پیتەکانى دەستى گوڵزار تەنیا هێڵ نین؛ شۆڕشێکن دژ بە ساڵانێک لە بێدەنگی

دانیار فاروق 1 کاتژمێر پێش ئێستا

پووختەى ڕاپۆرتەکە

  • گوڵزار ژنێکى دانیشتوى گوندى تەوەکەڵە لە شارەدێى ئاغجەلەر لە شارۆچکەى چەمچەماڵ.
  • تەمەنى گوڵزار گەیشتووەتە 65 ساڵ.
  • بۆ یەکەمجار لە ژیانیدا هەوڵدەدات خوێندنەوە و نووسین فێرببێت.

کاتێک تەمەنی گەیشتووەتە شەست و پێنج خەزان، لە پۆلێکی گوندەکەیدا ژنێک بە ناوی گوڵزار، مێژوویەکی نوێ بۆ سپێتی کاغەزەکان دەنووسێتەوە، دەیسەلمێنێت کە مۆمی فێربوون لە هیچ کڕێوە و زریانێکی تەمەندا خامۆش نابێت.


شۆڕشێک دژ بە ساڵانێک بێدەنگى

  • تەنیا دەنگی پۆلێک نییە بەڵکو ترپەی لێدانی دڵێکە.
  • دوای نیو سەدە بە بێدەنگی زمان دەگرێت.
  • بە دەنگی گەرمی مامۆستا و خشپەی ناسکی قەڵەم.
  • هەر وانەیەک دەکەنە سەفەرێک بۆ ناو دونیای نوسین و خوێندنەوە.
  • گوڵزارى تەمەن 65 ساڵە بۆ یەکەمجارە خەتی پێنووسەکەی خستۆتەکار.
  • ئەو ناو و وشانەی ساڵانێک بوو تەنیا لە سنگیدا دەنگیان دەدایەوە، ئێستا لەسەر کاغەز ڕەگ دادەکوتن.
  • ڕێگەی گوڵزار هێشتا درێژە، ئەو لە قۆناغی دووەمی ئەم سەفەرەدایە.
  • ئەو ڕۆژەی پێنووسەکەی هێناو ناوی خۆی نووسی.
  • تەنیا ناوێکی نەنووسی بەڵکو دەرگایەکی گەورەی بەڕووی ڕووناکیدا واڵاکرد.
  • گۆڕانکارییە مەزنەکانی ژیان، هەمیشە بە وشەیەکی سادە دەست پێ دەکەن.
  • وشەیەک کە مرۆڤ خۆی دەینووسێت، خۆی دەیخوێنێتەوە و خۆی دەبێتە خاوەنی.
  • ماوەی پێنج مانگە گوڵزار ئێواران پێش خۆرئاوابوون خۆى بۆ ڕۆژێکی نوێ ئامادە دەکات.
  • ئامادەکارییەکانى گوڵزار بۆ بڕوانامە نیە، بەڵکو بۆ ڕزگاربوونە لە کۆت و بەندەکانی نەخوێندەواری.

ئەم کارە ڕێکخراوی هاواری گەڵا بە هاوکاری ڕێکخراوى وادی ئەڵمانی لە گوندەکانی سنوری شارەدێى ئاغجەلەر درێژەی پێدەدەن.

ئەم ژنانە بە خوێندنی کوردی و بیرکاری دەرگاکانی فێربوون بەڕووی خۆیاندا واڵادەکەن، لێرەوە بەرەو جیهانە فراوانەکەی دیکە کە فێربوونی زانست و زانیاریی و خوێندنەوەی بەردەوامە درێژە بەو کاروانە دەدەن کە ئێستا لە سەرەتای رێگاکەدان.

دانیار فاروق

1 کاتژمێر پێش ئێستا