عەلى زەیدى: جیهانى ئیسلامى خاوەنى 70%ـى وزەیە
پووختەى هەواڵەکە
- عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیرانى عێراق دەڵێت، جیهانى ئیسلامى خاوەنى 70%ـى وزەیە.
- عەلى زەیدى: 400 ملیۆن موسڵمان بێکارن.
- عەلى زەیدى داواى یەکگرتوویى گوتار و هەڵوێستى ئیسلامى دەکات.
زەیدى لە میانى کۆبوونەوەى لەگەڵ شاندە بەشدارەکانى خوولى 52ـى کۆبوونەوەکانى ڕێکخراوى هاریکاریى ئیسلامى کە لە بەغداد بەڕێوەچوو، داوایکرد، هەوڵبدرێت بۆ بەهێزکردنى ڕایەڵەکانى پەیوەندى نێوان گەلانى جیهانى ئیسلامى، دووپاتیکردەوە لە گرنگیى هێز و یەکخستنى هەڵوێست و گوتارى ئیسلامى و پیشاندانى ناسنامەیەکى ڕاستەقیینەى ئیسلام لەبەرامبەر هەڕەشە و مەترسییەکانى سەر ئومەتی ئیسلامى، لە پێش هەموویانەوە ئەوەى ڕووبەڕووى غەززە بووەتەوە.
تەواوى قسەکانى زەیدى:
- جیهانى ئیسلامى خاوەنى سامانێکى مرۆیی و سرووشتییە و خاوەنى 70%ـى وزەیە.
- ڕێڕەوى ئاویی هەیە، بەڵام بەشێوەیەکى تەواوەتى وەبەرهێنانى تێدا نەکردووە.
- پێویستى بەوەیە سەکۆیەک هەبێت بۆ بەرهەمەکانى جیهانى ئیسلامى، بە گوێرەى بەرهەمى هەر وڵاتێک.
- پێویست دەکات ئاسایشى وڵاتانى ئیسلامى هاوبەش بێت.
- گرنگە هاریکارى لە بوارى بەرەنگاربوونەوەى ماددەى هۆشبەر، کە بەڵایەکە هەڕەشە لە گەنجان و کۆمەڵگەکانیان دەکات هەبێت.
- دەوروبەرى 400 ملیۆن موسڵمان بێکارن.
- پێویستى بە تەواوکارییە لە بوارى هێزى کار و بوارى ئاسایشى وزە.
- لە ڕێگەى بەستنەوەى تەواوەتى لە نێوان:
- تۆڕەکانى وزە، هێڵى ئاسن، هۆیەکانى گواستنەوە و پەیوەندیی دیجیتاڵى و بەدیهێنانى تەواوکارى لە نێوان ناوچە پیشەسازییەکان.
- ئەوەش ئەو دەستپێشخەریەیە کە عێراق لە دەستپێکى کارەکانى ئەنجوومەنەکە لە بەغداد ڕایگەیاند.
خولی 52یەمی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەرەوەی ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی (OIC)، لە ڕۆژانی 17 و 18ی تشرینی یەکەمی 2026 لە شاری بەغدادی پایتەختی عێراق بەڕێوەچوو. ئەمە یەکەمین جارە لە دوای 45 ساڵ (لە ساڵی 1981ەوە)، عێراق میوانداریی ئەم کۆبوونەوەیە دەکات.
کۆبوونەوەکە لە ژێر دروشمی "دیالۆگ و هاوسۆزی: دوو کۆڵەکەی سەرەکین بۆ بەهێزکردنی ئاشتی و گەشەپێدانی بەردەوام" بەڕێوەچوو، کە تیایدا نوێنەرانی 57 وڵاتی ئەندام و چاودێر، لەگەڵ جێگری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و نوێنەرانی زیاتر لە 40 ڕێکخراوی ناحکومی بەشدار بوون.
2 کاتژمێر پێش ئێستا