بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ ئایندەی عێراق ناویدەبات.

دوێنێ 15ـی تشرینی یەکەم، دانیشتنى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، بۆ تەواوکردنى کابینە وزارییەکەى عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیرانى عێراق، بە ئامادەبوونى زیاتر لە 268 پەرلەمانتار بەڕێوەچوو، تیایدا دەنگ لەسەر تەواوى بەربژێرەکان درا و محەمەد سەمعان وەک وەزیری دەوڵەت متمانەی پێدرا.

زانیاریی زیاتر بۆ تۆ

شۆڕش محەمەد

2 کاتژمێر پێش ئێستا