پێشكەوتووترین نەخۆشخانەی ددان لە سلێمانی كرایەوە
پووختەى هەواڵەکە
- لەلایەن سەرمایەدارێکەوە دروستکراوە و وەک نەخۆشخانەیەکى گشتى دەخرێتە خزمەتەوە.
- سەرجەم خزمەتگوزارییەکانى بەبێ بەرامبەر دابیندەکرێن.
- منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت لەوێ چارەسەر دەکرێن.
نەخۆشخانەیەکی پێشکەوتووی ددان لە کەرتی تەندروستیی حکومى لە سلێمانی کرایەوە، کە لە باشترینەکانی هەرێمى کوردستان و عێراق دەبێت و خزمەتگوزارییەکانی ددان پێشکەش بە منداڵان و پێگەیشتووان دەکات.
زانیاریى لەبارەى نەخۆشخانەکەوە:
- ناوى نەخۆشخانەکە فایەق حاجی عەلییە.
- لەسەر ئەرك و لەلایەن سامان حاجی فایەق بەڕێوەبەری جێبەجێكاری گروپی كۆمپانیاكانی فایەقەوە دروستكراوە.
- وەك نەخۆشخانەیەكی گشتیی حكومی ڕادەستی تەندروستیی سلێمانی كرا.
- پێشکەوتووترین پێداویستییەکانی پشکنین و چارەسەر بۆ ددانی منداڵان و پێگەیشتووان دابینکراون.
- گرنگییەکی تایبەت بە منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت دەدرێت، وەکو منداڵانی داون، فرەجووڵەیی و بیرکۆڵی.
- ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و بەرپرسانى حکومى کرایەوە.
سەبارەت بە هەنگاوە خێرخوازییەکانی سامان فایەق، بۆ خزمەتی شاری سلێمانی و هەرێمی کوردستان، یادگار فایەق لە گوتەیەکدا ڕایگەیاند، ئەم نەخۆشخانەیە جگە لە خزمەتکردنی منداڵانی توشبووی ئۆتیزم و خاوەن پێداویستیی تایبەت بەبێ بەرامبەر، ناوەندێکی توێژینەوە و فێرکاری و هۆڵی سەردەمییانە لەخۆ دەگرێت بۆ خزمەتی خوێندکارانی بواری پزیشکیی ددان.
ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ خزمەتی کەرتی پەروەردە و خوێندن لە کوردستان، سامان فایەق بە هەماهەنگی لەگەڵ نووسینگەی قوباد تاڵەبانی دەستیکردوە بۆ دروستکردنی 18 قوتابخانەی مۆدێرن لە سنوری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین.
هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، لە ڕێوڕەسمى کردنەوەى نەخۆشخانەکەدا سوپاسى سامان حاجی فایەق كرد کە لە بوارى خزمەتگوزارییدا پشتیوانى دامەزراوەكانی حكومەتی خۆجێیی سلێمانی کردووە.
3 کاتژمێر پێش ئێستا