کەرتی گەشتیاری لە تورکیا بەدەست بەرزیی هەڵاوسانەوە دەناڵێنێت
پووختەی هەواڵەکە
- تورکیا کە یەکێکە لەو وڵاتانەی ساڵانە زۆرترین گەشتیار لە وڵاتانی جیهانەوە ڕووی تێدەکەن.
- بەهۆی هەڵاوسانی بەرزەوە ژمارەی سەردانیکەران و گەشتیاران کەمیکردووە.
- ئەو کەسانەی لە کەرتی گەشتیارییدا کاردەکەن، جگە لە زیادکردنی قازانج لە ساڵی ئایندەدا، چاویان لە هیچ شتێکی دیکە نییە.
هەزاران کۆمپانیای گەشتیاری تورکیا کە بەهۆی هەڵاوسانی بەرزی 30% تێچووەکانیان لە هەریەک لەڕووەکانی خۆراک، کارمەندان و وزە، بەشێوەیەکی بەرچاو و زەبەلاح زیادیکردووە، هیوا دەخوازن لە ساڵی نوێدا بتوانن قازانج بکەن.
بە گوتەی ئەو کەسانەی لە کەرتەکەدا کاردەکەن:
- تەنانەت ئەگەر تاوەکو کۆتایی 2026 بتوانن بگەنە ئاستی ژمارەی دیارییکراوی گەشتیاران بۆ ئەمساڵ، بەڵام هێشتا قازانجی هۆتێلەکان، میوانخانە و چێشتخانەکان ناتوانێت لەبەرامبەر ڕێژەی بەرزی هەڵاوساندا خۆی بگرێت و دەتوێتەوە.
- هەربۆیە کەرتی گەشتیاری لە تورکیا لە 2027دا لەجیاتی ئەوەی سەرنج بخاتە سەر ژمارەی گەشتیاران، تواناکانی لەسەر زیادکردنی قازانج چڕدەکاتەوە.
- بەگوێرەی ئەو داتایەی لەلایەن مەهمەت نوری ئەرسۆی، وەزیری کولتوور و گەشتیاریی تورکیاوە ڕاگەیێندراوە، تورکیا لە 2025دا پێشوازی لە 64 ملیۆن سەردانیکەری بیانی کردووە.
- وداهاتی گەشتیاریش لە 2025 گەیشتووەتە 65.2 ملیار دۆلار.
- تورکیا بەم ژمارانە، لە ساڵی 2017ـەوە لە ڕووی ژمارەی گەشتیارانەوە لە پلەی هەشتەمی جیهانەوە بۆ پلەی چوارەم سەرکەوتووە و لە ڕووی داهاتی گەشتیاریشەوە لە پلەی 15ەوە بۆ پلەی حەوت سەرکەوتووە.
- ئامانجی حکومەتی تورکیا لە کەرتی گەشتیارییدا بۆ ساڵی 2026 کە لە سەرەتای ساڵەوە دانرابوو، بریتی بوو لە 68 ملیار دۆلار داهات و نزیکەی 65 ملیۆن گەشتیار.
بە گوتەی موبەڕا ئەرەسین، سەرۆکی یەکێتیی خاوەن هۆتێلەکانی تورکیا ساڵی 2026 لەڕووی جووڵەی گەشتیارییەوە ساڵێكی سەخت بووە بۆ وڵاتەکە.
سەرۆکی یەکێتیی خاوەن هۆتێلەکانی تورکیا:
- هۆکارەکانی سستیی جووڵەی گەشتیاریی لە تورکیا بۆ جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا لەلایەک و جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لەلایەکی دیکە دەگەڕێنێتەوە .
- جەنگ بووەتەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ سەرووی 100 دۆلار لە ئەنجامی داخستنی گەرووی هورمز.
- سەرەڕای ئەوەی ڕێژەی پڕبوونی هۆتێلەکان باشە، بەڵام کێشەی داهات و قازانجی کۆمپانیا گەشتیارییەکان بەردەوامە، ئەمەش بۆ بەردەوامیی گوشار لەسەر نرخی دراوی بیانی وەک دۆلار و یۆرۆ و هەڵاوسان لە بازاڕدا دەگەڕێنێتەوە.
- بەگوێرەی کۆتا داتای وەزارەتی کولتوور و گەشتیاریی، ژمارەی ئەو بیانییانەی لە مانگی ئابی 2026دا سەردانی تورکیایان کردووە بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی ڕابردوو، 3% کەمیکردووە و بووەتە شەش ملیۆن و 963 هەزار و 65 کەس.
- هاوکات لە هەشت مانگی یەکەمی ساڵی 2026دا، ژمارەی گەشتیارە بیانییەکان بەڕێژەی 1.84% دابەزیوە و بووەتە 34 ملیۆن و 826 هەزار و 677 کەس، ئەم ژمارەیە نزمترین ژمارەی ساڵانەی گەشتیارانە کە لە دوو ساڵی ڕابردوودا تۆمارکراوە.
وێبسایتە ئۆنلاینەکان کار ناکەن
یەکێکی دیکە کارنەکردنی ژمارەیەک لە وێبسایتەکانی تایبەت بە گرتنی هۆتێل و شوێنی مانەوەیە لە تورکیا و ماوەی نۆ ساڵە هۆتێل گرتن لە وێبسایتی بۆکینگ لە ناوخۆی تورکیاوە ڕێگری لێ دەکرێت و وێبسایتەکانی دیکەی وەک ئێربی ئێن بی و ئێکسپیدیا مەرجی جۆراوجۆریان بۆ دانراوە بۆ کارکردن.
بەمدواییانە لەڕێگەی پێشنیازەیاسایەکەوە هەوڵدەدرێت کارکردنی ئەو وێبسایتانە ڕێکبخرێتەوە و ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر کەرتی گەشتیاریی لە تورکیا دەبێت.
زانیاریی زیاتر بۆ تۆ
1 کاتژمێر پێش ئێستا