بە کەمتر لە کاتژمێرێک ئاگرەکەی تانجەرۆ کۆنترۆڵکرا
ئارام قەرەداغی 22 خولەک پێش ئێستا
پووختەى هەواڵەکە
- لە ئاگرەکەدا کۆگایەکی سووتەمەنی سووتا.
- زیانى گیانى نەبووە و تەنیا زیانى ماددیى هەبووە.
لەماوەی کەمتر لە کاتژمێرێکدا، ئاگری کۆگایەکی سووتەمەنی لە ناوچەی پیشەسازیی تانجەرۆ، بەبێ زیانی گیانی لەلایەن تیمەکانی بەرگریى شارستانییەوە کۆنترۆڵکرا.
پەیامنێرى کەناڵ8 لە شوێنى ڕووداوەکە:
- چەندین تیمی بەرگریی بەڕێوەبەرایەتیی شارستانیی سلێمانى لە کوژراندنەوەی ئاگرەکە بەشداربوون.
- بە بەکارهێنانی ئاو و خۆڵکردنە سەر ئەو سووتەمەنییەى کە ڕژابوو و گڕی گرتبوو، ئاگرەکە کوژێنرایەوە.
- لەو کۆگایانە بەنزین و غازی ئێڵ پی جی دابینکراوە بۆ بەشێکی زۆر لە بەنزینخانەکانی سلێمانی.
پێشتر لە شوێنی کەوتنەوەی ئاگرەکە شایەتحاڵێک بۆ کەناڵ8 باسی لەوەکرد، سەرەتا ئاگرەکە لە یەک کۆگادا کەوتووەتەوە و هەوڵدراوە بە ئامێری کوژراندنەوەی دەستی بکوژێندرێتەوە، بەڵام لە کۆنترۆڵ دەرچوو بوو.
ڕووداوى دیکە
لە ئەمساڵدا ئەمە سێیەم کۆگای سووتەمەنییە لە سلێمانی بسووتێت، سەختترینیان لە 18ـی ئابی 2026 بوو، کاتێک ئاگرێک لە کۆگایەکی سووتەمەنی تانجەرۆ کەوتەوە، کە 34 خەزانی گەورەی تێدابوو و بە قەبارەی سێ ملیۆن و 200 هەزار لیتر بەنزین.
بەهۆی ڕووداوەکەوە کرێکارێکی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان گیانی لەدەستدا و 20 کەسیش بریندار و تەنگەنەفەس بوون و زیان بە ماڵانی دەوروبەر گەیشت.
ئارام قەرەداغی
22 خولەک پێش ئێستا