گرانى؛ ئەورووپا دەهەژێنێت
پووختەى ڕاپۆرتەکە:
- لە چەندین وڵات ناڕەزایەتى توند سەریهەڵداوە و لە فەرەنسا فراوانترە.
- گرانى، تێچووى ژیان و کرێ خانوو خاڵى هاوبەشى ناڕەزایەتییەکانە.
- حکومەتەکان لە ژێر فشاردان و داواى دەستلەکارکێشانەوەش بەرزبووەتەوە.
شەپۆلێکی بەرفراوانی ناڕەزایەتی سەرجەم شەقامەکانی ئەورووپای گرتووەتەوە، لە چەندین وڵاتدا هاوڵاتییان و چین و توێژە جیاوازەکان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیی بەرامبەر بە بەرزبوونەوەی بەرچاوی تێچووی ژیان، قەیرانی خانووبەرە، پاشەکشەی خزمەتگوزارییەکانی کەرتی گشتی، چوونەتە سەر شەقامەکان.
ئەم شەپۆلە گەورەیەی ناڕەزایەتی کە وڵاتانی بەلجیکا، فەرەنسا، ئیسپانیا، ئیتاڵیا، ئەلبانیا و پورتوگالی گرتووەتەوە، فشارێکی زوری خستووەتە سەر حکومەتەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری خێرا بۆ قەیرانە دارایی و کۆمەڵایەتییەکان.
فەرەنسا
لە فەرەنسا، خۆپیشاندانەکان گەیشتوونەتە ئاستێکی بێوێنە و هەر پریشکی خۆپیشاندانەکانی فەڕەنسایە پەڕیوەتەوە بۆ وڵاتانی دیکەی ئەورووپا.
سەندیکاکانی کرێکاران، جووتیاران، مامۆستایان، خوێندکاران و بزووتنەوەی هێلەک زەردەکان بە لێشاو ڕژاونەتە سەر شەقامەکان، تەڕ و وشک پێکەوە دەسووتێنن، هەرچی دەبینن پەلاماری دەدەن و تێکی دەشکێنن، دەست لە براند و فرۆشگا و مۆڵ و کۆمپانیاکانیش ناپارێزن.
دوایین ئامارە فەرمییەکان لەبارەى فەرەنساوە:
- وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا: زیاتر لە دوو هەزار خۆپیشاندەر دەستگیرکراون.
- وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا: 600 پۆلیس و کارمەندی فریاگوزاری بریندار بوون.
- نوێنەرانی کەرتی بازرگانی: نزیکەی هەزار و 500 دوکان و فرۆشیار زیانیان بەرکەوتووە.
- توندوتیژییەکان لە شارەکانی وەکو پاریس، مارسیلیا، لیۆن و بۆردۆ دوای چوار هەفتە لە خۆپیشاندانی قوتابیان دێت بەهۆی خراپیی بارودۆخی پۆلەکانی خوێندن و کەمی مامۆستاوە.
- لە رووداوێکی دیکەشدا، خۆپیشاندەران لە شاری لیمۆژ لە ڕۆژئاوای وڵات، ئاگریان لە باڵەخانەیەک بەردا کە مێژووەکەی بۆ ساڵی 1883 دەگەڕایەوە و تەمەنی 143 ساڵ بوو، بە تەواوی سووتا و پایەکانی ڕووخان.

ئیتاڵیا
لە شاری میلانۆ، کە پایتەختی دارایی و فاشنی ئیتاڵیایە، ڕێپێوانێکی ئاشتیانەی دژی جەنگ و بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان گۆڕا بۆ گرژی و پێکدادان.
پۆلیس بۆ بڵاوەپێکردنی ئەو خۆپیشاندەرانەی کە بەرد و کەرەستەی دیکەیان دەهاویشت و بەربەستیان دروستکردبوو، پەنای بردە بەر گازی فرمێسکڕێژ.
خۆپیشاندانەکەى ئیتالیا:
- دوو پۆلیس بریندار بوون و نزیکەی 50 خۆپیشاندەر دەستبەسەر کران.
- لە شاری تورینۆش کە خەڵک دژی گرانبوونی بژێوی ناڕەزایەتییان دەربڕدەبڕی، گرژی و ئاڵۆزی ڕووی دا و خۆپیشاندەران چوونە ناو کتێبخانەیەکەوە و دەیان کتێبیان فڕێ دایە سەر زەوی.
بەلجیکا
قوتابیانی ئامادەیی و زانکۆکان لە بەلجیکا لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بەردەوام بوون لە خۆپیشاندان دژی کەمیی مامۆستایان، لاوازی ژێرخان و بەرزبوونەوەی کرێی تۆمارکردن لە زانکۆ.
لە برۆکسلی پایتەخت و شاری لیژ، پۆلیس تۆپی ئاوی و گازی فرمێسکڕێژی بەکارهێنا بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران.
میدیاکانی بەلجیکا:
- تەنیا لە شاری لیژ 45 کەس دەستگیر کراون.
- 12یان تەمەنیان لە خوار تەمەنی یاساییەوە بووە.
پورتوگال
لە لیسبۆنی پایتەختی پورتوگال، بە دەیان هەزار کەس دژی قەیرانی تێچووی ژیان، مووچەی کەم و نەبوونی دەرفەتی خانووبەرە ڕێپێوانیان کرد. نرخی خانووبەرە لە پۆرتوگال لە ساڵی 2017ـەوە زیاتر لە دوو هێندە بەرزبووەتەوە.
ئەلبانیا
شاری تیرانای پایتەختی ئەلبانیاش بۆ چەندین ڕۆژە شاهیدی خۆپیشاندانی بەرفراوانە و بەشداربووان داوای دەستلەکارکێشانەوەی ئیدی ڕاما، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە دەکەن.
لە خۆپیشاندانەکاندا کە توندوتیژییان تێکەوت و پۆلیس بۆ یەکەمجار فیشەکی پلاستیکی بەکارهێنا، 35 کەس بریندار بوون و چەندین باڵەخانەی فەرمی وەک دادگا و بانکەکان ئاگریان تێبەردرا و زیانیان بەرکەوت.
ئیسپانیا

لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا، هەزاران کەس دژی قەیرانی خانووبەرە ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و داوای دابەزاندنی نرخ و پاڵپشتی زیاتری کرێچییەکان دەکەن.
ئەم خۆپیشاندانانە دوای ئەوە پەرەیانسەند کە ژنێکی تەمەن 87 ساڵ بەهۆی نەتوانینی دابینکردنی کرێی خانووەکەیەوە دوای 70 ساڵ دەرکرا و دواتریش کۆچی دوایی کرد. خۆپیشاندەران داوای دەستلەکارکێشانەوەی پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەش دەکەن.
چاودێران پێشبینی دەکەن ئەم شەپۆلە ناڕەزایەتییە تەنیا بەم وڵاتانەوە سنووردار نەمێنێتەوە، چونکە لە ئێستادا ئاماژەکانی سەرەتایی بزووتنەوەی هاوشێوە لە وڵاتانی یۆنان، ئەڵمانیا و نەمسا سەریان هەڵداوە و چاوەڕوان دەکرێت لە هەفتەکانی داهاتوودا بە فراوانتر دەستپێبکەن.
زانیاریى زیاتر بۆ تۆ:
1 کاتژمێر پێش ئێستا