نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە چارەسەری ددانی منداڵانی ئۆتیزم و داون لە سلێمانی کرایەوە

ئامێز عەباس 1 کاتژمێر پێش ئێستا

پووختەی هەواڵەکە

  • نەخۆشخانەیەکی  تایبەت بە چارەسەری ددانی منداڵانی ئۆتیزم  بە سلێمانی کرایەوە  کە لە لایەن سەرمایەدارێکەوە دروستکراوە.
  • نەخۆشخانەکە بە تەواویی پێداویستییە پزیشکییەکانەوە پێشکەشی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی شارەکە کراوە.

دکتۆر دەشتی ئەحمەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە (نەخۆشخانەی فایەق حاجی عەلی) لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵ8 ڕایگەیاند،  ئەم پڕۆژە تەندروستییە کە تایبەت بە چارەسەرکردنی نەخۆشییەکان ددان لەسەر ئەرکی سەرمایەدار، سامان فایەق حاجی عەلی دروستکراوە و پێشکەش بە کەرتی گشتی کراوە.


بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە:

  • نەخۆشخانەکە لە دوو نهۆم پێکهاتووە.
  • نهۆمی یەکەم بە تەواوی تایبەت کراوە بە منداڵان.
  •  بەتایبەتی ئەو منداڵانەی کە خاوەن پێداویستی تایبەتن وەک تووشبووانی ئۆتیزم، شەلەل دەماخ و کۆنیشانی داون.
  • چارەسەرکردنی ئەم منداڵانە لە ڕێگەی ژوورێکی تایبەت و بە بەکارهێنانی بێهۆشکاری یان گازی ئارامکەرەوە دەبێت.
  • نەخۆشخانەکە هاوکارێکی گەورە دەبێت بۆ کەمکردنەوەی باری سەرشانی ئەو خێزانانەی پێشتر گرفتی گەورەیان لەم ڕووەوە هەبووە.
  • نهۆمی دووەم، لە چەندین کلینیکی پسپۆڕیی ددان پێکهاتووە، لەوانە، چاندنی ددان، ڕاستکردنەوە، جوانکاری ددان.
  • نەخۆشخانەکە بەشەکانی تاقیگە و پشکنینی خوێنیش لەخۆ دەگرێت.

هاوکات، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دوای کردنەوەی نەخۆشخانەکە لە پەیامێکدا، سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەی سامان حاجی فایەق کرد بۆ بنیاتنانی ئەم نەخۆشخانەیە و پێشکەشکردنی بە کەرتی گشتی.

جێگری سەرۆکوەزیران گوتیشی، دەستخۆشیان لێ دەکەم کە بڕیاریان داوە 18 خوێندنگە لە سنووری پارێزگای سلێمانی دروست بکەن و پێشکەشی کەرتی گشتی بکەن. گوتیشی، "پەرۆشی و خەمخۆری کاک سامان و هەموو ئەو وەبەرهێن و سەرمایەدارانەی دیکە بۆ گەشەپێدان و پێشخستنی وڵاتەکەمان جێگەی ڕێز و پێزانینە و شانازییان پێوەدەکەین".

ئامێز عەباس

1 کاتژمێر پێش ئێستا