چیرۆکی مردنى باوک و کوڕێکی گوندێکی شنگال لە کاتژمێرێکدا
پووختەى هەواڵەکە:
- لە کۆمەڵگەی دۆهۆلا خێزانێک تووشى خەمێکى گەورە بوون.
- کوڕەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەواڵى مردنى باوکى زانى.
بەیانیی ئەمڕۆ، هەواڵی کۆچی دوایی هاونیشتمانیی (سەبری ڕەشۆ)، خەڵکی کۆمەڵگەی دۆهۆلا لە ڕۆژئاوای شنگال، بە کەسوکاری دەگات، کوڕەکەشی کە خوێندکاری زانکۆی تەلەعفەر بوو، بە بیستنی هەواڵەکە، دەستبەجێ بەڕێدەکەوێت بەرەو ماڵەوە، بەڵام لە ڕێگەی گەڕانەوەدا تووشی ڕووداوێکی هاتوچۆ دەبێت.
چیرۆکەکە لە زاری نووری موحسین برازای سەبرى ڕەشۆ بۆ کەناڵ8:
- خانەوادەی سەبری ڕەشۆی 65 ساڵ، لە گوندی دۆهۆلانی سەر بە شارۆچکەی شنگال نیشتەجێن.
- ئەم بەیانییە وەک هەموو ڕۆژێکی ئاسایی لەسەر مێزێکی سادە بۆ قاوەڵتی کۆبوونەوە.
- دوای نانخواردن، هەر کەسە و بەرەو کار و ئەرکی خۆی بەڕێکەوت.
- باوکە 65 ساڵەکە، کە پێشتر نەخۆشی غوددەی هەبوو، لەپڕ جەڵتەی مێشک لێی دەدات.
- ڕەوانەی نەخۆشخانەی سنونێ دەکرێت بۆ چارەسەر، بەڵام ماڵئاوایی لە ژیان دەکات.
چیرۆکە دڵتەزێنەکە لێرەدا کۆتایی نەیات
عیماد سەبرى 24 ساڵ، خوێندکاری قۆناغی چواری زانکۆی تەلەعفەر بوو، سەرباری خوێندنەکەی، لە دوکانێک کاری دەکرد تاوەکو یارمەتی خێزانەکەی بدات.
کاتێک سەیری مۆبایلەکەی دەکات، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵی کۆچی دوایی باوکی دەبیستێت، بەپەلە و بە دڵێکی شکاوەوە، بڕیاری گەڕانەوە دەدات تاوەکو بۆ کۆتا جار باوەش بە تەرمی باوکی دا بکات.
بەڵام لە کاتی گەڕانەوەیدا لە شارۆچکەی تەلەعفەر، لەگەڵ بارهەڵگرێک تووشی ڕووداوی هاتوچۆ دەبێت و ڕاستەوخۆ گیانلەدەست دەدات.
بەمەش کۆستەکە بۆ ئەو خێزانە ئەوەندەی دیکە گەورەتر دەبێت، لە یەک ڕۆژدا خانەوادەیەک دوو کۆڵەکەی گەورەی خۆی لەدەست دەدات. باوکێک کە تەمەنێکی بۆ خێزانەکەی بەخشی بوو، کوڕێکیش کە تەنیا یەک هەنگاوی مابوو زانکۆ تەواو بکات و ببێتە هیوای ماڵەوە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا