وەزارەتی گواستنەوەی عێراق: جووڵەی گەشتی بازرگانیی ترانزێت لە عێراق زیادیکردووە
کیژان مەحمود 2 کاتژمێر پێش ئێستا
پووختەى هەواڵەکە
- جووڵەی بازرگانیی ترانزێت لە عێراق زیادیکردووە.
- لە مانگی نیسانی 2025ـەوە 10 هەزار گەشتی ترانزێت ئەنجامدراوە.
حسێن ئەحمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق، ڕایگەیاندووە، بەرزبوونەوەی گەشتی وشکانی لە ڕێگەی سنوورەکانەوە وەک بازدانێکە لە (سیستمی تیر) لە عێراق، پێگەی وڵاتەکەش پتەوتر دەکات لە چوارچێوەی گواستنەوە و بازرگانیی هەرێمی و نێودەوڵەتی.
پەرەپێدان لە سیستمى تیر
- ئەمساڵ سیستمەکە پەرەپێدانی بەخۆیەوە بینیوە.
- بەهۆی ئەوەی بارەکان کە هەڵگری تابلۆی عێراقی بوون، چوونەتە وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست و تورکیا.
- دواتر ئۆتۆمبێلێکیان، باری لە شاری ماردینی تورکیاوە هێناوە و لە خاکی عێراقەوە ڕوویکردووەتە ئوردن.
- لە نیسانی 2025ـەوە بەهۆی سیستمی تەیر، تاوەکو مانگی تشرینی یەکەم 10 هەزار گەشتی ترانزێت لە خاکی عێراقەوە ئەنجامدراوە.
- عێراق خاڵی بەیەکەوەبەستنی بازاڕەکانی ئەورووپا و تورکیایە بە وڵاتانی کەنداو و ئوردنەوە.
- زیادبوونی گەشتەکان بەهۆی ژمارەیەک ئاسانکارییە بۆ ڕێکارەکانی گواستنەوە و پەیڕەوی سیستمی چاودێری.
سیستمی تیر (TIR) کورتکراوەی (Transports International aux Rou tiers) یان "گواستنەوەی نێودەوڵەتی ڕێگاوبان"، سیستەمێکی گومرگیی نێودەوڵەتییە بۆ ترانزێت و گواستنەوەی کاڵا لە نێوان وڵاتاندا بە شێوەیەکی پارێزراو و خێرا. عێراق دوای چەندین ساڵ دابڕان، بە فەرمی لە سەرەتای مانگی نیسانی 2025ەوە ئەم سیستەمەی خستە بواری جێبەجێکردنەوە.
کیژان مەحمود
2 کاتژمێر پێش ئێستا