ئارسیناڵ بە قسەی ئارتێتا 50 کارمەند بەڕێدەکات
لە ناو یانەی ئارسیناڵ دۆخی کارمەندان سەختە، لە سترێس و دڵەوراوکێدا دەژین، لەبەر ئەوەی بە کارمەندەکانیان گوتوە کە ناچارین بەڕێتان بکەین یان دەرتان بکەین، بەشێک لە میدیاکان دەڵێن، لەوانەیە ئەو کارمەندانەی کە ئارسیناڵ دەریان دەکات، سکاڵا بکەن بە بیانووی ئەوەی کە ژینگەی یانەکە لە ڕووی دەروونیەوە گونجاو نەبووە بۆ کارمەندان.
هەڵمەتی دەرکردنی کارمەندان
سەرەڕای سەرکەوتوویی و ئەنجامی باش و بەدەستهێنانی نازناوی پرێمەرلیگ لە وەرز ڕابردوودا، بەڵام یانەی ئارسیناڵی بە کارمەندەکانی راگەیاندووە کە پلان بۆ کەمکردنەوەی کارمەندان و دەرکردنی کارمەند دادەڕێژن. یانەکە ئاشکرای کردووە کە ئامانجیان کەمکردنەوەی 60 پۆست و هەلی کارە لە چەندین بەشی جیاوازی ناو یانەکەدا، ئەمەش نیگەرانی و پرسیاری زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە.
سەبارەت بەو بەشانەی کە ئەم بڕیارە نەیانگرتووەتەوە، یانەکە پشتڕاستی کردووەتەوە کە ڕاهێنەران، ستافی پشتبەستنی کارایی یانە بۆ هەردوو تیپی پیاوان و ژنان، ئەکادیمیا، خزمەتگوزارییەکانی کۆمەڵگە، دامەزراوەی ئارسیناڵ، کارمەندانی ئاسایش و ئەو کارمەندانەی بۆ تیمی ژنان تەرخان کراون، بەبێ گۆڕانکاری و بە پارێزراوی دەمێننەوە.
لە ئێستادا پرۆسەی راوێژکاری و وتووێژ بەڕێوەدەچێت و پێدەچێت بڕیارەکە هێشتا گۆڕانکاری بەسەردا بێت.
ئەم هەواڵە کتوپڕە لە کاتێکدا بڵاو دەبێتەوە کە ئارسیناڵ لە مانگی شوباتی ڕابردوودا ئەنجامێکی دارایی سەرنجڕاکێشی راگەیاند، کە تێیدا داهاتی گشتی بۆ ساڵی 2024-2025 گەیشتە ئاستێکی بەرز و بڕی 691 ملیۆن پاوەندی تۆمار کرد و زیانەکانی کەمکردەوە بۆ تەنها 1.4 ملیۆن پاوەند.
گەورەترین بەرزبوونەوەی داهات پەیوەندی بە گرێبەستە بازرگانییەکانەوە هەبوو که گەیشتە 263.2 ملیۆن پاوەند، لەوانەش فرۆشتنی مافی ناونانی ناوەندی مەشق و ڕاهێنانیان بە کۆمپانیای سۆبها ریڵتی.
بۆچی ئارتێتا بەرپرسیارە؟
ئەمە پەیوەندی چییە بە ئارتێتاوە؟ دەڵێن دوای ئەوەی ئارتێتا گرێبەستی نوێکردووەتەوە، یانەکە ئەم بڕیارەی داوە، لە کاتێکا یانەکە پارەی هەیە بۆ ئارتێتا کە بەهۆی ئەم گرێبەستەوە بووە پڕداهاتترین ڕاهێنەر لە خولی نایابی ئینگلیزیدا، بەڵام پارەیان نییە بۆ بەشێک لە کارمەندەکانیان.
شایەنی باسە لە مانگی ئابی ساڵی 2020یشدا، لە سەردەمی پەتای کۆرۆنادا، ئارسیناڵ 55 کارمەندی دەرکردبوو کە ئەمەش ناڕەزایەتی توندی هاندەرانی لێکەوتەوە، و ئارتێتا لەو کاتەدا بەرگری لەو بڕیارانە کردبوو، جا بۆیە دەڵێن ئێستا ئەمجارەش ئەم بڕیارە ئارتێتای لە پشتە.
1 کاتژمێر پێش ئێستا