بایراکتار: دەمانەوێت بۆریی نەوتی نێوان تورکیا و عێراق بە تەواوی توانایەوە کار بکات
محەمەد عەلی 7 کاتژمێر پێش ئێستا
پووختەی هەواڵەکە
- تورکیا: چالاکییەکانی گەڕان بەدوای نەوت و گازی سروشتیدا لەسەرانسەری وڵاتەکە لە وشکانی و دەریادا بەردەوامن.
- ئاڵپارسڵان بایراکتار دەڵێت، دەمانەوێت بۆریی نەوتی نێوان تورکیا و عێراق بە تەواوی توانایەوە کار بکات
ئاڵپارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا لە پەراوێزی هەفتەی وزەی ڕووسیا لە موسکۆ ڕایگەیاند، چالاکییەکانی گەڕان بەدوای نەوت و گازدا لە دەریادا و لەسەر زەوی بەردەوامن. ئاماژەی بەوەش کرد کە بەرهەمهێنانی نەوت لە گابار بەشێکی گرنگی ئەم کارانەیە و لە ئایندەیەکی نزیکدا مژدەی دۆزینەوەی نوێ لەو کێڵگەیە ڕادەگەیەنن.
وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا:
- بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لە کێڵگەی ساکاریا لە دەریای ڕەش تا ساڵی 2028 بۆ چوار هێندە زیاد دەکەن.
- کارکردنی بۆرییەکانی نەوت و گازی وەک تاناپ کە لە ئازەربایجانەوە بە تورکیادا بۆ ئەوروپا درێژ دەبێتەوە بەردەوامە.
- هێڵی باکو-تبلیسی-جەیهان و بۆریی نەوتی نێوان عێراق و تورکیا بە تەواوی تواناوە، سوودی گەورە بە وڵاتانی بەرهەمهێنەر و بەکاربەر دەگەیێنێت.
لەبارەی هاوکارییەکانیان لەگەڵ ڕووسیا لەبواری وزەدا، ئاڵپارسڵان بایراکتار ئاماژەی بەوەکرد کارەکانی یەکەم ڕیاکتۆری وێستگەی ئەتۆمی ئاککویو نزیکبوونەتەوە لە کۆتایی و لە چەند مانگی داهاتوودا دەست بە بەرهەمهێنانی کارەبا دەکات.
محەمەد عەلی
7 کاتژمێر پێش ئێستا