وڵاتان "نیگەرانییان" گەیاندووە؛ ڕیکلام بۆ ڤیزاى شنگن قەدەغە دەکرێت
جەبار حسین 1 کاتژمێر پێش ئێستا
پووختەى هەواڵەکە:
- وەزارەتى ناوخۆ بڕیاریداوە ڕێکار بەرامبەر کۆمپانیاکان بگرێتەبەر.
- نابێت ڕیکلام بۆ ڤیزاى شنگن و بەریتانیا بکەن.
- بەشێک لە وڵاتان نیگەرانى خۆیان گەیاندووەتە هەرێمى کوردستان.
هێمن میرانى، بەڕێوەبەرى گشتیی دیوانى وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى کاربەڕێکەرى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، هەر کۆمپانیا و نووسینگەیەک ڕیکلامی وەرگرتنی ڤیزای شنگن بکات ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
هێمن میرانى، لە کۆبوونەوەى لەگەڵ ژوان سابیر ئیسماعیل، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار:
- بەشێک لە کۆمپانیا و نووسینگەکانی گەشتیاری ماوەیەکە ڕیکلامی بێ بنەما بۆ وەرگرتنی ڤیزاى شنگن و بەریتانیا دەکەن.
- پارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانییان وەردەگرن و زیانی دارایی بە بەشێکیان گەیشتووە.
- ئۆفیس و کونسوڵخانەکانی وڵاتانی دۆستى لە هەرێمى کوردستان نیگەران کردووە.
- وەرگرتنی ڤیزا ڕێکاری یاسایی و کارگێڕی خۆی هەیە و تەنانەت کونسوڵخانەکان گرەنتی وەرگرتنی بە کەس نادەن.
- تەنیا بە ڕێگەی سیستمی فەرمیی ڤیزاى وڵاتان کە بە شێوەى ئۆنلاین کار دەکات، ڕێکارەکان جێبەجێ بکەن و دۆکیۆمێنتی پێویست پێشکەش بکەن.
ڕیکلامەکان بسڕنەوە
هێمن میرانى، داواشى لە نووسینگە، کۆمپانیاکانی گەشتیاری و فڕۆکەوانی و هەر جۆرە پلاتفۆرمێک کرد کە ڕیکلامی ڤیزاى شنگن، بەریتانیا، ئەمریکا و کەنەدا و وڵاتانی دیکە دەکەن، بەپەلە ڕیکلامەکانیان بسڕنەوە و چیتر ئەو بانگەشانە نەکەن.
ڤیزای شنگن، مۆڵەتێکی فەرمیی کورتماوەیە کە ڕێگە بە گەشتیاران دەدات بەبێ کۆسپ و بەبێ پشکنینی سنووری، گەشت بۆ ناوچەی شنگن بکەن کە زۆربەی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا و چەند وڵاتێکی دیکە دەگرێتەوە.
جەبار حسین
1 کاتژمێر پێش ئێستا