حکومەتى عێراق: ناکرێت کارى ڕۆژنامەوانى بۆ هاندانى توندوتیژى بەکاربهێنرێت

شۆڕش محەمەد 2 کاتژمێر پێش ئێستا
لۆگۆى حکومەتى عێراق.
لۆگۆى حکومەتى عێراق.

پووختەى هەواڵەکە

  • حکومەتى عێراق گشتاندنێکى بۆ سەرجەم دامەزراوە میدیاییەکان کرد.
  • حکومەتى عێراق: ناکرێت کارى ڕۆژنامەوانى بۆ هاندانى توندوتیژى بەکاربهێنرێت.
  • حکومەتى عێراق: ڕێگە نادرێت بەربەست بۆ بڕیارەکانى حکومەت دروست بکرێت.

نووسینگەى ڕۆژنامەوانیى سەرۆکوەزیرانى عێراق ڕاگەیێنراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بەوە دەکات، حکومەت جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئازادى بیروڕا و کارى ڕۆژنامەوانى لە یاسا و دەستووردا گرەنتى کراوە و لە چوارچێوەى یاسا و ڕێزگرتن لە سیستمى گشتى و مافى هاوڵاتییان کارى خۆیان دەکەن.


ناوەڕۆکى بڕیارەکەى حکومەتى عێراق

  • حکومەتى عێراق سەرجەم دامەزراوە میدیاییەکان پابەند دەکات بە جێبەجێکردنى یاسا.
  • حکومەت هەڵدەستێت بە جوڵاندنى سکاڵاى یاسایى دژى هەموو ئەو کەسانەى بەربەست دروستدەکەن بۆ بڕیارەکانى دەوڵەت لە بارەى کۆکردنەوەى چەک.
  • ناکرێت ئازادى بیروڕا و کارى ڕۆژنامەوانى وەک هۆکارێک بۆ هاندان لەسەر توندوتیژى و شەڕى ناوخۆیى بەکاربهێنرێت.
  • پشتیوانیکردن لە چەک لە دەرەوەى چوارچێوەى دەوڵەت یاخود وەک پاڵپشتیکردن لە گرووپەکانى دەرەوەى یاسا، بەکاربهێنرێت.
  • لەم ڕوانگەیەوە و بۆ پارێزگاریکردن لە ئاشتى کۆمەڵایەتى و لە پێناوى ئەوەى دەوڵەت بە ئەرکە یاسایى و ئەخلاقییەکانى هەستێت.
  • سەرجەم دامەزراوەکانى ڕاسپاردووە یاسا جێبەجێ بکەن.
  • سکاڵاى یاسایى دژى هەر کەسێک تۆمار بکەن کە بەشدار و هاوکار دەبێت لە هاندانى ڕۆژنامەوانى و بەربەست دروستکردن بۆ بڕیارەکانى دەوڵەت لە بارەى کۆکردنەوەى چەک.
  • ئەم هەڵوێستەى حکومەت پشتبەستووە بە دەستوور و یاسا کارپێکراوەکان و یاساى ڕووبەڕووبوونەوەى تیرۆر.
  • حکومەت لەم ڕێڕەوە یاساییەوە بە ئەرکى خۆى هەڵدەسێت لە پارێزگاریکردن لە ئاشتى کۆمەڵایەتى و پاراستنى ئاسایش و سەقامگیریى ناوخۆیى.

ئەوە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ دەستەى ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانى عێراق، ڕێنماییەکى بۆ سەرجەم دەزگا میدیاییەکانى عێراق دەرکردووە و تیایدا داوایکردووە لێیان، پێویستە لە ماوەی 30 ڕۆژدا کە لە 15ـى تشرینى یەکەمى 2026ەوە دەستپێدەکات بۆ ئەوەی دەزگا بێ مۆڵەتەکان یان ئەوانەی ڕێکارەکانیان تەواو نەکردووە، دۆخی یاسایی خۆیان ڕێکبخەن.

هاوکات داوایکردووە، ئەگەر دەزگایەک لەو ماوەیەدا مۆڵەتەکەی نوێ نەکاتەوە یان ڕێکارەکان تەواو نەکات، بەگوێرەی لیستى سەرپێچییەکانی دەزگا میدیاییەکان ژمارە 28ـى ساڵی 2026، چالاکییەکانی لە ناوخۆی عێراق ڕادەگیرێت. هەروەها داوا لە کۆمپانیاکانی مانگە دەستکردەکان دەکرێت کە پەخشی کەناڵەکە ڕابگرن.

شۆڕش محەمەد

2 کاتژمێر پێش ئێستا